تاقیکردنەوەکانی خولی یەکەم لە چەمچەماڵ دوادەخرێن

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تاقیکردنەوەکانی خولی یەکەمی قوتابییانی سنووری پەروەردەی چەمچەماڵ بۆ سەرەتای ساڵی داهاتوو دواخران. گوتەبێژی وەزارەتەکەش گوتی، "لە هەموو شوێنەکانی دیکە تاقیکردنەوە لە 15ـی کانوونی یەکەم و بەپێی ساڵنامەی خوێندن دەکرێت".
 
رۆژی چوارشەممە 10ـی کانوونی یەکەمی 2025، وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە رەچاوکردنی بەرژەوەندیی گشتیی مامۆستایان، قوتابییان و خانەوادەکانیان، وەزارەتەکە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانیی راسپاردووە تاقیکردنەوەی وەرزی یەکەمی ناوەندەکانی خوێندنی سنووری چەمچەماڵ بۆ سەرەتای مانگی یەکی ساڵی 2026 دوابخرێن.
 
سامان سیوەیلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی ئەوەی لە چەمچەماڵ بارودۆخێکی تایبەت هاتە پێشەوە، تەنیا لەوێ تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەم دواخران بۆ سەرەتای ساڵی داهاتوو، لە هەموو شوێنەکانی دیکە لە کاتی خۆی بەپێی ساڵنامەی خوێندن دەکرێت."
 
پار لە 4ـی کانوونی دووەمی 2025، تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەم دەستیانپێکرد. 12ـی ئەم مانگە ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە بە رووداوی گوت، "ئەم ساڵ 15ـی کانوونی یەکەم تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەم دەکرێن."
 
لە رۆژی یەکشەممەوە شەپۆلێکی بارانبارین باشووری کوردستانی گرتووەتەوە و بەهۆیەوە لە چەندین ناوچە لافاو دروستبووە.
 
لە چەمچەماڵ لە 24 کاژێردا 127 ملیمەتر باران باریوە و لافاوێکی گەورە دروستبووە. بەهۆیەوە زیانێکی زۆر بە ژێرخانی شارەکە کەوتووە و دوو کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
 
ئاوی لافاو چووەتە نێو چەندین قوتابخانە و بەشێکیان بەتەواوی بوونەتە قوڕ و لیتە.
 
یەکێک لە قوتابخانەکان بەهۆی ئاوی لافاوەوە، تەواوی دۆسیەکانی لەنێوچوون. هەروەها کتێبخانەی گشتیی شارەکەش چەندین سەرچاوەی دەگمەن و کۆنی لەنێوچوون.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چەند گۆڕەرێکی کارەبا لەو شوێنانە کێشەیان هەیە. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

کارەبای هەولێر دەڵێت، بەدواداچوون بۆ ئەو شوێنانە دەکەن کە کێشەیان هەیە

دانیشتووانی گوندی گەزنە و گەڕەکی 92ی زانکۆ لە هەولێر لە دۆخی کارەبا نیگەرانن. لە گەزنە بەهۆی "زێدەڕۆیی"ـەوە ڤۆڵتییە دابەزیوە و لە 92ی زانکۆش سێ رۆژە کارەبا نییە. بەڕێوەبەرانی دابەشکردنی کارەبا دەڵێن تیمەکانیان سەرقاڵی چارەسەرن.