چیرۆکی ئەیوب عومەر ئەو منداڵەی لە کەلار خنکا؛ 'پاسکیلەکەم نەبەمەوە ناڕۆمەوە'

دوێنێ کاژێر 11:25
ئەحمەد تەڵعەت
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پاش ئەوەی لە کاژێر 10:00ـی شەوی چوارشەممە تەرمەکەی دۆزرایەوە، تەرمی ئەیوب عومەری 12 ساڵان بەیانی رۆژی پێنجشەممە 11-12-2025  لە گۆڕستانی بەرلووت لە کەلار بەخاکسپێردرا، ئەو لەکاتی یاریکردن و پاسکیل لێخوڕین کەوتە نێو مەنهۆڵی پردی گازینۆ لە کەلار و لە نزیک قەڵای شێروانە دۆزرایەوە، تەرمەکەی بەدرێژایی چوار کیلۆمەتر کەوتە نێو مەنهۆڵە و لەلایەن خۆبەخش و کەسوکارییەوە دۆزرایەوە.
 
ونبوون و چیرۆکی دۆزینەوەی تەرمی ئەیوب عومەر 
 
نزیکەی کاژێر 16:00ـی ئێوارەی چوارشەممە خەڵکی کەلار بە ونبوونی منداڵێکی 12 ساڵان بە ناوی ئەیوب عومەر ئاگادارکرانەوە، زۆربەیان لە نزیک پردی گازینۆ کۆبوونەوە بۆ سۆراخی منداڵەکە، لەنێویاندا کەسوکاری ئەیوب، ئەو تاقانەی دوو خوشک بوو، باوکی کرێکارە و دایکیشی دوای نزیکەی 3 کاژێر لە ونبوونی کوڕەکەی داوای لە خەڵک کرد سۆراخی بکەن، هودا غەفوور، دایکی ئەیوب کاژێر 7:00ـی ئێوارە بە هونەر حەمید، پەیامنێری رووداوی راگەیاند: "کوڕەکەم بینی لە نزیک پردەکە یاریدەکرد، دوای ئەوە سۆراخی نەما، نەگەڕاوەتەوە ماڵەوە، قەت هێندە دوانەکەوتووە .''
 
 
دوای 6 کاژێر گەڕان بەدوای تەرمەکەی، دواجار کاژێر 10:00 تەرمەکەی لەنزیک قەڵای شێروانە دۆزرایەوە، ئالان، دراوسێی ماڵی ئەیوب تەرمەکەی ئەو منداڵەی دەرهێنا، ئەو بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تەرمەکەمان لە کۆتایی مەنهۆڵەکە لەنزیک قەڵای شێروانە دۆزیەوە، کیلۆمەترێک بۆ کیلۆمەتر و نیوێک دوورکەوتبووەوە لە شوێنی خنکانی، کەوتبووە شوێنێکی قووڵ، چووینە نێو قامیشەکان و ئاوەکە کەمێک کەمببووەوە، پێنج کەس بووین تەرمەکەمان دۆزیەوە و دەرمانهێنا.''
 
 
چاوەڕوانییەکان بۆ خەڵکی کەلار درێژ بوون، چونکە شوێنی گەڕان زۆر فراوان نەبوو و چەند ئامێرێک خەریکی گەڕان بوون، بەڵام تەرمەکەی لە مەنهۆڵەکەوە چووبووە خوارەوە و ئاوی لافاو بردبووی.''
 
ئالان باسی ساتی دۆزینەوەی تەرمەکەی دەکات و دەڵێت: "شەڕواڵێکی رەش و فانیلەیەکی پەمەیی لەبەردابوو، شوێنی برین لە جەستەی نەبوو، بەڵام ئاوەکە هەموو لەشی مۆر کردبوو، دەم و چاو و گیانی هەمووی مۆر هەڵگەڕابوو، چونکە کە بەرزمان کردەوە جەستەم بینی کە مۆر ببوو .''
 
ئەو پێنج کەسەی بەدوای تەرمی ئەیوبدا دەگەڕان، هەموویان دراوسێ و ئەوانە بوون نزیکی ماڵی ئەیوب بوون، ئەوان دەڵێن، "شارەزاییمان لە گەڕان لەنێو ئاودا وایکرد بە زوویی تەرمەکە بدۆزینەوە، ئالان دەڵێت: "ئەیوب تەنیا دراوسێمان بوو، هەر لەبەر دراوسێییمان بڕیارم دا بگەڕێم بەدوای تەرمەکەیدا، کاتێک دۆزیمانەوە مامەکانی ئەیوب لەو شوێنە بوون، باوکیشی دۆخی خراپ بوو لەبەر خنکانی کوڕەکەی.'' 
 
'باوکی کرێکارە و تاقانەی دوو خوشک بوو'
 
تەرمی ئەیوب برایە پزیشکی دادی پاش ماوەیەکی کەم مانەوە و دڵنیابوونەوە لە تەرمەکە رادەستی کەسوکاری کرایەوە، دواتر لە مزگەوتی 'تەقوا' نوێژی مردووی لەسەر کرا، لە مزگەوتەکە باوکی ئەیوب بەدیار تەرمی کوڕەکەیەوە بە پەشۆکاوی دانیشتبوو، عومەر کرێکارە و باوکی سێ منداڵە، بە مردنی کوڕە 12 ساڵییەکەی تەنیا دوو کچی بۆ ماوەتەوە.
 
ئەو، جار جارە لە دەوری خۆی دەڕوانی و وەڵامی سڵاوی خەڵكی دەدایەوە کە هاتبوون بۆ مزگەوتەکە و لەگەڵی بوون لە ساتی ونبوون تاوەکو دۆزینەوەی تەرمەکە.
 
مامی ئەیوب لەبارەی ونبوونی ئەیوب و خنکانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دەستنوێژم گرت بۆ نوێژی مەغریب، هاتمە سەرجادەکە دایک و باوکی گوتیان ئەیوبی ئێمە دیار نییە، پێمگوتن بڕۆن بۆ ئەو شوێنە لێرە مەوەستن، دواتر کە هەر سۆراخی ئەیوب نەبوو گوتمان بەخوا ئەیوب خنکاوە.''
 
مامی ئەیوب زیاتر لەسەر ئەیوب گوتی: "قوتابی پۆلی حەوتی بنەڕەتی بوو، هەر خۆی و دوو خوشکن لە ماڵەوە، باوکیشی کرێکارە، سەرەتا باوەڕمان نەکرد ئەیوب بێ، بەڵام دواتر کە وەسفی پاسکیل و جلەکانی کرا زانیمان ئەیوبە.''
 
تۆڕی میدیایی رووداو کەمتر لە کاژێرێک پێش خنکانی، گرتەیەکی بڵاوکردەوە ئەیوب لەگەڵ چەند منداڵێکی دیکە لەژێر پردەکە دەردەکەوێت، پاسکیلێکی پێیە و لەنێو ئاوی لافاودا یاری دەکات، سەرەڕای مەترسی شوێنەکە، بەڵام کەس لەو شوێنە نییە داوایان لێ بکات دووربکەونەوە لەبەر مەترسیداری لافاوەکە.
 
چیرۆکێکی پێش خنکانی ئەیوب وەکو پەیامنێری رووداو لەزاری ژنێکەوە باسی دەکات، ئەیوب سەرەتا پاسکیلەکەی کەوتووەتە نێو ئاو، ئەو ژنە پێی گوتووە بچێتەوە ماڵەکەوە، بەڵام گوتویەتی بێ پاسکیل ناگەڕێمەوە دایکم لێم دەدات، هەرچەندە ئەوە پشتڕاستنەکراوەتەوە.
مامی ئەیوب داوا لە دایک و باوکان دەکات ئاگاداری منداڵەکانیان بن و رێگەنەدەن بچنە ئەو شوێنانەی مەترسیدارن و دەڵێت: "با منداڵان سەرگەردان نەبن و جەرگیان نەسووتێت، ئەوەی روویدا کارەساتە.''
 
لە گەرمیان 150 ماڵ بەهۆی لافاو زیانیان بەرکەوتووە و ئاوبارەکان تێکچوون
 
جەلال شێخ نووری، سەرپەرشتییاری ئیدارەی گەرمیان لە دادپزیشکی گەرمیان لەبارەی لافاو و مردنی ئەو منداڵە رایگەیاند: "مەترسییەکی ئەوتۆ نەبوو ببێتە هۆی گیانلەدەستدانی کەس بەهۆی لافاوەوە، تەنیا ئەو حاڵەتە هەبوو، ئەویش خۆتان بینیتان منداڵەکە یاریدەکرد و کەوتە نێو مەنهۆڵەکەوە.''
 
لەبارەی هاوکارییەکان بۆ کەلار، بەرپرسەکەی گەرمیان دەڵێت: "ئاماری زەرەر و زیانەکانی لافاو دەخەمڵێنین، پاش کۆکردنەوەی داتاکان ئەو هاوکارییانەی لەلایەن رێکخراوەکانەوە دەنێردرێت بەسەر خەڵکدا دابەش دەکرێت".
 
لە گەرمیان لافاو هێندەی چەمچەماڵ زیانی نەبوو، بەڵام سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان دەڵێت:" بە خۆشحاڵییەوە تیمەکان توانیان زیاتر لە  36 کەس لە مردن رزگاربکەن، شەو ئاستەنگی زیاتر بۆ تیمەکان دروست دەبێ، بەڵام ئەگەر تیمەکان نەبوونایە ژمارەیەکی زۆر لەو کەسانە گیانیان لەدەستدەدا.''
 
جەلال شێخ نووری رۆژی پێنجشەممە 11-12-2025 بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: "بەداخەوە دوای ئەوەی مەترسی لافاو نەما و ئاوەکە کەمبووەوە، هیچ مەترسییەک لەسەر شار نەما، ژمارەیەک منداڵ لە نزیک پردی گازینۆ یاریان دەکرد، یەکێک لەوانە بە پاسکیل یاریدەکرد، کەوتە نێو مەجارییەوە، ئەو مەجارییە ئاوی تێدایە بارانیش ئاوەکەی زیادکردبوو، منداڵەکە نەیتوانیبوو خۆی رزگاربکات و بووە هۆی خنکانی، ئەو رووداوە لە راستیدا نیگەرانییەکی زۆری لای گەرمیانییەکان دروستکرد.''
 
سەرپەرشتییاری ئیدارەی گەرمیان ژمارەی ئەو ماڵانەشی ئاشکراکرد کە بەهۆی لافاوەوە زیانیان بەرکەوتووە، رایگەیاند: "دەتوانین مەزەندەی ئەوە بکەین 150 ماڵ ئاو چووەتە نێوی، لیژنە پێکهێنراون بۆ خەمڵاندنی زەرەر و زیانەکان، زیانەکانیش تەنیا بۆ ماڵان نییە، بەڵکو ژمارەیەک ئاوباریش تێکچووە و دەبێ چاک بکرێنەوە.''
 
 'ئەو منداڵە هیچی ناوێت و پەپوولەی بەهەشتە'
 
 کاژێر 8:00ـی بەیانی رۆژی پێنجشەممە 11-12-2025، ئەیوب عومەر دوای ئەوەی بووە چیرۆکی هەموو خەڵکی کوردستان لە گۆڕستانی بەرلووت لە کەلار بەخاکسپێردرا، کەسوکار و دراوسێ و بەشێکی خەڵکی گەرمیان لەسەر گۆڕستان دوایین ماڵئاواییان لە ئەیوب عومەر کرد، ئەو مامۆستایەی لەسەر گۆڕستان گوتاری بۆ خەڵكدا گوتی: "سەرەخۆشی لە کاک عومەر( باوکی ئەیوب) بکەن بەهۆی لەدەستدانی کوڕەکەی، ئەو منداڵەش هیچی ناوێت( نزا و داوای لێخۆشبوون) پەنابەخوا پەپوولەی بەهەشتە و دەبێتە پشت و پەنا بۆ باوک و دایکی لە رۆژی قیامەتدا .''
 
گۆڕی ئەیوب لە گۆڕستانەکەدا لە لایەک داری زەیتوون و لەلاکەی دیکەش کێلێکە و دەبێتە دوایین شوێنی مانەوەی، ئەو یەکێک بوو لەو 5 کەسەی لە ماوەی 48 کاژێری رابردوو بە لافاو گیانیان لەدەستدا، دوو منداڵ ( ئەیوب و بەیار) لە کەلار و لەیلانی کەرکووک، کچێکی گەنجی خاوەن پێداویستی تایبەت، هەروەها پیاوێکی تەمەن 72 ساڵ و ژنێکیش لە کەرکووک بەهۆی لافاوەوە گیانیان لەدەستدا.
 
تاوەکو ئێستا بەهۆی لافاو لە هەرێمی کوردستان، بەپێی ئامارە فەرمییەکانی قایمقامییەتی چەمچەماڵ و ئیدارەی گەرمیان، زیاتر لە 650 ماڵ لە قەزاکانی کەلار و چەمچەماڵ بەهۆی لافاوەوە زیانیان بەرکەوتووە، جگە لەوەی 100 دووکان و کۆگە، هەروەها ئاوبارەکانی کەلاریش بەهەمان شێوە بەرلافاو کەوتوون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

تیمی دەزگای روانگە لە چەمچەماڵ. وێنە: رووداو

دەزگای روانگە: هەتا 1200 ماڵی زیانلێکەوتووی چەمچەماڵ ئاوەدان نەکەینەوە، ناوەستین

لە چەمچەماڵ، لە ماوەی چوار رۆژدا هەڵەت فەرهاد ژیانێکی گەرموگوڕی لێ شێوا، کاتێک لافاو ئەوەی لەگەڵ هاوسەر و چوار منداڵەکەی بۆ خۆشگوزەرانی پێکەوەیان نابوو، لەگەڵ خۆی بردی؛ بەڵام لەناو ئەو نائومێدییە قووڵەدا، دەزگای روانگە وەکو چرایەکی درەوشاوە، هیوا و ئومێدیان بۆ گەڕاندنەوە