رووداو دیجیتاڵ
دوران کاڵکان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رایدەگەیێنێت، کورد نابێتە ئامرازی سەربازی و بەرژەوەندیی هیچ هێزێک لە ناوچەکەدا، هاوکات پشتگیریی بزووتنەوەکەی بۆ خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان دووپات دەکاتەوە.
دوران کاڵکان کە لە هەمانکاتدا ئەندامی ئەکادیمیای زانستە کۆمەڵایەتییەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلانە، لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆندا سەبارەت بە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران قسەی کرد و جەنگەکەی بە "جەنگی سێیەمی جیهانی" ناوبرد.
"شەڕی ئێران لە ساڵی 1990 دەستیپێکرد"
کاڵکان، ئاماژەی بە پاشخانی مێژوویی پێکدادانەکانی ئێستا کرد و گوتی: "ئەم شەڕە 10-11 رۆژ پێش ئێستا دەستی پێنەکردووە، 36 ساڵە بەردەوامە. لەو کاتەوەی ئەمریکا لە پاییزی 1990 ـدا لە ماوەی مانگێکدا 150 هەزار سەربازی هێنایە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەم شەڕە هەیە.
کاڵکان دەڵێت، ئەوان لە سەرەتاوە دژی ئەم شەڕەن، "چونکە ئەم شەڕە هیچ سوودێکی بۆ گەلانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست نییە. سەرۆکی ئەمریکا گوتی 'دیموکراسی بۆ من هیچ مانایەکی نییە'. بەوەی کە دیموکراسی بۆ گەلانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گونجاو نییە و پاشایەتی باشە، شا ئامادە دەکەن. ئێمە وەک ئەوانەی لە نزیکەوە ئەزموونمان کردووە، زۆر باش دەزانین شا چی بوو و چۆن رووخا."
"هێڵی ئێمە 'رێگەی سێیەم'ـە"
کاڵکان، جەختی لەوە کردەوە، پەکەکە لایەنگری هیچ لایەنێک نییە لە شەڕەکەدا و تیشکی خستە سەر "هێڵی سێیەمی سیاسی".
کاڵکان، گوتی: "نە لایەنگری سیستمی سەرمایەی جیهانیی سەرووی نەتەوەین و نە لایەنگری ستاتۆکۆی دەوڵەت-نەتەوەین. ئێمە رێگەی سێیەمین، لایەنگری کۆماری دیموکراسیین. دەمانەوێت کێشەکان بە رێککەوتن چارەسەر بکرێن. لە ئێراندا بە هیچ شێوەیەک گەڕانەوە بۆ رابردوو نابێت، بەڵام گرنگە چارەسەری چۆن گەشە دەکات. دەرکەوت سیستمی دەوڵەتچێتی ئاسایش دابین ناکات؛ دەبێت کۆمەڵگە رێکخراو بێت و دەوڵەت بە دیموکراسی هاوسەنگ بکرێت."
"کورد لەو دۆخەدا نییە ببێتە سەربازی هیچ کەسێک"
کاڵکان، کاردانەوەی تووندی پیشاندا بەرامبەر بەو لێکدانەوانەی باس لەوە دەکەن "کورد لە شەڕی هەرێمیدا وەک ئامراز بەکاردەهێنرێت" و گوتی:"هەندێک لایەن بۆ سووکایەتیکردن بە کورد دەڵێن 'دەبنە سەربازی فڵان'. کورد پابەندی کەرامەتی خۆیەتی." گوتیشی: "ئەوانەی باسی برایەتیی تورک و کورد دەکەن، دەبوو ببنە گوتەبێژ و بەرگریکاری کوردانی ئێرانیش. ئێمە وەک بزووتنەوە هەمیشە لەگەڵ گەلی رۆژهەڵاتمانین."
کاڵکان، پەیامێکی ئاراستەی کوردانی رۆژهەڵاتی کوردستان کرد و گوتی: "گەلی رۆژهەڵات گەلێکی خۆڕاگرە. پێویستە ئازادیی خۆی لە دیموکراتیزەبوونی ئێراندا ببینێتەوە. نابێت هیچ کەسێک باوەڕ بە دابەشبوونی ئێران بکات. کورد و ئازەری و فارس سەدان ساڵە پێکەوە دەژین. پێویستە خۆیان لە ناسیۆنالیزمی دەوڵەت-نەتەوە کە ئەم گەلانە بەگژ یەکدا دەکات، بەدوور بگرێت و هاوپەیمانیی دیموکراتیک پەرەی پێبدرێت."
"بە ئاسمانی تورکیادا مووشەک تێدەپەڕێت"
کاڵکان، سەرنجی خستە سەر شەڕی ناوچەکە و ئەو مەترسییانەی رووبەڕووی تورکیا دەبنەوە و بەرگریی لەوە کرد کە ئاسایش تەنیا بە رێکاری سەربازی دابین ناکرێت و گوتی: "دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دیارە. لە هەموو شوێنێک مووشەک دەفڕێت و دیار نییە لە کوێ دەکەوێتە خوارەوە. بە ئاسمانی تورکیاشدا مووشەک تێدەپەڕێت. رێگری لەم هەڕەشانە تەنیا بە دیموکراتیزەکردن دەکرێت."
کاڵکان، بە ئاماژەدان بە لێدوانەکانی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە گوتی: "باخچەلیش چەندین جار گوتوویەتی؛ دەوڵەت و دەسەڵات دەزانن پێگەی رێبەر ئاپۆ چ مانایەکی هەیە. بەڵام خۆیانی لێ دەدزنەوە. باسی 'مافی هیوا' دەکرێت، ئەمە دۆخێکی باشە، بەڵام دەبێت ئیدی لە قسەوە بچینە بواری کردارەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ