رووداو دیجیتاڵ
لە گوندێکی سەر بە ناحیەی دێرەلووک لە قەزای ئامێدی، دوو درۆن کەوتنە خوارەوە؛ بەو هۆیەوە دەوامی دوو قوتابخانە راگیرا. دانیشتوویەکی گوندەکە دەڵێت: "شەڕی هێزەکانی تورکیا و پەکەکە کەوتووەتە نزیک گوندەکانمان".
ئەمڕۆ چوارشەممە، 11ی 12ی 2024، مەلا لەزگین بەرچی، دانیشتووی گوندی بەرچی بە رووداوی گوت: "لە گوندی بەرچیی سنووری نهێلی سەر بە ناحیەی دێرەلووک، دوو رۆژە بە هۆی گولـلە و درۆن گوندەکەمان کەوتووەتە ژێر مەترسییەوە".
مەلا لەزگین دەڵێت، "ئەمڕۆ داوامان کردووە هیچ قوتابییەک دەوام نەکات؛ چونکە کاژێر 8:30ی سەرلەبەیانی، دوو درۆن ئاراستەی گوندەکەمان کراون. یەکێکیان کەوتووەتە تەنیشت ماڵێک و نەتەقیوەتەوە. ئەوەی دیکە لە ئاسمان تەقیوەتەوە".
مەلا لەزگین ئاماژە بەوە دەکات، "ئەو درۆنەی لە ئاسمان تەقیوەتەوە زیانی گیانی لێنەکەوتووەتەوە؛ بەڵام چەند ساچمەیەکی بەر قوتابخانە و ماڵی هاونیشتمانییان کەوتووە. هاوکات مامۆستا و قوتابی لەنێو قوتابخانەکە بوون و دەوامیان کردووە".
ئەو دوو قوتابخانەیەی بەهۆی دوو درۆنەکەوە داخراون، قوتابخانەی بەرچیی بنەڕەتی و ئامادەیی نهێلین.
مەلا لەزگین ئاماژە بەوە دەکات، "شەڕی هێزەکانی تورکیا و پەکەکە کەوتووەتە نزیک گوندەکانی ئێمە؛ سێ خاڵی چاودێری کەمتر لە یەک کیلومەتر لە گوندى ئێمە دوورن. نازانرێت درۆنەکە هیی کام هێزە".
بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، نزیکەى 400 قوتابى لە چوار گوندى دەڤەرى نهێلى لە هەردوو قوتابخانەکانی بەرچیی بنەڕەتی و ئامادەیی نهێلی دەوام دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ