گومرگی عێراق: تاوەکو 2026 سەرجەم دەروازە سنوورییەکان دەچنە سیستمى ئەسیکۆدا جگە لە هەرێمى کوردستان

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرى گشتیى دەستەى گومرگى عێراق رایگەیاند، تاوەکو کۆتایی 2026، سەرجەم دەروازە سنوورییەکان جگە لە هەرێمى کوردستان دەچنە نێو سیستمى ئەسیکۆداوە.
 
ئەو گوتانەى قاسم داود، بەڕێوەبەرى گشتیى دەستەى گومرگى عێراق، لە کاتی میوانداریکردنى بوو لە دانیشتنى پەرلەمان لەبارەى داهاتەکان کە ئەمڕۆ یەکشەممە 11ى کانوونى دووەمى 2025 ئەنجامدرا.
 
بەگوێرەى نووسینگەی رۆژنامەڤانیى پەرلەمان، قاسم داود گوتوویەتی: "ژمارەیەکى زۆر لە دەروازە سنوورییەکان چوونەتە نێو سیستمى ئەسیکۆدا، تاوەکو کۆتایی ساڵى 2026 ئەو سیستمە بەتەواوى لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکان جێبەجێ دەکرێت، جگە لە هەرێمى کوردستان".
 
17 دەروازەى سنووریى وشکانى و دەریایی لە عێراق هەن کە دەبێت ئەو سیستمە جێبەجێ بکەن، کە پێکەوەبەستنێکی ئەلیکترۆنییە بۆ گواستنەوە و ئاڵوگۆڕى زانیاریی بازرگانی و مامەڵەى گومرگی.
 
مازن غەریب، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە رووداوى گوت: "لەبارەى ئەوەى بۆچی لە هەرێمى کوردستان جێبەجێ ناکرێت، بەڕێوەبەرى گشتیى گومرگ گوتى وەڵامدانەوەیان بۆ سیستمەکە نەبووە".
 
ئەو دانیشتنەى پەرلەمانى عێراق تایبەت بوو بە قەبارەى داهاتەکان، کە بە میوانداریى بەڕێوەبەرى گشتیى دەستەى گومرگ، بەڕێوەبەرانى گشتیى دەستەى باج و بەڕێوەبەرى گشتیى دەروازە سنوورییەکان بەڕێوەچوو.
 
جەمال کۆچەر، ئەندامى پەرلەمانى عێراق بە رووداوی رایگەیاند: "لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکى پەرلەمان داواى لێکردن کە ئامارێکى وردیان بۆ بنێرن لەبارەى جیاوازیى داهاتى ئێستا لەگەڵ داهاتى ساڵانى رابردوو".
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە