رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری -جەهەپە، سەردانی شاری ئامەدی باکووری کوردستانی کرد و لەسەرەتای سەردانەکەیدا چووە لای دوکاندارەکانی ناوچەی سوورێ و گوێی لە داخوازییەکانی دووکانداران گرت.
بەشێک لە دووکاندارەکان خۆشحاڵبوون بە سەردانەکە و هیوا دەخوازن کڵچدارئۆغلۆ رۆڵی هەبێت لە چارەسەرکردنی بەشێک لە گرفتەکانیان. سۆنەر کان، دووکاندارێکی ناوچەی سوورێی ئامادە و بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "باش بوو بینیمان ماوەیەکی زۆرە نەهاتووەتە ئێرە."
لەساڵی 1989 بەدواوە یەکەمین جارە جەهەپە لە کۆلانەکانی ئامەدی باکووری کوردستان بەوشێوەیە و بە گەرمی پێشوازیی لێدەکرێت. لە درێژەی سەردانەکەیدا کڵچدارئۆغلۆ چووە ماڵی دەنگبێژانی ئامەد و لەوێ گوێی لە گۆرانی کوردی و خواست و داواکارییەکانی ئەوانیش گرت.
کەمال کڵچدارئۆغلۆ دواتر لەگەڵ بەشێک لە جووتیار و موختارانی شارەکە کۆبووەوە و رایگەیاند، "ئێمە دیار بەکر، مێردین و رووها دەکەینە ناوەندێکی سەرەکیی بەرهەمهێنەر بە وزەی خۆر، بە هەزران دۆنم زەوی خاڵی هەیە، ئێمە دەتوانین بە سێ ملیار دۆلار وەبەرهێنانێکی باش بکەین لەو زەوییانە، لە شەش شار کارەبا بە خۆڕایی دەدەینە جووتیاران."
لە بەشێکی دیکەی سەردانەکەیدا لە ئامەدی باکووری کوردستان، سەرۆکی گشتیی جەهەپە بەشداری لە مەراسیمێکدا کرد کە بۆ ژمارەیەک ئەندامی نوێ رێکخرابوو کە تازە پەیوەندییان بە حزبەکەوە کردووە.
زەینەب ئەزبۆی، هاونیشتمانییەکی باکووری کوردستانە و باس لەوە دەکات، "ئێمە هەژارین، خەڵک خەریکە دەمرێ لە برسان، هەموو شتێک گرانە، ئیشاڵڵا کڵچدار ئۆغلۆ سەرکەوتوو بێت."
گولستان رەنا، هاونیشتمانییەکی دیکەی باکووری کوردستانە و ئاماژە بەوە دەکات، "هەموو شتێک گرانبووە، دۆلار گرانبوو، زێڕ گرانبووە. ئێمە نازانین چی بکڕین و چی نەکڕین، خەڵک هەژارە."
سەرۆکی گشتیی جەهەپە پێشتر لە بەر بارینی بەفرێکی زۆر و جارێکی دیکەیش بەهۆی کارێکی تایبەتیی خۆی، دووجار سەردانەکەی بۆ ئامەد هەڵوەشاندووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ