لافاو لە قەرەهەنجیر زیانی بە 10 گوند گەیاندووە؛ پردێک مەترسیی رووخانی لەسەرە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی شەپۆلی بەهێزی بارانبارین و دروستبوونی لافاوەوە، لە سنووری ناحیەی قەرەهەنجیری کەرکووک زیان بە زیاتر لە 10 گوند گەیشتووە و پردێکیش مەترسیی رووخانی لەسەرە. بەڕێوەبەری ناحیەکەش دەڵێت، تیمەکانیان دەستیانکردووە بە تۆمارکردنی زیانەکان.
 
ئاڤێستا محەممەد، بەڕێوەبەری ناحیەی قەرەهەنجیر ئەمڕۆ پێنجشەممە بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەکان زیاتر لە 10 گوند لە سنوورەکە زیانیان بەرکەوتووە، کە دیارترینیان گوندەکانی (باشبڵاخی سەروو و خواروو، شێخجری، تەیمەزاوا، شێردەرە و قەرەوەیس)ـن.
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری ناحیەی قەرەهەنجیر، لە گوندەکان زۆرترین زیان بەر رێگەوبانەکان، پڕۆژە کشتوکاڵییەکان، تۆڕەکانی دابەشکردنی ئاو و بەشێک لە دۆڵەکانی ناو ناحیەکە کەوتووە.
 
سەید هاوڕێ، دانیشتووی گوندی باشبڵاخی سەروو بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، دۆخی گوندەکەیان کە لە 25 ماڵ پێکهاتووە خراپە و گوتی: "بەهۆی لافاوەکەوە زیانێکی زۆر بە گەنم و باخ و کەرتی کشتوکاڵی گوندەکەمان گەیشتووە و تاوەکو ئێستاش کارەبای نیشتمانیمان نییە."
 
ئەو هاونیشتمانییە باسی لە مەترسیی پچڕانی رێگەی سەرەکیی ناوچەکە کرد و گوتی: "پردی گوندەکەمان لەبەردەم مەترسیی رووخاندایە، چونکە بەشێکی رێگەکە نیشتووە؛ ئەگەر ئەو پردە بڕووخێت، رێگەی نێوان شەش گوند و ناحیەی لەیلان دەپچڕێت."
 
سەبارەت بە دۆخی سەنتەری ناحیەکە، ئاڤێستا محەممەد روونیکردەوە، لە ناوەندی قەرەهەنجیر تەنیا سێ بۆ چوار ماڵ ئاویان تێچووە و زیانەکان کەمن، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە ساڵانی رابردوو لەڕێگەی دروستکردنی ئاوەڕۆی سندووقی گەورەوە ئامادەکاری کراوە.
 
بەڕێوەبەری ناحیەکە لەبارەی چاککردنەوەی رێگەی گوندەکان، گوتی: "تیمەکانمان بە شۆفڵ و گەڵابەوە وەک پلانێکی بەپەلە سەرقاڵی چاککردنەوەی رێگەی گوندەکانن و هەموو ئەوانەی زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی لافاو تۆماردەکرێن و خەمڵاندن بۆ زیانەکان دەکرێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پارێزگاری کرماشان قسە بۆ ژمارەیەک خوێندکار و مامۆستای ئایینی دەکات

پارێزگاری کرماشان: 40٪ـی هەناردەی ئێران بۆ عێراق لە رێگەی کرماشانەوەیە

پارێزگاری کرماشان رایگەیاند، کرماشان بووەتە دەروازەیەکی گرنگی بازرگانی و زیارەت لە نێوان ئێران و عێراقدا و ئێستا 40٪ی هەناردەی ئێران بۆ عێراق لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی پارێزگاکەوە دەکرێت.