وەزارەتی پێشمەرگە: ئەمڕۆ هاوکاری دارایی هاوپەیمانان دابەش دەکرێت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، هاوکاری دارایی هاوپەیمانان بۆ هێزەکانیان خراوەتە سەر هەژمارەی وەزارەتەکەیان و ئەمڕۆ دابەش دەکرێت.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە وەزارەتەکە بڵاوی کردەوە، "دوای ئەوەی هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگی 2 خرایە سەر هەژماری وەزارەتمان، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی بوودجە و بەرنامەکان (ژمێریاری سەربازی) رێکارە دارایی و ژمێریارییەکان تەواو کراون و ئەمڕۆ دەست بە دابەشکردنی دەکرێت".
 
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پێشمەرگە بە رووداوی گوت، کۆتایی مانگی رابردوو پارەکە نێردرا، دوای رێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان ئەمڕۆ دابەش دەکرێت.
 
بە گوێرەی وەزارەتی پێشمەرگە، بۆ هاوکاریی مانگی 11ـی 2025، زیاتر لە 97%ی ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگە لە رێگەی پڕۆژەی 'هەژماری من'ـەوە هاوکاریی هاوپەیمانانیان وەرگرتووە.
 
هاوکارییەکە وەکو پشتیوانییەکە بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە کە هاوپەیمانان دابینی دەکەن.
 
لیوا روکن بەختیار محەممەد، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، 16ـی شوبات بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ [ناردنی هاوکارییەکە] بەردەوام دەبێ، ئینجا دواتر دەمێنێتەوە سەر ئەوەی کە بڕیاری ئەمریکا و هاوپەیمانان سەبارەت بە هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق چۆن دەبێت".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە