رووداو دیجیتاڵ
پەیامنێری رووداو لە سلێمانی رایگەیاند، ئەنجامەکانی سلێمانی بە فلاش میمۆری گەیێنراونەتە بەغدا نەک راستەوخۆ لەڕێگەی مانگە دەستکردەکانەوە. بەڕێوەبەری لقی پێشووی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، هیچ جیاوازییەک لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دروست ناکات و ئەو ئەنجامەی راگەیێنراوە هەر ئەوە دەبێت.
دەبوایە کاژێر 3:00ی عەسر ئەنجامەکانی سلێمانی وەک شارەکانی دیکە بڵاوکرابایەوە، بەڵام تاوەکو کاژێر 6:10 خولەک بڵاونەکراونەتەوە و لای کارمەندانی کۆمیسیۆنیش ئەوە روون نەبوو.
بەگوتەی پەیامنێری رووداو کێشەیەک هەبووە لە گەیاندنی دەنگەکانی سلێمانی و بەپێی سەرچاوەیەک کە بۆ رووداو قسەی کردووە "دەنگی هەموو پارێزگاکانی دیکەی عێراق لە دەنگدانی گشتی کە گەڕێنراوەتەوە بۆ عێراق لەنێو هەموو بنکەکانەوە بەشێوەیەکی دیجیتاڵی لەڕێگەی مانگە دەستکردەکانەوە گواستراوەتەوە بۆ بنکەی سەرەکی ناوەندی کۆمیسیۆن لە بەغدا، بەڵام دەنگەکانی سلێمانی لەڕێگەی فلاشی سەر ئامێرەکانەوە گواستراوەتەوە بۆ بەغدا."
پەیامنێری رووداو دەشڵێت، دوای کاژێر 1ی دوانیوەڕۆ دەست بە تۆمارکردنی زانیارییەکانی بنکەکانی دەنگدانی ئەو پارێزگایە لە سێرڤەری ناوەندیی کۆمیسیۆن کراوە.
پەیامنێری رووداو دەڵێت، ئەو شێوازی گواستنەوەیە نیگەرانی بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی لێکەوتووەتەوە، بەتایبەت لای پارتی دیموکراتی کوردستان، نەوەی نوێ و یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان کە دەنگەکانیان لە پارێزگای سلێمانی زیادیکردووە.
پەیامنێری رووداو دەشڵێت "ئەو لایەنانە نیگەرانن لەوەی بۆچی گواستنەوەی دەنگەکانی پارێزگای سلێمانی هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکە نەبووە و بە وردی چاودێری پڕۆسەکە دەکەن."
هۆرڤان رەفعەت لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی، هەندێک لە میدیاکانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان دەڵێن، "لەوانەیە بەربژێرەکانی پارتی لەو پارێزگایە هیچیان دەرنەچن، لەکاتێکدا کە لە بازنەکانی یەک و پێنجی سلێمانی لە پلەی دووەمدان".
دەشڵێت، لە بازنەی چواریش گۆڕانکاری روویداوە و بەربژێری پارتی لەو بازنەیە، ناسکە عەبدوڵڵا کە لە دەنگدانی گشتی 13 هەزار و 416 دەنگ و لە دەنگدانی تایبەت هەزار و 700 دەنگی بەدەستهێناوە لە کێبڕکێ دایە لەگەڵ بەربژێرێکی یەکێتیی بۆ دەستخستنی کورسی چوارەمی ئەو بازنەیە.
بەیار دۆسکی، بەڕێوەبەری لقی پێشووی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەبارەی گواستنەوەی دەنگەکان بە فلاش میمۆری گوتی "زۆر زەحمەتە دەستکاری دەنگەکان بکرێت، لە شنگالیش هەمان حاڵەت دووبارە ببوویەوە. بە بڕوای من هیچ جیاوازییەک لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دروست ناکات، ئەو ئەنجامەی راگەیێنراوە هەر ئەوە دەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ