رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سبەی لە تەواوی هەرێمی کوردستان باران دەبارێت. کەشناسان پێشبینی دەکەن، بڕی بارانەکە کەم بێت و مەترسیی لافاو نەبێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "دوای نیوەڕۆ تاوەکو ئێوارە ئەگەری نمەبارانی کەم هەیە لە ناوچەکانی رۆژئاوای هەرێمی کوردستان، ناوچەکانی پارێزگای دهۆک و ئیدارە سەربەخۆکانی زاخۆ و سۆران، لەگەڵ بڕێکی کەم لە بەفربارین لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان".
لەبارەی کەشوهەوای سبەیەوە، کەشناسی رایگەیاندووە، سەرەتا لە بەشێکی هەرێمی کوردستان نمەباران دەبارێت؛ پاشان کاریگەری درێژ دەبێتەوە بۆ تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان. کاریگەریی ئەم شەپۆلە تاوەکو شەممە بەردەوام دەبێ، بەتایبەت لە ناوچەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە.
شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو شەپۆلەی لە سبەیەوە هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە سەرچاوەکەی دەریاکانی نێوەڕاست و سوورە، بارانبارین تەواوی ناوچەکان دەگرێتەوە و 5 بۆ 20 ملیمەتر دەبارێت".
هەروەها د. لوقمان موفتی، شارەزای کەشناسی بە رووداوی گوت: "بارانەکە بڕەکەی زۆر نابێ و لاواز دەبێت؛ هەینی و شەممە بەردەوام دەبێت و رۆژی یەکشەممە دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە".
07ـی 12ـی 2025، شەپۆلێکی بارانبارین باشووری کوردستانی گرتەوە و بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام بوو، لە سێشەممە 09ـی مانگدا بەهۆی زۆریی بڕی بارانەکەوە لە بەشێکی باشووری کوردستان لافاو دروستبوو، بەتایبەت لە چەمچەماڵ و دەوروبەری، کەلار و دەوروبەری و کەرکووک، ئەوەش زیانی گیانی و مادی لێکەوتەوە.
بەگوێرەی کەشناسی هەرێمی کوردستان، پلەی گەرما لە باشووری کوردستان سبەی بەمشێوەیەی خوارەوە دەبێت:
هەولێر: 13 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 10 پلەی سیلیزی
دهۆک: 11 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 12 پلەی سیلیزی
کەرکووک: 13 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 10 پلەی سیلیزی
سۆران: 10پلەی سیلیزی
ئاکرێ: 11 پلەی سیلیزی
ئامێدی: 8 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 15 پلەی سیلیزی
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ