نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە سلێمانی: زیاتر لە 100 هەزار کەس لە حەلەب ئاوارە بوون

8 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
ئاوارەبوونی خەڵک لە گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب لەکاتی گرژییەکان. وێنە: AFP
ئاوارەبوونی خەڵک لە گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب لەکاتی گرژییەکان. وێنە: AFP
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە سلێمانی دەڵێت، بەهۆی هێرشەکەی سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب زیاتر لە 100 هەزار کەس ئاوارە بوون. ئاماژە بەوەش دەکات، 20 ئەندامی ئاسایشی ناوخۆی گەڕەکەکان ''شەهید'' کراون.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 11-01-2026 فەتحوڵڵا حوسێنی، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە سلێمانی، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە ئارێز خالید پێشکێشیکرد، سەبارەت بە دۆخی گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب دوای ئاگربەست رایگەیاند، ''بە لەبەرچاوگرتنی پێشینەیان، ناکرێ متمانە بە گرووپە چەکدارەکان بکەین کە لەکاتی گەڕانەوەی خەڵکدا بۆ سەر ماڵەکانیان، کۆمەڵکوژی نەکەن.''
 
فەتحوڵڵا حوسێنی لەبارەی گەڕانەوەی خەڵکی ئاوارە بۆ گەڕەکە کوردنشینەکان جەختی لەوە کردەوە، ''ئەگەر گەرەنتیی نێوەندگیرە نێودەوڵەتییەکان نەبێ، خەڵکی ئێمە ناتوانن بگەڕێنەوە.''
 
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەگوێرەی ئاگربەستێک، کشانەوەی هێزەکانی ئاسایشی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری لە گەڕەکە کوردنشینەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی حەلەب راگەیاند، ئەوەش دوای پێنج رۆژ لە شەڕ و پێکدادان لەگەڵ هێزەکانی سەر بە حکومەتی راگوزەری سووریا.
 
بەگوتەی نوێنەری بەڕێوبەرایەتیی خۆسەر لە سلێمانی، ئامانجی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە سوپای عەرەبیی سووریا لە هێرشەکە، گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەکە بوو، ''بەڵام بە هۆشیاری و خۆڕاگریی خەڵکی ئێمە، ئەو ئامانجەیان نەهاتە دی.''
 
شەڕەکە سێ گەڕەکی شێخ مەقسوود، ئەشرەفییە و بنی زەیدی گرتبووەوە. فەتحوڵڵا حوسێنی دەڵێت، ''زۆربەی دانیشتووانی گەڕەکی بنی زەید عەرەب بوون. ئەوان زۆربەیان دەرچوون، بەڵام ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ئێمە لە شوێنی خۆیان ماونەتەوە.''
 
ئەو گرووپە چەکدارانەی هێرشیان کردە سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب بریتی بوون لە حەمزات، عەمشات، نوورەدین زەنگی و سوڵتان موراد. نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت، ''ئەو شەش رۆژەی هێرش کرا، ئەحمەد شەرع لەسەر هێڵ بوو، بەڵام نەیتوانی شەڕ رابگرێت، چونکە ئەو گرووپانە بڕیار لە ئەنقەرە وەردەگرن."
 
نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە سلێمانی لەبارەی ئەگەری هێڕشکردنی تورکیا یان گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر ناوچەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا دەڵێت، ''ناتوانن هێرش بکەن، ئەگەر توانای ئەوەیان هەبووایە، بەر لە شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە هێرشیان دەکردە سەر ئەو ناوچانە.''
 
''زیاتر لە 100 هەزار کەس ئاوارە بوون''
 
فەتحوڵڵا حوسێنی کۆمەڵێک ئاماری تایبەت بە شەڕەکەی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی خستەڕوو و ئاماژەی بەوەدا، زیاتر لە 100 هەزار کەس بەهۆی شەڕەکەوە ئاوارە بوون بە کورد و عەرەبەوە. 
 
بەشێک لە ئاوارەکان چوونەتە گەڕەکەکانی دیکەی حەلەب، عەفرین و هەروەها دێرحافر کە کۆتا خاڵی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرە و 50 کیلۆمەتر لە شێخ مەقسوودەوە دوورە. 
 
نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، ئەوانەی گەیشتوونەتە دێر حافر، شەرڤانان، برینداران، ئەندامانی ئاسایشی ناوخۆ و ئەو کەسانەن کە پێویستییان بە دەرمان هەیە.
 
فەتحوڵڵا حوسێنی گوتی، ''بەهۆی هێرشی گرووپە چەکدارەکانەوە، زیاتر لە 20 ئەندامی ئاسایشی ناوخۆ (سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر) شەهید بوون و زیاتر لە 100 کەسی سڤیلیش بریندار بوون.''
 
6ی ئەم مانگە، سوپای عەرەبیی سووریا هێرشی کردە سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە حەلەب و هێرشەکە تاوەکو دوێنێ بەردەوام بوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی بەفربارین لە پیرمامی پارێزگای هەولێر. وێنە: ئەرشیفی رووداو

کەشناسی: بەفر لە سەنتەری شارەکانی هەرێمی کوردستان دەبارێت

کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، شەپۆلێکی نوێی بەفر و باران هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە. کەشناسێکیش ئەو ناوچانە دیاری دەکات، کە پێشبینی دەکرێت بەفری لێ ببارێت.