ساڵانە کرێی خانوو لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران نزیکەی نیو هێندە زیاد دەکات

13-03-2025
گرفتی گرانبوونی کرێی خانوو لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران
گرفتی گرانبوونی کرێی خانوو لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ساڵانە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کرێی خانوو نزیکەی نێو هێندە بەرز دەبێتەوە، ئەمەش لە کاتێکدا 30٪ـی دانیشتووانەکەی کرێچین.
 
مام بازید لە مهاباد زۆر نووسینگە گەڕاوە تاوەکو بەو پارەیەی هەیەتی بتوانێ خانوو بەکرێ بگرێت. ئەو دەڵێت، خانووی بچووکی قەراخ شاریش بە مانگانە 7 ملیۆن تمەن دەست ناکەوێت. حەوت ملیۆن تمەنیش دەکاتە نزیکەی نیوەی داهاتی مانگانەی زۆر لە کرێچییەکان.
 
بازید ئارام دەڵێت: "کاتی نوێکردنەوەی گرێبەستەکانە، بەڵام بەداخەوە ئێستا کرێی خانوو هێندە گران بووە، نەمتوانیوە کە خانووی دیکە بگرمەوە، ئێستا دەچینە هەر نووسینگەیەک خاوەنی خانوو داوای 200 ملیۆن تمەن پێشەکی و 7 ملیۆن تمەن کرێ دەکات، ئێستا زۆر کەس هەیە نەک تەنیا من، ناتوانن خەرجیی رۆژانەیان دابین بکەن." 
 
زیاتر لە 30٪ـی دانیشتووانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کرێچین. حکومەتی ئێران لە ساڵی 2020ـەوە بڕیاریداوە ساڵانە کرێی خانوو 20 بۆ 25٪ بەرز بێتەوە، بەڵام هیچ ساڵێک نەبووە، کرێ کەمتر لە 50٪ بەرز ببێتەوە.
 
کامیل ئەلیاسی، خاوەن نووسینگەیەکی خانووبەرەیە لە مهاباد باس لەوە دەکات کە "بۆخۆم لە رووم نایێت بە کابرا بڵێم، ئەو خانووەم هەیە بەو نرخە، چونکە بەڕاستی لە توانایاندا نییە، دواتریش وا بیر دەکەنەوە، ئەوە کاری فڕۆشیارەکانی خانووبەرەیە، بەڵام وانییە، خاوەن موڵکەکان خۆیان دێن و نرخی لەسەر دادەنێن."
 
بەرزی رێژەی هەڵاوسان و ناسەقامگیریی ئابووری بوونەتە هۆی بەرزبوونەوەی زۆری نرخی موڵک و نرخی موڵکیش کاریگەری راستەوخۆی لەسەر کرێی خانوو داناوە.
 
سالار سامعی، کرێچییەکی دیکەیە لە مهاباد و گوتی: "گرانی و بێ داهاتی یەکێکە لەو کێشە گەورانەی کە بوونەتە هۆی موڵک بەشێوەیەکی سەرسووڕهێنەر گران بێت. بەشێوەیەک کە خانوویەکی پاکوخاوێن بەکرێ بگریت، بۆ ساڵی داهاتوو بە دوو هێندە بەرامبەر پێت نادەن."
 
بۆ ئەم ساڵ، قایمقامی ژمارەیەک لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان خاوەن نووسینگەکانیان ئاگادار کردووەتەوە، نابێ گرێبەستی کرێ بۆ ساڵی داهاتوو بنووسن کە رێژەی بەرزبوونەوەی کرێ تێیدا بەراورد بەم ساڵ 20 بۆ 25٪ زیاتر بێت. ئەگەر بڕیارەکە جێبەجێ بکرێت، کرێچی ئاهێکیان دێتەوەبەر.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە