ئاوی هەولێر: بۆریی ئیفراز چاکدەکرێتەوە و ئەم ئێوارەیە ئاو بەردەدرێتەوە

6 کاژێر له‌مه‌وپێش
ژیڤان بەکر
ژیڤان بەکر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر رایدەگەیێنێت، تیمەکانیان لە قۆناخی کۆتایی چاککردنەوەی بۆریی شکاوی ئیفراز سێدان و "ئەم ئێوارەیە" دەست بە دابەشکردنی ئاو دەکرێتەوە.
 
رابەر حوسێن، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کاژێر 08:30ـی بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، بۆریی ئاوی ئیفراز سێ لە نزیک پڕۆژەکە و سەرچاوەی ئاوەکە شکا.
 
لەبارەی کاتی بەردانەوەی ئاو. رابەر حوسێن گوتی: "تیمەکانمان لە بەشی کۆتایی چاککردنەوەدان و دوای چاککردنەوەی بۆرییەکە، ئەم ئێوارەیە ئاو دەگاتەوە ماڵان و دابەشکردن دەستپێدەکاتەوە."
 
بەهۆی کۆنبوونی پڕۆژەکەوە، ئەو بۆرییە کە بەشێکی سەرەکیی هەولێر سوودی لێ دەبینێت ناوبەناو دەشکێت؛ دوایین جار شەوی 11ـی ئابی ساڵی رابردوو شکابوو.
 
پڕۆژەکانی ئیفراز لە هەولێر نیوەی ئاوی خاوێنی سنوورەکە دابین دەکەن. تەنیا پڕۆژەی ئاوی ئیفراز سێ سەرچاوەی سەرەکیی نزیکەی 40 گەڕەکی شاری هەولێرە، کە دەکاتە 40%ـی دانیشتووانی شارەکە.
 
جگە لە پڕۆژەکانی ئیفراز، هەولێر پشت بە ئاوی بیرەکان و پڕۆژەی ئاوی فریاگوزاریی هەولێر دەبەستێت کە 20ـی تەمموزی پار کرایەوە، بەڵام بەرپرسانی ئاو جەخت دەکەنەوە کە "دوای ئەو پڕۆژەیەش ئیفراز سێ هەر سەرچاوەی زۆرینەی گەڕەکەکانە."
 
شاری هەولێر سێ پڕۆژەی ئاوی ئیفرازی هەیە؛ ئیفراز یەک کە ساڵی 1967 دروستکراوە، ئیفراز دوو ساڵی 1982 و ئیفراز سێ ساڵی 2007 کەوتووەتە کار.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە