رووداو دیجیتاڵ
شاسوار عەبدولواحید برایە بەردەم دادوەر لە دادگەی سلێمانی، بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، دادوەر رەتیکردووەتەوە سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ بە دانانی بارمتە ئازاد بکات.
ئەرکان عەلی، پەیامنێری رووداو لە بەردەم دادگەی سلێمانییەوە گوتی، دادگەی لێکۆڵینەوەی سلێمانی بۆ جاری دووەم داواکاریی ئازادکردنی شاسوار عەبدولواحیدی بە کەفالەت رەتکردەوە.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، پارێزەرەکانی سەرۆکی جوڵانەوەی نوێ داوایانکردبوو دادگە بە دانانی دەستەبەری (کەفالەت) شاسوار عەبدولواحید ئازادی بکات تاوەکو رۆژی دادگاییکردنی.
دۆسییە نوێیەکەی شاسوار عەبدولواحید تایبەتە بە سکاڵای خاوەن پشکەکانی چاڤیلاند.
شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ، لە 12-08-2025 لە ماڵەکەی خۆی لە شاری سلێمانی دەستگیرکرا، لە دانیشتنی سێیەمی دادگەدا رۆژی 02ـی ئەیلوول بە پێنج مانگ زیندانیکردن سزادرا، ئێستا سزاکەی تەواو کردووە و لەسەر سکاڵای دیکە دووبارە دادگایی دەکرێتەوە.
چەند دۆسیەیەکی دیکە دژی سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ جووڵێندراوە و چەند جارێک دادوەر دانیشتنیان لەبارەیەوە دواخراوە کە پەیوەندییان بە یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردنەوە هەیە.
شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێیە، کە جوڵانەوەکەی لە پەرلەمانی کوردستان 15 کورسی هەیە و لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیشدا سێ کورسی بەدەستهێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ