تەکیەی کەسنەزانی: دەروێشەکان بە چەکەوە تەنیا ئاهەنگیان گێڕاوە

11-01-2024
هۆرڤان رەفعەت
دیمەنێکی تەکیەی کەسنەزانی لە سلێمانی لە دوورەوە.
دیمەنێکی تەکیەی کەسنەزانی لە سلێمانی لە دوورەوە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
شەوی رابردوو ڤیدیۆیەک لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی بڵاوکرایەوە، تێیدا ژمارەیەک دەروێش بە چەکەوە، سرووتی ئایینی دەڵێن و ئاهەنگ دەگێڕن. دیمەنەکان لەنێو تەکیەی تەریقەتی قادری کەسنەزانییە لە سلێمانی، جۆری نمایشەکە تا رادەیەک نامۆ بوو بە شارەکە.
 
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، ژمارەی هێزەکانی پاراستنی تەکیەی کەسنەزانی زیادکراون و لەسەر سەربانی تەکییەکەش چەکی مامناوەندی بیکەیسی و کڵاشینکۆف دانراون.
 
ئەمە هاوکاتە لەگەڵ گرفتێکی نێوان تەکیەی کەسنەزانی و شارەوانی سلێمانی. بەرپرسانی تەکییەکە رێگریی دەکەن لە تەواوکردنی پڕۆژەی ئەندەرپاسی بەختیاری کە بە بەردەم تەکییەکەدا دەڕوات.
 
سێ رۆژە کارەکانی بەشێک لە پڕۆژەکە راگیراون و شارەوانیش داوای لە داواکاری گشتی کردوە کە دەستێوەردان بکات بۆ چارەسەری کێشەکە.
 
لەبارەی کۆبوونەوە و ئاهەنگی دەروێشە چەکبەدەستەکانەوە، سەرکەوت خەلیفە محەممەد، بەرپرسی نووسینگەی شێخ نەهرۆ کەسنەزانی بە رووداوی گوت، "لەنێو تەکیەی کەسنەزانی مەراسیمێکی مەولوود هەبووە، ژمارەیەکی زۆر میوانمان هەبووە لە شارە جیاوازەکانی عێراقەوە، هەندێک لە میوانەکان چەکیان پێبووە، بەمەبەستی خۆشحاڵی دەربڕین چەکەکانیان بەرز کردووەتەوە و ئاهەنگیان گێڕاوە، بەڵام هیچ کەس تەقەی نەکردووە".
 
لەبارەی هۆکاری رێگرییەکەیان لە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکە گوتی، "کێشەی ئێمە گواستنەوەی دەرگەی سەرەکی تەکیە و داخستنی رێگەی هاتنە سەر دەرگەی سەرەکی و هەڵکەندنی بەشێکە لەنێو زەوییەکانی تەکیەی کەسنەزانی کە کاتی زۆری پێدەچێت و رێگەی سەردانیکارەکانمان دەگرێت، بۆیە داوامان کردووە دەرگەی سەرەکیمان بۆ بگوازنەوە و گەراجێکیشمان بۆ درووست بکرێت کە جێگای 1000 ئۆتۆمبێلی تێدا ببێتەوە".
 
لەلایەکی دیکە، توانا محەممەد، ئەندازیاری جێبەجێکاری پڕۆژەی ئەندەرپاسی بەختیاری دەڵێت، بەرپرسانی تەکیە گوتویانە تا کێشەکانیان بۆ چارەسەر نەکرێت نابێت دەست بەکار بکەنەوە.
 
توانا محەممەد گوتیشی، "کێشەی زۆر بۆ پڕۆژەکەمان درووست بووە، هەر لە هێڵی پەیوەندی و هێڵی کارەبا، ئەمانە هەمووی بە ماوەیەک چارەسەرکراون، بەڵام هێڵێکی ئاو هەیە کە لەتەنیشت دەرگەی تەکیەی کەسنەزانییەوە دەڕوات و دەبێت ئەوە هەڵبکەنرێت و 50 مەتر بخرێتە ژێر زەوییەوە بەڵام چەند کەسێک لە تەریقەتی کەسنەزانی رێگرییان لێکردووین". 
 
هاوکات، لەیلا عومەر، سەرۆکی شارەوانی سلێمانی بە رووداوی گوت، "داوای ئەوەیانکرد کە گەراجەکەیان بۆ تەخت و رێک بکەین و قیری بکەین بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێلەکانیان لەوێ رابگرن، بەڵام خەڵکانێک لە سیکیوریتییەکانی تەکییەکە داوایان لە کارمەندەکان کردووە کە زەوییەکە بدەین بە ئەوان و لەسەریان تاپۆ بکەین، ئێمە بەدواداچوونمان کردووە ئەسڵەن ئەو زەوییە هی شارەوانی نییە".
 
تەکیەی کەسنەزانی نیگەرانییەکانی دەگەڕێتەوە بۆ زۆری میوانیان کە دەڵێن پڕۆژەکە ئاستەنگی بۆ هاتووچۆی میوانەکانیان دروست کردووە، شارەوانی سلێمانیش دەڵێت، درەنگکەوتنی تەواوبوونی پڕۆژەکە ئاستەنگ بۆ هەموو کەس دروست دەکات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.