وەزیری بازرگانی بۆ رووداو: ئەو پاداشتەی عێراق بۆی ناردین بەپێی رێنوێنییەکان بەسەر فەرمانبەراندا دابەشمان کرد

12-02-2024
سەنگەر عەبدولڕەحمان
سەنگەر عەبدولڕەحمان @sangarrudaw
کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان
کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی باس لە دابەشکردنی پارەی بەشە خۆراک بەسەر وەزیر و بەرپرسانی وەزارەتەکەی دەکەن قسەی بۆ رووداو کرد و سەرجەم دەنگۆکانی رەتکردەوە.
 
لەبارەی ئەو پاداشتەی وەزارەتی بازرگانی عێراق بۆ فەرمانبەرانی وەزارەتەکەی ناردووە، کەمال موسلیم رایگەیاند، ئەو پارەیەی عێراق وەکو پاداشت بۆ فەرمانبەرانی ناردووە بەپێی رێنوێنییەکان بەسەر فەرمانبەرانی بەشی بازرگانی لە وەزارەتەکەیان دابەشیان کردووە. دەشڵێت، "ئەو پارەیەی بۆ نووسینگەی وەزیر خەرجکراوە، من وەرمنەگرتووە و بۆ پێداویستییەکانی نووسینگە تەرخانکراوە."
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانیی هەرێمی کوردستان:
 
رووداو: بەشداریی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لێرە چۆنە؟ بۆ چییە؟ چی دەکەن لێرە؟
 
کەمال موسلیم: زۆر سوپاس، خۆتان دەزانن ئەم لووتکەیە کە ئەمڕۆ لێرە دەبەسترێت لە زۆربەی وڵاتانی جیهان خەڵکی پسپۆڕ تێیدا بەشدارە، ئەو بابەتانەی تێیدا باس دەکرێن بابەتی جیاجیان، بۆ نموونە لەسەر ژینگەیە، تەکنەلۆژیایە، پیشەسازییە، بازرگانییە، کشتوکاڵە. شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بە سەرۆکایەتیی جەنابی سەرۆکوەزیران بەشدار بووە و ئێمەش چەند وەزیرێک بەشدار بووین. هەریەکە لەو پانێڵە بەشدار دەبێت کە تایبەتمەندە بە وەزارەتەکەی.
 
رووداو: لە پانێڵی جیاوازدا بەشدار دەبن؟
 
کەمال موسلیم: بەڵێ، ئێمە دەتوانین لە هەموو پانێڵەکاندا بەشدار بین، بەڵام پانێڵی تایبەتمەندیش هەیە، هەریەکە بەو بوارەی خۆی.
 
رووداو: وەزیرەکان قسەکەرن لە پانێڵەکاندا؟
 
کەمال موسلیم: نەخێر، ئێمە پانێڵیست نینە بچین لەوێ دانیشین، بەڵام لە گفتوگۆیەکاندا بەشداردەبین. بۆ نموونە من وەکو وەزیری بازرگانی و پیشەسازی کاژێر 2:00 پانێڵێک هەیە لەسەر دوارۆژی پیشەسازی و رۆڵی حکومەتەکان لە سوود وەرگرتن و بەکارهێنانی بەهرە و تواناکان لە بواری پیشەسازی و بازرگانیدا.
 
رووداو: چۆن سوود لێرە وەردەگرن بۆ خۆتان لە هەرێمی کوردستان؟
 
کەمال موسلیم: بێگومان ئێمە کە لەو پانێڵە بەشدار دەبین خەڵکی تایبەتمەند و پسپۆڕ لەو بوارە قسەدەکات، وە ئەزموونی خۆیان و ئەزموونی وڵاتەکانیان لە بوای پێشخستنی پیشەسازیدا باسدەکەن. ئێمە بە ئەزموونی ئەوان گوێی لێ دەگرین کە چۆن توانیویانە پیشەسازی لە وڵاتەکەی خۆیاندا پێشبخەن. جگە لەوەش ئەو خەڵکەی کە لێرەن چ ئیماراتی و چ خەڵکی دەرەوەی ئیمارات کە هاتوون؛ دیدارمان لەگەڵیان دەبێت، گفتوگۆمان لەگەڵیان دەبێت بۆ ئەوەی سوود لە توانا و ئەزموونی ئەوان وەربگرین.
 
رووداو: ئەوە سێیەم ساڵە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری دەکات، هیچ سوودی هەبووە بۆ هەرێمی کوردستان؟ توانیوتانە سوود لەو ئەزموونانە وەربگرن کە لە وڵاتان هەیە و لێرە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت بە تایبەتی لە ئیمارات کە لە چەند دەیەی رابردوودا بازێکی گەورەی داوە لە پیشەسازی، وەبەرهێنان، ئاوەدانکردنەوە و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا؛ دەتوانن سوودی لێببینن؟
 
کەمال موسلیم: بۆ من، ئەمە یەکەمجارە بەشدار دەبم لەو بوارە؛ بێگومان لە بۆنەیەکی ئەوها گەورەدا کە خەڵکی تایبەتمەند لەو بوارانە دێن قسەدەکەن و ئەزموونی خۆیان باسدەکەن، بێگومان سوود لە ئەزموونی ئەوان دەبینین بزانین چۆن ئەو بەربەستانەیان تێپەڕاندووە لە پێشخستنی پیشەسازی لە وڵاتەکانی خۆیاندا، بێگومان ئێمە سوودیان لێ دەبینین.
 
رووداو: جەنابی وەزیرە ئەوە بە دەرفەت دەزانم لێرەوە گفتوگۆ لەسەر هەرێمی کوردستان بکەین، لە چەند رۆژی رابردوو لە سۆشیاڵ میدیا و راگەیاندنەکان نووسراوێک بڵاوبوویەوە کە پارەی سەبەتەی خۆراک (بایەع) بەسەر وەزیر و بریکاری وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتییەکاندا دابەشکراوە؛ ئەوە جۆرێک لە ناڕەزایەتی و گلەییشی دروستکردووە، راستیی ئەو بابەتە چییە؟ حەزدەکەم خۆت باسیبکەیت.
 
کەمال موسلیم: ئێمە روونکردنەوەی تەواوماندا، لە پێشدا بەشێک لەو نووسراوەی ئێمە بڵاوکرابووەوە کە هەر تەنها ئەو بەشە بوو کە ئەو پارەیە بەسەر نووسینگەی وەزیر و بریکار و ئەمانە دابەش دەکرێت، باسی ئەوەیان دەکرد ئەو پارەیە بۆ فەرمانبەران هاتووە بۆ بەسەر خۆیان دابەشی دەکەن؛ بەڵام ئێمە روونکردنەوەی تەواومان دا کە ئەو پارەیە چۆن دێت. ئەو پارەیە لە ئەسڵدا کە دەگەڕێتەوە بۆ بەغدا، بەغدا جارێکی دیکە لە سەرتاسەری عێراقەوە، نەک هەر هەرێمی کوردستان، ئەو پارەیە دەگەڕێنێتەوە بۆ کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی کەلوپەلی خۆراک، ئەوان بۆ چۆنیەتی خەرجکردنەکە رێوشوێنیان داناوە بۆ گواستنەوە و داگرتن و بارکردنی ئارد و خۆراک تا دەگاتە لای بریکارەکان وە چاککردنەوەی کۆگە و سایلۆکان، جگە لەو دەرماڵەیەی (نەسریە)ی کە دەیدەن بە فەرمانگەکان، ئەو خەرجییانەی هەموو لێدەکرێت ئینجا ئەوەی کە دەمێنێتەوە بەپێی ئەو شێوازە دابەشکردنەی کە لە بەغدا دابەشی دەکەن وەکو پاداشت (موکافەئە) دابەش دەکرێت بەسەر فەرمانبەران. ئینجا، ئەوە هەموو وەزارەت دەگرێتەوە لە نووسینگەی وەزیرەوە تا دەگاتە فەرمانبەرەکانی دیکەش. ئەوەی لەسەر ئێمە بوو، ملیۆنێک دینار بۆ نووسینگە دانراوە، لەوێش باسم کردووە لە شوێنی خۆیدا، ئەو ملیۆن دینارە من هەر ناشیبینم و وەریشی ناگرم؛ لە نووسینەگەکە دەمێنێتەوە بۆ ئەو پێویستییانەی هەیە لە هاوکاریکردنی هاووڵاتییان، لە هاوکاریکردنی فەرمانبەران ئەگەر پێویستیان پێبێت، بۆ دابینکردنی پێویستیی نووسینگە ئەگەر شتێک هەبێت.
 
رووداو: ئەی بۆ بەڕێوەبەری گشتی و بریکاری وەزیر و ئەوانە؟
 
کەمال موسلیم: لە بەغداش بەمشێوەیە.
 
رووداو: واتە بەغدا وای دابەشکردووە؟
 
کەمال موسلیم: لە بەغدا بە هەمان شێواز دابەش دەکرێت، چونکە ئێمە کاتی خۆی کە ئەو رێککەوتنەمان لەگەڵ بەغدا کرد، هەروەک خۆت دەزانیت ئەو پارەیە چۆن گەڕایەوە سەر بەغدا، دوای ئەوەی سکاڵایان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی بازرگانی کرد کە ئەو پارەیە ناگەڕێندرێتەوە بۆ بەغدا، چونکە پێشتر هەر لای خۆمان بوو، تەنیا لە گواستنەوەی کەلوپەلی خۆراکی و ئارد خەرج دەکرا.
 
رووداو: ئێستا ئەو پارەیەی وەردەگیرێت لە هاووڵاتییان دەگەڕێتەوە بۆ بەغدا؟
 
کەمال موسلیم: هەر هەموو پارەکە دەگەڕێتەوە بۆ بەغدا. وەکو باسم کرد، بەغدا شێوازی خەرجکردنەکەی لە سەرتاسەری عێراق دیاریکردووە، هەر لای ئێمە وانییە و بەمشێوازە دابەش دەکرێت. ئێمە دەتوانین بڵێین یەک دینار وەکو پاداشت نابەین؛ من خۆم پاداشتم وەرنەگرتووە، بەڵام راستییەکە وایە. دەتوانین نە خۆمان وەریبگرین و نە دینارێکیش بدەینە هیچ فەرمانبەرێک؛ بەڵام ئەو پارەیەی کە نایدەیت بە فەرمانبەر وەکو پاداشت، لە بەغدا دەمێنێتەوە و ئەوان خەرجی دەکەن و وەکو پاداشت دەیدەنە فەرمانبەرەکانی خۆیان؛ چونکە ئەو پارەیە کە دێت، چۆنییەتی خەرجکردنەکەی لەلایەن وەزارەتی بازرگانیی فیدراڵەوە پشکنینی بۆ دەکرێت ئینجا جارێکی دیکە خەرج دەکرێتەوە.
 
رووداو: هەموو فەرمانبەرێکی وەزارەتی بازرگانی ئەو پاداشتەی وەرگرت؟
 
کەمال موسلیم: ئەو فەرمانبەرانەی کە سەر بە بەشی بازرگانییەکەن، واتا بۆ نموونە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پیشەسازی وەریناگرێت چونکە وەکو باسمکرد بۆ بازرگانییە، زرۆترینیشی کێ وەریدەرگرێت؛ بەڕێوەبەرایەتیی دابەشکردنی خۆراک.
 
رووداو: لە دادگەی فیدراڵیش داوایەک هەیە لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وەرگرتنی ئەو پارەیە و نەگەڕاندنەوەی.
 
کەمال موسلیم: ئێمە ئەو داوایەی کە لەسەرمان بوو ، دادگەی فیدراڵی رەتیکردەوە چونکە بە پسپۆریی خۆیانیان نەزانی بەڵام ئێمە بۆ کۆتاییهێنان بەو کێشەیە داوامان لە وەزارەتی بازرگانی کردووە بێن پاکتاوی (موحاسەی) ئەو پارەیە بکەن لە نێوان 2004ـەوە وەرگیراوە تا ئەو رۆژەی دراوەتەوە بەغدا، ئەو پارەیە چەندە بێن لێرە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی پاکتاو بکەن بەوەی کە پارەکە لە پێشوودا چۆن خەرجکراوە و لە چی خەرجکراوە. خۆت دەزانی ئەو پارەیە دەبێت لەو کارانە خەرجبکرێتەوە کە بۆ وەزارەتی بازرگانییە ئینجا ئەگەر کەمبوو یان زیادبوو ئەوکاتە دەبێت رێوشوێن بگیرێتە بەر.
 
رووداو: پاکتاوکردنەکە چۆن دەکرێت و لە چی دەکرێت؟ ئەی ئەگەر زیاتریان خەرجکردبوو و قەرزاربوون چی دەکەن؟
 
کەمال موسلیم: بۆ نموونە ئەو پارەیە لە چی سەرفدەکرێت، وەکو باسمکرد لە گواستنەوەی کەلوپەلی خۆراکی و ئارد تا دەگاتە بریکارەکان لە چاککردنەوەی سایلۆ و کۆگەکان، لە دابینکردنی پێداویستییەکانی ئەو فەرمانگانەی کە هاوتای فەرمانگەکانی بەغدایە و لە پاداشتی فەرمانبەرەکان چونکە ئەو پاداشتە لەوێش بەو شێوەیە دابەشدەکرێت. هەموو ئەو پارانە پاکتاو دەکرێت چەند لەو شتانە خەرجکراوە ئەگەر زیادبێت دەبێت بیدەینەوە کەمبێت دەبێت وەریبگرینەوە.
 
رووداو: لە چی دەیدەنەوە ئەگەر قەرزاربن؟
 
کەمال موسلیم: بێگومان دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان بیداتەوە.
 
رووداو: زۆر سوپاس جەنابی وەزیر.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ پرۆفیسۆر د. گرەیەم بارکەر

گرەیەم بارکەر بۆ رووداو: لە شانەدەردا دۆزیمانەوە نیاندەرتاڵەکان بە ئاگر چێشتیان لێناوە و پێکەوە نانیان خواردووە

پرۆفیسۆر د. گرەیەم بارکەر، سەرۆکی تیمی شوێنەوارناسی لە ئەشکەوتی شانەدەر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند کە دۆزینەوەی کەلەسەری ژنێکی نیاندەرتاڵ لە ساڵی 2018دا (شانەدەر زێد) زۆر گرنگە بۆ کوردستان، ئەو بەڵگەفیلمەی لەلایەن بی بی سیی بەریتانی بەرهەمهێنراو لە نێتفلێکس دا بڵاوکرایەوە "وای لە کورد کرد گرنگی کەلەپوورە دەوڵەمەندەکەی بۆ دەربکەوێت. کورد ئەویان وەک دایکی خۆیان داناوە. ئەوە شتێکی سەرنجڕاکێشە کە ببینی چۆن (شانەدەر زێد) و نیاندەرتاڵ بوونەتە بەشێک لە ناسنامەی کورد. پێموایە ئەوە بەشی یەکەمە، چونکە مانای وایە کورد بۆی دەردەکەوێت کە نەک تەنیا (شانەدەر زێد)، بەڵکو ئەشکەوتی شانەدەریش چەندە گرنگە". پرۆفیسۆر د. گرەیەم بارکەر دەڵێ پێویستە کەیسێک لەسەر ئەشکەوتی شانەدەر ئامادەبکرێت " بۆ یونسکۆ تاوەکو ئەشکەوتەکە ببێتە شوێنێکی کەلەپووریی جیهانی".