رووداو دیجیتاڵ
دانیشتووانی گەڕەکی قڕگە لە رۆژهەڵاتی سلێمانی دەڵێن، بەهۆی پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوونەوە بەشێکی رێگەی گەڕەکەکەیان بووەتە گڵ و دوو ساڵە کۆمپانیای جێبەجێکاری ئەو پڕۆژەیە ئەو رێگەیەی قیرتاو نەکردووە و "ژیانی تاڵ کردووین".
هێمن محەممەد، دانیشتووی گەڕەکی قڕگەیە، بە رادیۆی رووداوی گوت، رێگەیەکمان هەبوو پێشتر قیربوو، بەڵام کۆمپانیاکە ئاوەڕۆی بۆ دروستکردووە و دووبارە تێکەڵە و کاری شۆستەی بۆ کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا قیرتاو نەکراوە و ژیانمان تاڵ بووە بەدەست ئەو 200 مەترەوە.
بەگوتەی هێمن محەممەد، خۆڵ و تۆزی ئەو شەقامە تەواو بێزاری کردوون و داوا لە شارەوانیی سلێمانی دەکەن گوشار لە کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەکە بکات بۆ ئەوەی ئەو رێگە کورتەی ماوە قیرتاوی بکات.
زەردەشت رەفیق، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی بە رادیۆی رووداوی گوت، لە ماوەی رابردوو لەلایەن هاونیشتمانییانەوە سکاڵامان پێگەیشت لەسەر تەواونەکردنی ئەو رێگەیە و ئێمەش بەدواداچوونمان بۆ کرد.
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەکە بانگ کراوە و ئاگادارکردنەوەی پێدراوە بەوەی بە زوویی ئەو کێشەیە چارەسەر بکات و رێگەکە قیرتاو بکاتەوە.
هەروەها دەڵێت، بڕیارە بەم نزیکانە ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ