رووداو - موسڵ
بەرهەمی قەیماغی موسڵ ئەوەندە ناوبانگی هەیە، کە زەکەریای هانداوە لە دهۆکەوە بچێتە موسڵ بۆ ئەوەی بیکڕێت، چونکە وەک خۆی دەڵێ "ئەو قەیماغە تامی خۆشە و خۆماڵییە".
زەکەریا، هاونیشتمانییەکی دهۆکە، لەکاتی کڕینی قەیماغی موسڵ قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی "لە دهۆکەوە هاتووم بۆ کڕینی قەیماغی موسڵ، چونکە بەرهەمێکی خۆماڵییە، بەنێوبانگە، بێ فێڵە هەروەها هەرزان و خۆشیشە، بەڕاستی قەیماغی موسڵ یەکەمە".
لای ئەو موسڵاوییانەی گامێش بەخێودەکەن، گامێشەکان زۆر ئازیزن، بۆیە بە دەنگێکی نەرم بانگیان دەکەن، بەگوتەی خۆیان ئەوەی ئەو گامێشانە بۆیان دەکەن، هیچ حکومەتێک بۆیان دەکات، بەجۆرک رۆژانە هەر گامێشێک شەش کیلۆ شیری هەیە و بە درێژایی ساڵیش بەرهەمیان هەیە، نێریان 750 کیلۆ و مێیەکانیشیان 820 کیلۆ دەبن، هەریەکەیان نزیکەی 25 ساڵ دەژی و نرخیان لەنێوان پێنج بۆ هەشت ملیۆن دینارە.
بەهۆی زۆری رێژەی چەوری، شیری گامێش زیاتر قەیماغی لێ دروست دەکرێت. سوفیان شاهیر، گامێش بەخێو دەکات، ئەو دەڵێ "ئێمە هەر گامێشێک بە ناوێک بانگ دەکەین. شیری گامێش چەورە و قەیماغ، سەرتوو، ماست و جۆرەکانی پەنیری لێ بەرهەمدەهێنین".
کارگەیەک لە موسڵ لەرێگەی فیلتەرکردن و ئامێری تایبەت قەیماغ دروست دەکات، رۆژانە سێ هەزار بۆ پێنج هەزار کیلۆ شیر لەو کارگەیە وەردەگیرێت، کە لە هەر 100 کیلۆیەک، نۆ بۆ 10 کیلۆ قەیماغ بەرهەمدێت.
لە وەرزی زستاندا هەر گامێشێک بەڕێژەی 25% شیری زیاتری دەبێت، بەراورد بە هاوین.
لەنێو کارگەکەی موسڵ، شیر بۆ ماوەی 24 کاژێر لەنێو تەشتی فافۆن دەهێڵرێتەوە و قەیماغەکەی سەردەکەوێت.
زەکی قاسم، بەڕێوەبەری بەرهەمهێنان لە کارگەکە دەڵێ "دوای ئەوەی شیرەکە وەردەگرین، دەیپاڵێوین، دەیخەینە نێو تانکییەکانەوە، پاشان دەیکوڵێنین و دەبێت پلەی گەرمیی شیرەکە بگاتە 90 بۆ 95 پلە، دواتر دەیخەینە تەشت و لەنێو ساردکەرەوەی دادەنێین بۆ ماوەی 24 کاژێر".
لەبەر خواستی زۆری خەڵکی عێراق بۆ قەیماغی موسڵ، 20 کارگەی گەورەی دروستکردنی قەیماغ و سپیایەتی لە موسڵ دروستکراون، کە رۆژانە پێنج هەزار کیلۆ قەیماغ بەرهەمدەهێنن و لەو بڕەیەش نیوەی واتا 2500 کیلۆی قەیماغ بۆ هەرێمی کوردستان دەهێنرێت.
کارگەکان کیلۆیەک شیری گامێش بە 2500 دیناری عێراقی وەردەگرن، بۆیە ئاژەڵدارانی موسڵ زیاتر چاویان لە بەخێوکردنی گامێشە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ