رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی دێلوران لە پارێزگای ئیلام رایگەیاند، لە گوندێکی سنوورەکە بەهۆی برووسکەوە شوانێک گیانی لەدەستداوە. کەشناسیی ئێرانیش دەڵێت، شەپۆلی بەفر و باران لە ناوچەکە تاوەکو کۆتایی هەفتە بەردەوام دەبێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 10-12-2025، موراد یەگانە، قایمقامی دێلوران لە پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، رووداوەکە لە گوندی (چەم هێندی) روویداوە.
موراد یەگانە گوتی: "ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە تەمەنی 17 ساڵە و شوان بووە، لە کاتی بارانباریندا لە گوندی چەم هێندی لای ئاژەڵەکانی بووە و بروسکە لێیداوە."
لە درەنگی شەوی یەکشەممەوە شەپۆلێکی بارانبارین و لە شەوی سێشەممەشەوە بارینی بەفر پارێزگای ئیلامی گرتووەتەوە. بەپێی راپۆرتی کەشناسیی پارێزگاکە، زۆرترین رێژەی بارانبارین لە ئاودانان و کەمترینیش لە شاری مێران تۆمارکراوە.
بەپێی پێشبینیی کەشناسی، لە پارێزگای ئیلام بارینی بارانی بەخوڕ و لە هەندێک ناوچە بارینی بەفر تاوەکو شەوی چوارشەممە بەردەوام دەبێت؛ رۆژانی پێنجشەممە و هەینیش بەفر و باران بەشێوەی پچڕپچڕ دەبارێت.
سادق زیائییان، سەرۆکی ناوەندی پێشبینی لە رێکخراوی کەشناسیی ئێران رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت ئەم شەپۆلەی بارین تاوەکو یەکشەممە 14ـی مانگ لە ئێران بەردەوام بێت.
بەپێی پێشبینییەکە، لە رۆژی پێنجشەممەوە بارینی بەفر و باران لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کەم دەبێتەوە و شەپۆلەکە روو لە ناوچەکانی دیکە دەکات.
سەرۆکی ناوەندی پێشبینیی کەشناسیی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، شەپۆلەکە لە باکوور و رۆژئاوای ئێرانەوە دەچێتە باشوور و رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە و پێشبینی بارانبارین لە پارێزگاکانی فارس، بووشێهر، هورموزگان، کرمان، یەزد، سیستان و بەلوچستان و پارێزگاکانی خۆراسان دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ