مەلا عەلی کەڵەک ئازادکرا

12-02-2020
رووداو @Rudawkurdish
وێنەی مەلا عەلی کەڵەک لە ڤیدیۆکەی گیراوە
وێنەی مەلا عەلی کەڵەک لە ڤیدیۆکەی گیراوە
نیشانەکردن مەلا عەلی کەڵەک
A+ A-
رووداو-هەولێر

مەلا عەلی کەڵەک بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک ئازادبوونی خۆی رادەگەیێنێت و دەڵێت بۆ بەجێهێنانی عومرە بەرەو مەککە دەڕۆم.

رۆژی سێشەممە هەواڵی دەستگیرکردنی مەلا عەلی کەڵەک لە مەدینە بڵاوکرایەوە و لە بەدواداچوونی رووداو بۆ ئەو پرسە، پۆلیسی مەدینەی منەوەرە هەواڵی دەستگیرکردنەکەی بۆ رووداو پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، ئەو کەسەی دەستگیرکراوە عێراقییە، ناوی عەلی مەحموودە و تەمەنی 50 ساڵانە و کوردە، بانگەشەی ئەوەی کردووە کە نەخۆشییەکانی خەڵک چاکدەکاتەوە. 

بەڵام ئەمڕۆ چوارشەممە 12-2-2020 مەلا عەلی کەڵەک ڤیدیۆیەکی لە فەیسبووکی خۆی بڵاوکردەوە و رایگەیاند کە لەنێوان مەدینە و مەککەدایە و بەرەو مەککە دەڕوات بۆ بەجێهێنانی عومرە. مەلا عەلی سوپاسی ئەوانەی کردووە لە 24 کاژێری رابردوو هەواڵیان پرسیوە و نیگەرانی چارەنووسی بوون و هاوکات دەڵێت، لە رۆژی قیامەت ئەو کەسانە ئازا ناکەم کە جنێویان بە خێزان و کەسوکارم داوە و بوختانیان بۆ کردووم.

پێشتر مەلا عەلیی کەڵەک لە هەژماری تایبەتی خۆی رایگەیاندبوو کە چووەتە گەشتی عومرە و لەوێ نەخۆش چاک دەکاتەوە و چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردبووەوە. لە گرتە ڤیدیۆییەکانیدا "چارەسەر" بۆ عومرەکاران دەکات. لەم ڤیدیۆیەش کە ئەمڕۆ بڵاویکردووەتەوە دەڵێت، تاوەکو ئیستا رووی نەداوە کە لە مەدینە کوێرێک شیفا وەرگرێ و چاکبێتەوە

گوتەبێژی راگەیاندنی پۆلیسی مەدینە هۆکاری دەستگیرکردنەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە "لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە گرتەی ڤیدیۆیی کەسێک بڵاوبووەوە کە لە مزگەوتی پێغەمبەر سەردانیکەران بە ناوی چارەسەرکردنەوە فریودەدات، بۆیە دەزگا ئەمنییەکان بەدوایدا گەڕان و گرتیان".

 

ئەگەرچی مەلا عەلی کەڵەک لە ڤیدیۆکەیدا زۆر کەس و کەناڵی راگەیاندن بە تەشهیر و ناوزڕاندن تۆمەتبار دەکات بەڵام هیچ ئاماژەیەک بە دەستگیرکردنی لە مەدینە یان ئەوەی کە لە 24 کاژێری رابردوو چی روویداوە ناکات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە