پاشیڤی رووداو؛ عەرەبانچییەک دەبێتە بازرگانیی ئۆتۆمبێلی گرانبەها

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەرنامەی ئەمجارەی پاشیڤی رووداو بە بەشداریی شاعیرێکی بەناوبانگی کورد و بازرگانێکی سەرکەوتووی ئۆتۆمبێل بەڕێوەچوو. هەروەها تیروپشک بۆ ناوی ئەو کەسانە کرا کە زۆرترین کۆمێنتیان بۆ پۆستەکانی رووداو کردووە و هاونیشتمانییەک بووە براوەی لیرەیەکی زێڕ.
 
''پاشیڤی رووداو''ـی ئەمڕۆ 26-02-2026ـی تۆڕی میدیایی رووداو بە کۆمەڵێک بڕگەی جیاواز پێشکێشکرا و سەرەتا بە گفتوگۆی سەمیرا کارزان و محەممەد شێخ فاتیح، پێشکێشکارانی بەرنامەکە لەگەڵ شاعیر  و هونەرمەندی کورد، ئەحمەد محەممەد دەستیپێکرد.
 
ئەحمەد محەممەد ساڵی 1967 لە گەڕەکی کانێسکانی سلێمانی لەدایکبووە و تاوەکو ئێستا بەرهەمەکانی بەتایبەتی دیوانی تەمەن، وەرگێڕدراونەتە سەر چەندین زمانی جیهانی.
 
ئەو شاعیرە کوردە روانگەی خۆی سەبارەت بە ''خەیاڵ'' دەربڕی و رایگەیاند: ''بێگومان لای من خەیاڵ هێنانەدی هەموو واقیعەکانە، ئەگەر مرۆڤ خەون و خەیاڵی نەبێت، ناتوانێ بگاتە راستی.''
 
تاوەکو ئێستا شیعرەکانی ئەحمەد محەممەد لەلایەن هونەرمەندانی گەورەی وەک کەریم کابان، ناسر رەزازی، محەممەد کەمال، شیلان عوسمان و عەدنان کەریم کراونەتە گۆرانی. ئەو شاعیرە کوردە دەڵێت: ''من لە شیعرەکانمدا زیاتر کارم لەسەر تەنیایی و تەمەن کردووە.''

 

 
لە بەرنامەکەدا ئەحمەد محەممەد یەکێک لە شیعرە بەناوبانگەکانی خۆی خوێندەوە کە لەلایەن هونەرمەندی کورد، ناسر رەزازی کراوەتە گۆرانی: 
 
دڵم پرسەخانەیە، سەرم بەفری کوێستانە
هەمیشە خەم لە چاوما، باڵاترین میوانە
وەک باڵندەی لانەواز، تەرە و بێ ناونیشانم
چەند شیرینە کە دەڵێم، من خەڵکی کوردستانم.
 
ئەو شاعیرە کوردە لە سەردەمی کۆرۆنادا یەکێک لە تووشبووان بوو کە نزیکەی 40 رۆژ لەژێر چاودێریی چڕدا مایەوە. خۆی لەوبارەوە گوتی: ''دایکیشم لەو کاتەدا بە کۆرۆنا کۆچی دواییکرد، بەڵام کۆرۆنا بۆ من گەورەترین نیعمەتی خودا بوو، چونکە لە رێگەی کۆرۆناوە نەبووایە، من هەندێک شتی زۆر گەورەم نەدەزانی. خەڵکم ناسی، ژیانم ناسی و جارێکی دیکە لەدایک بوومەوە.''
 
''بەشی دووەمی شیعری تەمەن دەنووسم''
 
یەکێک لە شیعرە بەناوبانگەکانی ئەحمەد محەممەد، شیعری ''تەمەن''ـە کە لەلایەن کەریم کابانەوە کراوەتە گۆرانی. ئەو شاعیرە کوردە ئاماژەی بەوە کرد: ''لە تەمەنی 18 ساڵیدا نووسیومە و ئێستا خەریکە بەشی دووەمی بۆ زیاد دەکەم، بەڵام ئەم جارە نایدەم بە کەسێکی بەتەمەن کە بیکاتە گۆرانی، بەڵکو لەوانەیە بیدەم بە هونەرمەندێکی گەنج.''
 
ئەحمەد محەممەد لە ساڵی 2000 چووە ئەورووپا و دوای نزیکەی دوو ساڵ گەڕایەوە کوردستان. لەوبارەوە دەڵێت: ''من حەزم بە جێگۆڕکێیە، حەز دەکەم جیهان ببینم، بەڵام کاتێک چوومە سوید، دوای ساڵێک و نیو تێگەیشتم کە ژیانم لە ئەورووپا دەکوژێتەوە.''
 
لە عارەبانچییەوە بۆ بازرگانیی ئۆتۆمبێل
 
میوانێکی دیکەی بەرنامەی پاشیڤی رووداو، فایەق نووری جاسم، خاوەنی کۆمپانیای موجازف بوو بۆ ئۆتۆمبێل.
 
فایەق نووری، کە تەنیا لە بواری ئۆتۆمبێلی گرانبەها کار دەکات رایگەیاند: ''باوکم جووتیار بووە و خەڵکی گوندی کارێزی گەرمیانم. تاوەکو تەمەنی 12 ساڵی جووتیار بووم و دواتر چوومەتە بەغدا.''
 
بەگوتەی خۆی، لە تەمەنی 13 ساڵیدا عارەبانەی پێبووە و بەوشێوەیە بژێوی ژیانی دابین کردووە، دواتر لە ساڵی 2009ـوە دەستی بە کاروباری بازرگانیی ئۆتۆمبێل کردووە.
 
فایەق نووری جاسم پێیوایە، ''مرۆڤ کە چووە نێو جیهانی بازرگانییەوە، ئەگەر متمانەی بە خۆی نەبێ، سەرکەوتوو نابێت. ناسناوم موجازفە، واتا سەرکێشی. من هەموو کات لە کارکردندا سەرکێش بووم.''
 
کۆمپانیای موجازف تایبەتە بە ئۆتۆمبێلی گرانبەها کە نرخەکانیان لە 200 هەزار دۆلارەوە دەستپێدەکات بۆ زیاتر لە 700 هەزار دۆلار. فیراری، لامبۆرگینی، رۆزرۆیس و جی کڵاس لەو ئۆتۆمبێلانەن کە لە رێگەی کۆمپانیاکەوە دەهێنرێنە عێراق و هەرێمی کوردستان.
 
فایەق نووری گوتی، راستەوخۆ گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیاکانی دروستکردنی ئۆتۆمبێل هەیە، ''لە ئەڵمانیاش کۆمپانیای کینگ مۆتۆرم هەیە و لەوێوە جیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان، ئۆتۆمبێلەکان بۆ هەموو ئەورووپا و ئەفریقیاش دەنێرم.''
 
بەگوتەی خۆی، پار نزیکەی 220 ئۆتۆمبێلی روزرۆیسیان لە ئەورووپا، ئەفریقیا و دوبەی فرۆشتووە، ''لەو ژمارەیە 16ـیان بۆ عێراق و چواریان بۆ هەرێمی کوردستان هێنراون.''
 
براوەکانی خەڵاتی پاشیڤی رووداو
 
 دڵشاد رەئووف، هاونیشتمانیی خەڵکی پێنجوێنی سلێمانی کە براوەی خەڵاتی ئەڵقەی پێشووی پاشیڤی رووداو بوو، هاتە نێو ستۆدیۆی بەرنامەکە و خەڵاتەکەی وەرگرت کە ئایفۆن 17 بوو.
 
دوای وەرگرتنی خەڵاتەکەی، دڵشاد رەئووف رایگەیاند، زیاتر لە 600 کۆمێنتی بۆ پۆستەکانی رووداو کردووە.
 
لە پاشیڤی رووداو کە کاژێر 1:00ی بەرەبەیانی پێشکێش دەکرێ و تاوەکو کاژێر 03:00 بەردەوامە، خەڵات بەو کەسانە دەدرێ کە زۆرترین جار لە پۆستەکانی رووداو دەنووسن: "پاشیڤی رووداو".
 
لە کۆتایی ئەم ئەڵقەیەشدا لە رێگەی ژیریی دەستکردەوە تیروپشک بۆ ئەو کەسانە کرا کە زۆرترین کۆمێنتیان بۆ پۆستەکانی رووداو کردبوو و خەڵاتەکە کە لیرەیەکی زێڕ بوو، بۆ هاونیشتمانییەک بە ناوی ئارین ئاراس دەرچوو. 
 
جیا لەو خەڵاتانەی کە لە هەر ئەڵقەیەکدا دەبەخشرێن، لە دوایین رۆژی رەمەزاندا، بە تیروپشک سێ ئۆتۆمبێلیش دەبەخشرێتە ئەو کەسانەی کە لە کۆمێنت دەنووسن پاشیڤی رووداو.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە