رووداو دیجیتاڵ
بریکارانی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) چەکدانانی 30 گەریلاکەی پەکەکە وەک ''هەنگاوێکی بەهادار'' بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد دەبینن.
گوڵستان کڵچ کۆچیغیت، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، چەکدانانی گرووپەکەی پەکەکە رۆڵی لە چارەسەرکردنی پرسی کورد دەبێت؛ ئاماژەی بەوەش کرد: ''ئەم هەنگاوە نەوەک تەنیا بۆ تورکیا، بەڵکو بۆ ناوچەکەشمان ئومێدبەخشە''.
کۆچیغیت جەختی لە پاڵپشتیی پارتەکەی بۆ پرۆسەکە کردەوە و گوتی: ''بێگومان پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی بە سەرکەوتوویی بە ئەنجام دەگات''.
لای خۆیەوە سەزایی تەمەللی، بریکاری هاوسەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، چەکدانانی سیمبوولیی پەکەکە دەرگەیەکی بەڕووی چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیا واڵاکرد.
ئەو بریکارەی هاوسەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی راشیگەیاند، دەبێت پەرلەمانی تورکیا بەزوویی کار بۆ پێکهێنانی لیژنەی پرۆسەی چارەسەری بکات.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، گرووپێکی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کە ژمارەیان 30 گەریلا بوو، لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی پارێزگای سلێمانی چەکەکانیان دانا و سووتاندیانن.
چەکدانانی سیمبوولیی پەکەکە لەکاتێکدایە، یەکی تشرینی یەکەمی پار هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکومەتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن حکومەتی تورکیا بە ''تورکیای بێ تیرۆر'' و لەلایەن دەمپارتیشەوە بە ''چارەسەرکردنی پرسی کورد'' ناودەبرێت.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری ئەم جارەی تورکیا، 27ی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
پەکەکە لە 5-7ی ئایاری ئەم ساڵ، 12مین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ