ژنێک لە ئامەد شۆفێری تاکسییە؛ 'خوشکە لەگەڵ تۆ ئاسودەترین'

11-05-2025
عەبدولسەلام ئاکنجی
ژنەکە بە رێگەی ئەو کارەوە بژێوی ژیانی دابین دەکات و هانی ژنانی دیکەش دەدات.
ژنەکە بە رێگەی ئەو کارەوە بژێوی ژیانی دابین دەکات و هانی ژنانی دیکەش دەدات.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە شاری ئامەدی باکووری کوردستان، لەنێو زیاتر لە هەزار و 800 شۆفێری تاکسی، تەنیا ژنێک ئەو کارە دەکات. نازان ئۆیتون، دایکی دوو کچ، نەک هەر بژێوی ماڵەکەی دابین دەکات، بەڵکو بووەتە جێی سەرنجی هاووڵاتییان و هاندەری ژنانی دیکەش.
 
نازان ئۆیتون دوو مانگە دەستی بەم کارە کردووە. رۆژانە 12 کاژێر تاکسییەکەی لێدەخوڕێت بۆ ئەوەی بژێوی خۆی و دوو کچەکەی دابین بکات.
 
ناوبانگی نازان بە خێرایی لە شارەکەدا بڵاوبووەتەوە و سەرنجی زۆری ژنان و پیاوانی بۆ لای خۆی راکێشاوە. نازان ئۆیتون بە رووداوی ڕاگەیاند: "کاتێک سەرنشینی ژن یان پیاو دەمبینن، سەرەتا سەرسام دەبن و پاشان زۆر دڵخۆش دەبن. بەتایبەتیش ژنان لە بوونی شۆفێرێکی ژن زۆر رازین و هەست بە ئاسوودەیی زیاتر دەکەن."
 
ئەو باس لەوە دەکات کە سێ ساڵە لە هاوژینەکەی جیابووەتەوە و بۆ دابینکردنی ژیانی دوو کچە 11 ساڵان و 6 ساڵانەکەی، پێشتر لە کەرتی بازرگانی و بیمە کاری کردووە، بەڵام ئێستا شۆفێری تاکسی دەکات و دەڵێت: "بۆ داهاتووی کچەکانم و پەروەردەکردنیان تێدەکۆشم."
 
بە گوتەی نازان، سەرنشینە ژنەکان پێی دەڵێن: "خوشکە لەگەڵ تۆ ئاسوودەترین و هەست بە ئازادیی زیاتر دەکەین، کاتێک شۆفێری تاکسی پیاو بێت هەست بە ئاسوودەیی ناکەین."
 
هاوپیشە پیاوەکانیشی ئازایەتی و لێهاتوویی نازانیان بەرز نرخاندووە. ڕەمزی جان، یەکێک لە شۆفێرانی تەکسی، دەڵێت: "ئەمڕۆ چۆن پیاوێک بۆ منداڵەکانی کار دەکات، ژنێکیش بە هەمان شێوە. زۆر پێی سەرسامم و سەرکەوتنی بۆ دەخوازم. انشائەڵا بەردەوامی دەبێت و خوشکی دیکەش دێنە ناومانەوە."
 
محەمەد، شۆفێرێکی دیکەی تەکسییە و 25 ساڵە ئەو کارە دەکات، دەڵێت: "کە ئەم ژنە شۆفێرەم بینی، وەڵا سەرم سوڕما."
 
نازان ئۆیتون پەیامێکی بۆ ژنانی دیکەی شارەکەی هەیە و دەڵێت: "با ژن و کچانی شاریش بوێرانە هەنگاو بنێن، چونکە هەر کارێک پیاوان دەتوانن بیکەن، ژنانیش دەتوانن ئەنجامی بدەن."
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەرگەی قوتابخانەیەک لە سنە

رۆژی شەممە سەرجەم قوتابخانە و زانکۆکانی پارێزگای سنە دادەخرێن

بە مەبەستی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ئەنفلەوەنزا و پەتای وەرزی، رۆژی شەممە سەرجەم قوتابخانە و زانکۆکانی پارێزگای سنە دادەخرێن و خوێندن دەکرێتە ئۆنڵاین.