رووداو دیجیتاڵ
کۆمەڵێک لە دانیشتووانی گوندەکانی دەوروبەری کێڵگەی نەوتی تاوکێ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، گلەیی لە کارگێڕی کێڵگەکە و ئیدارەی ناوچەکە دەکەن. دەڵێن، سێ ساڵە لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە و ئێستا کەسانێکی دیکە بە "واستە" لە شوێنیان دامەزرێندراون.
دانیشتووانی گوندەکانی (تاوکێ، تێرک حەسەن، تێرک مام ئێزدینی، تێرک سمۆ، کەڤەرۆک، سەرسیلاڤکێ، ناڤکەنداڵان، لێڤۆ، خوەکی، ئاڤدێنی و مێرگەسۆر) کێشەکانیان بۆ رادیۆی رووداو باس دەکەن. یەکێک لە نوێنەرانی ئەو گوندانە دەڵێت: "کاتێک لە ساڵی 2022 هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان راگیرا، کۆمپانیای DNO بەبیانووی راوەستانی بەرهەمهێنان پێیگوتین بچنە ماڵەوە و کاتێک کار دەستی پێکردەوە بانگتان دەکەینەوە، بەڵام سێ ساڵە چاوەڕێین و کەسمان وەرنەگیراوینەتەوە."
بەپێی گوتەی گوندنشینەکان، بە گشتی 329 کەس لە کێڵگەکە دەرکراون، کە 51 کەسیان خەڵکی رەسەنی ئەو 11 گوندانەن و کێڵگەکە لەسەر زەوییەکانی ئەوان دروستکراوە. جگە لە کێشەی کار، ئەوان باس لەوە دەکەن شەش ساڵە هیچ قەرەبوویەکیان وەک خاوەن زەوی وەرنەگرتووە.
ئەو هاونیشتمانییانە ئیدارەی زاخۆ تۆمەتبار دەکەن بەوەی لە پرۆسەی دامەزراندن دا دادپەروەر نییە و دەڵێن: "ئیدارەی زاخۆ بە کەیفی خۆی خەڵک دادەنێت و لادەبات، ئێستا خەڵکی دیکە لە جێگەی ئێمە دانراون و هەمووی بە واستە و ناسیاوی بووە."
نوێنەری گوندەکان ئاماژە بەوە دەکەن، لە 25-01-2026 داواکارییەکی نووسراویان پێشکێشی سەرپەرشتیاری ئیدارەی زاخۆ کردووە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان، چونکە نزیکەی ساڵێکە بەرهەمهێنان بە فەرمی دەستی پێکردووەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ وەڵامێکیان وەرنەگرتووە.
موشیر بەشیر، قایمقامی قەزای زاخۆ بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، وەک ئیدارەی شارەکە بە فەرمی بەدواداچوون بۆ کێشەی ئەو کارمەندانە دەکەن. ئاماژەی بەوەش کرد: "ئێمە نووسراومان ئاراستەی کۆمپانیاکە و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان کردووە بۆ ئەوەی وەڵامی داواکارییەکانیان بدەنەوە."
قایمقامی زاخۆ روونیکردەوە، زۆربەی ئەو کەسانەی نێردراونەتەوە ماڵەوە لە کارە نا تەکنیکییەکاندا بوون وەک پاسەوان و شۆفێر.
سەبارەت بە شێوازی کەمکردنەوەی کارمەندەکانیش، موشیر بەشیر گوتی: "لە کاتی کەمکردنەوەی کارمەندان، ئەولەویەت دراوە بەو ماڵانەی تەنیا یەک کارمەندیان هەبووە، هەروەها بەشێک لەو کەسانەی دەرکراون لەنێو خێزانەکەیان زیاد لە کەسێک لە کۆمپانیاکەدا دامەزرابوون."
قایمقامی زاخۆ جەختی کردەوە کە ئەوان چاوەڕێی وەڵامی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانن لەسەر داواکاریی دانیشتووانی ئەو گوندانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ