بەنداوی نازەنین؛ پڕۆژەیەکی تەواونەکراوی 12 ساڵە جووتیارانی ناچار بە کڕینی ئاو کردووە

11-05-2025
ئەبوبەکر ئیسماعیل
کارکردن لە بەنداوەکە ساڵی 2013 دەستیپێکرد و تاوەکو ئێستا تەواونەکراوە.
کارکردن لە بەنداوەکە ساڵی 2013 دەستیپێکرد و تاوەکو ئێستا تەواونەکراوە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە کاتێکدا کەمئاوی هەڕەشە لە کەرتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەکات، یەکێک لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی ئاو لە سنووری قەزای کۆیە، بەنداوی نازەنین، دوای 12 ساڵ هێشتا تەواو نەکراوە و جووتیارانی ناوچەکە ناچارن بە پارە ئاو بۆ باخەکانیان بکڕن.
 
بەنداوی نازەنین، دەکەوێتە گوندی نازەنینی سەر بە شارۆچکەی سکتان لە سنووری قەزای کۆیە. پڕۆژەکە لە ساڵی 2013 بە گوژمەی نزیکەی هەشت ملیار دینار دەستیپێکرد، بەڵام دوای تەواوکردنی تەنیا 30٪ـی کارەکانی، ماوەی 12 ساڵە بە نیوەچڵی ماوەتەوە.
 
ئەمساڵ بەهۆی کەمبارانی و وشکبوونی کانیاوەکان، جووتیارانی گوندی نازەنین رووبەڕووی کێشەی کەمئاوی بوونەتەوە و ناچارن بە نۆرە و بە پارە ئاو بۆ باخەکانیان دابین بکەن.
 
کارزان موزەفەر، یەکێک لە جووتیارانی گوندەکە و بە وووداوی راگەیاند: "چەند باخێک پێکەوە بیرێکمان هەیە، بە نۆرە ئاو دەکڕین، کاتژمێری بە دوو هەزار دینارە. زۆرجار بەشمان ناکات و کێشە دروست دەبێت."
 
هێمن عەبدوڵڵا، خاوەن باخێکی دیکەیە و دەڵێت: "خاوەن باخەکان پشت بە ئاوی بیر دەبەستن بۆ ئاودێری. ئەوانیش ئەمساڵ بەهۆی کەمبارانییەوە ئاستی ئاوەکەیان دابەزیوە و زۆربەیان وشک بوون."
 
بەگوێرەی دیزاینی پەسەندکراوی پڕۆژەکە، بەنداوی نازەنین 21 مەتر بەرزە و توانای گلدانەوەی نزیکەی دوو ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە. پانییەکەی لە بنچینەدا 101 مەترە و لە سەرەوە 7 مەترە. ئاوە گلدراوەکەی دەتوانێت رووبەری نزیکەی 400 دۆنم زەوی کشتوکاڵی دابپۆشێت و بە تەواوبوونی، رووبەری 20 هەزار دۆنم زەوی بەراو دەکات.
 
تەندەری تەواوکردنی پڕۆژەکە درابووە کۆمپانیایەکی رۆمانی، بەڵام وەک بەڕێوەبەری شارۆچکەی سکتان باسی دەکات، بەهۆی خەرجنەکردنی پارەوە، کۆمپانیاکە پڕۆژەکەی جێهێشتووە.
 
مەهدی مستەفا، بەڕێوەبەری شارۆچکەی سکتان، بە رووداوی گوت: "شەڕی داعش و قەیرانی دارایی هۆکاری سەرەکی تەواونەکردنی بەنداوەکە بوون. کۆمپانیا رۆمانییەکە کارەکەی بەجێهێشت. ئێستا لە هەوڵداین بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی کار لەو پڕۆژە گرنگەدا."
 
سەرچاوەی ئاوی سەرەکیی بەنداوەکە، ئاوی باران و کانیاوە سرووشتییەکانی بناری چیای سەفین و دۆڵی نازەنینن. بەگوێرەی ئاماری سەرچاوە ئاوییەکانی کۆیە، تێکڕای بارانبارینی ساڵانەی ناوچەکە نزیکەی 700 ملیمەترە، بەڵام نەبوونی ژێرخانێکی گونجاو بۆ گلدانەوەی ئاو، وایکردووە سوودێکی ئەوتۆ لەو بارانە وەرنەگیرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی گشتیی کەلار

کارەبای گەرمیان: پێدانی کارەبا بۆ 15 کاژێر کەمبووەتەوە

بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای گەرمیان رایگەیاند، بەهۆی هاتنی شەپۆلی سەرما و زیادبوونی خواست، پێدانی کارەبای نیشتمانی بۆ 15 کاژێر کەمبووەتەوە. دەشڵێت، بەهۆی "نەبوونی نەختینە"ـەوە کارکردن لە ژمارەیەک پڕۆژەی سنوورەکە وەستاوە.