رووداو دیجیتاڵ
ئالان هێمن، ئەو گەنجەی کە لە تەکیەی سنووری چەمچەماڵ ئاو بردی و گرتەڤیدیۆی رزگارکردنەکەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی تەنی، چیرۆکەکەی بۆ رووداو دەگێڕێتەوە و دەڵێت، لافاوەکە هێندە بەهێز بوو، هەناسەم بڕا و چەند جارێک شایەتومانم هێنا.
رۆژی چوارشەممە، ئالان هێمن، کە دانیشتووی تەکیەی چەمچەماڵە، بە هیوا حوسامەدین، پەیامنێری رووداوی گوت، "کاتی لافاوەکە هاتمە دەرەوە لەماڵەوە و ویستم بچمە مارکێت، بەڵام لەناکاو ئاستی ئاوەکە زیادبوو و ئۆتۆمبێلەکەمی لەگەڵ خۆیدا برد."
ئالان گوتی، "لافاوەکە نزیکەی 2000 مەتر ئۆتۆمبێلەکەمی لەگەڵ خۆی برد و بەهۆیەوە گیرم خوارد."
ئەو گەنجە دەڵێت، "ئاوەکە کێشامی بە شۆستەی شەقامەکە و توانای هەناسەدانم نەمابوو، زیاتر لە جارێک شایەتومانم هێنا."
ئالان هێمن دوای ئەوەی خۆی بە ستوونێکی کارەبادا دەگرێتەوە بۆئەوەی لافاوەکە زیاتر نەیبات لەگەڵ خۆی، هاونیشتمانییەک بە شۆفڵەکەی دەگاتە فریای و لە ئاوەکە دەریدەهێنێت.
ئالان باسی لەوە کرد، دوای دەرهێنانەوەی لە ئاوەکە هاونیشتمانییەک بردوویەتییە ماڵی خۆی و جلەکانی بۆ گۆڕیوە و گەرمی کردووەتەوە.
لە رۆژی یەکشەممەوە شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین باشووری کوردستانی گرتەوە. بەگوێرەی ئاماری کەشناسیی هەرێمی کوردستان، تەنیا لە 24 کاژێری رابردوودا لە سنووری چەمچەماڵ 127.1 ملـلیمەتر باران باریوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ