رووداو دیجیتاڵ
تۆڕی میدیایی رووداو نێوەڕۆکی نامەیەکی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاشکرا دەکات، تێیدا نەخشەڕێگەیەک بۆ چارەسەری کێشەی گومرگ و کێشەی بازرگانانی کورد دەخاتەڕوو؛ هاوکات هەولێر وەڵامی داواکارییەکی بەغدا لەبارەی نەوت دەداتەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی تایبەت دەست (رووداو) کەوتوون، نامەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە رێکەوتی 8ی ئادار بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق نێردراوە. نامەکە سێ تەوەر و خاڵی سەرەکیی لەخۆگرتووە کە تایبەتن بە پرسی پێناسی گومرگی و ئەو کێشانەی بەهۆی سیستمی نوێوە رووبەڕووی بازرگانانی هەرێمی کوردستان بوونەتەوە.
خاڵەکانی نێو نامەکەی مەسرور بارزانی بۆ سوودانی بەم شێوەیەن:
یەکەم: پێناسی گومرگی
مەسرور بارزانی ئامادەیی هەرێمی کوردستانی دەربڕیوە بۆ ئەوەی پێناسی گومرگی لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا یەکبخرێت، بەڵام جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە سەرەتا ئەو هەنگاوە لە نێوخۆی هەرێمی کوردستاندا جێبەجێ بکرێت، بۆ ئەوەی هیچ جیاوازییەکی گومرگی نەمێنێت.
دووەم: مەرجەکانی هەولێر بۆ سیستمی ئەسیکۆدا
سەبارەت بەم سیستمە ئەلیکترۆنییەی گومرگ کە بووەتە خاڵێکی گەورەی ناکۆکی لە نێوان هەولێر و بەغدا، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رازیبوونی خۆی بە بەکارهێنانی سیستمەکە نیشانداوە.
هەرێمی کوردستان بدوو مەرجی سەرەکی:
مەرجی یەکەم: هەرێمی کوردستان خۆی سەرپەرشتی و جێبەجێکردنی سیستمەکە بکات، واتە تیمەکانی وەزارەتی دارایی و گومرگی هەرێمی کوردستان کۆنترۆڵی سەرجەم داتاکان و پرۆسەی هاتن و چوونی پارەکە بکەن.
مەرجی دووەم: 6 بۆ 9 مانگ بدرێتە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی سیستمەکە جێگیر بکات. لە نامەکەدا هاتووە کە جێبەجێکردنی ئەم سیستمە لە عێراق چوار ساڵی خایاندووە، بۆیە ئاساییە 9 مانگ کات بدرێتە هەرێمی کوردستان.
سێیەم: چارەسەری کێشەی دۆلار
لە نامەکەدا باس لە قۆناخێکی کاتی کراوە تاوەکو کێشەکان بەتەواوی چارەسەر دەبن. بەو پێیەی ئێستا عێراق بۆ هاوردەکردنی کاڵا تەنیا پشتی بە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل بەستووە، هەرێمی کوردستان ئامادەیی نیشانداوە رێگە بدات کاڵای بازرگانانی عێراق و کوردستان لەوێوە بێتە نێوەوە بەبێ بەکارهێنانی سیستمی ئەسیکۆدا.
بۆ رەواندنەوەی گومانەکانیش، حکومەتی هەرێمی کوردستان، بانکی ناوەندیی عێراق و گەنجینەی ئەمریکای دڵنیا کردووەتەوە کە ئەو دۆلارەی بۆ کڕینی ئەو کاڵایانە دەچێتە دەرەوە سەلامەت دەبێت و بەقاچاخ نابردرێ؛ هەروەها رێککەوتن کراوە کە لایەنێکی سێیەم (کۆمپانیایەکی سەربەخۆ) چاودێریی پرۆسەکە بکات.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، بانکی ناوەندیی عێراق بەم پێشنیازە رازی بووە و ئەمریکییەکانیش پێیان وایە هەنگاوێکی "گونجاوە".
وەڵامەکەی هەولێر بۆ بەغدا لەبارەی نەوت
زانیارییەکانی رووداو ئاشکرای دەکەن کە لە رێکەوتی 1ی ئادار، حکومەتی عێراق بە فەرمی داوای لە هەرێمی کوردستان کردووە رێگە بدات رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوتی کەرکووک لەرێگەی بۆرییەکانی هەرێمی کوردستانەوە هەناردە بکرێت.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، هەولێر وەڵامی ئەو داواکارییەی بەغدای داوەتەوە و لە وەڵامەکەدا هاتووە: "یەک دڵۆپ نەوت ناڕوات، تاوەکو ئەو گەمارۆیەی لەسەر دۆلار خراوەتە سەر بازرگانانی هەرێمی کوردستان بەتەواوی هەڵنەگیرێ."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ