رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی دەستەی کارگێڕیی دەزگاری خێرخوازیی بارزانی دەڵێت، لە دوو رۆژدا نزیکەی 5000 ژەمەخۆراکیان داوەتە کوردی حەلەب کە ئاوارەی عەفرین بوون، رۆژانەش بەردەوام دەبن. ئاماژە بەوەش دەکات، 110 هەزار کورد چوونەتە گوند و ناحیەکانی عەفرین.
رەواج حاجی، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە دوو رۆژی رابردوودا هاوکاری جۆراوجۆرمان گەیاندووەتە ئەو کوردانە لە ئەشرەفییە و شێخ مەقسوودەوە ئاوارەی عەفرین و دەوروبەری بوون."
بەگوێرەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ رووداو، دوو رۆژی رابردوو 4868 بەشەخۆراکی گەرمیان بۆ ئاوارەکان ئامادە کردووە، هەروەها 436 پێداویستیی دیکەیان وەکو بەتانی و دۆشەکە داوە بە ئاوارەکان.
لە ئامارەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دا ئاماژە بەوە کراوە، لە دوو رۆژی رابردوو 91 چالاکی جیاوازیان بۆ منداڵە ئاوارەکان رێکخستووە، هەروەها هاوکاریی پزیشکییان گەیاندووە بە 178 کوردی ئاوارەبوو.
رەواج حاجی گوتی، "پلانی ئەمڕۆمان دابینکردنی سێ هەزار ژەمەخواردنی گەرمە؛ هەروەها پێنج نۆرینگەی گەڕۆکمان ئەمڕۆ سەردانی ئاوارەکان دەکەن."
ئەو ئەندامەی دەستەی کارگێڕیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی گوتی، "تاوەکو کاژێر 10ـی شەوی رابردوو هاتنی ئاوارە بۆ سنووری عەفرین بەردەوام بووە، بەگشتی نزیکەی 150 هەزار ئاوارە گەیشتوونەتە عەفرین و دەوروبەری."
بە گوتەی رەواج حاجی، لەو ژمارەیە 110 هەزار ئاوارە چوونەتە گوند و ناحیەکانی دەوروبەری عەفرین.
لە 6ی ئەم سوپای عەرەبیی سووریا هێرشی کردە سەر ئەو دوو گەڕەکە کوردییەی حەلەب و دوێنێ ئاگربەست راگەیێندرا، بەهۆیەوە هێرشەکەوە دەیان کەس بوونەتە قوربانی و هەزارانیش ئاوارە بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ