17 بنکەی سەربازی لە سنە و ئیلام بۆردوومان کران و پارێزگاری لوڕستان دەڵێ 2500 باڵەخانە و خانوو رووخاون

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
ناسر پیرۆتی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەپێی زانیارییە پشتڕاستکراوەکان، رۆژی چوارشەممە 11ـی ئاداری 2026، لە پارێزگاکانی سنە و ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان لانیکەم 17 بنکە و دامەزراوەی سەربازیی هێزەکانی ئێران بۆردوومان کران. زیاترین هێرشەکان لەسەر پارێزگای سنە بوون. 
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی بڵاوکراونەتەوە، هێزەکانی سوپای پاسداران ژمارەیەک بنکەی سنوورییان لە پارێزگاکانی کرماشان و سنە چۆڵکردووە.
 
پارێزگای سنه
 
رۆژی چوارشەممە لە شارەکانی سنە، سەقز، بانە، مەریوان، دیواندەرە و قوروەی پارێزگای سنە، بنکە و دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوونە ئامانجی هێرشە ئاسمانییەکان. 
 
لە شاری سنە، سەربازگەی (ئیمام عەلی)ـی سوپای پاسداران لە ناوچەی دۆشان کرایە ئامانج. لە سەرەتای شەڕەوە، ئەو سەربازگەیە چەند جاری دیکەش بۆردوومان کراوە.
 
هەروەها هێرشکرایە سەر بنکەی پۆلیسی ژمارە 12 لەنێو شاری سەقز و ، بنکەکانی سوپای پاسداران لە شارۆچکە و گوندەکانی سوننەتە، حەسەن سەلاران، ساحێو و کەسنەزانی سەر بە شاری سەقز.
 
فەرماندەیی پاسەوانیی سنوور لە نزیک گۆڕەپانی نەورز لەنێو شاری مەریوان و بنکەیەکی سوپا  و بەسیج لە گوندی بیکەڕە، بنکەیەکی هێزەکانی سوپای پاسداران لە کانی دیناری مەریوانیش بۆردوومان کران.
 
لە شاری بانەش هێرش کرایە سەر بنکە سەرەکییەکانی سوپای پاسداران، ئەرتەش و پاسەوانیی سنوور و هەروەها بنکەیەکی پۆلیس لە گوندی رەشەقەڵا.
 
لە شاری دیواندەرەش، ناوەندی سەرەکیی سوپای پاسداران و بنکەیەکی بەسیج لەنێو شار بۆردوومان کران. بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی بڵاوبوونەتەوە، ناوەندەکەی سوپای پاسداران بە تەواوی خاپوور کراوە. 
 
هەروەها لەنێو شاری قوروە، ناوەندی فەرماندەیی سوپای پاسداران لەو شارە کرایە ئامانج. مورتەزا جەوانمەردی، قایمقامی قوروە دەڵێت، لە ئەنجامی هێرشەکەدا 6 کەس بە سووکی برینداربوون.
 
غەریب سەجادی، قایمقامی سنەش رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 17 شوێن لەنێو شاری سنە بۆردوومان کراون. بە گوتەی قایمقامی سنە، جگە لە دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکان، دوو هەزار یەکەی نیشتەجێبوونیش زیانیان پێگەیشتووە. هەروەها پویا تالب‌ نیا، بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار و میراتە کولتوورییەکان لە پارێزگای سنە دەڵێت، لە ئەنجامی هێرشەکاندا زیان بە ژمارەیەک باڵەخانەی مێژوویی لەنێویاندا باڵەخانەکانی ئاسف و خەسرەوئاوا گەیشتووە.
 
پارێزگای ئیلام
 
نیوەڕۆی چوارشەممە لە بەرزاییەکانی دەورووبەری شارەکانی ئیلام و ئاودانان لە پارێزگای ئیلام دوو بنکەی سیستمی بەرگری ئاسمانیی هێزەکانی سوپای پاسداران بۆردوومان کران.
 
لەگەڵ بەردەوامبوونی هێرشەکان و جێگیربوونی هێزەکانی ئێران لە شوێنی ناسەربازی لەنێو شاری ئیلام، بەشێک لە دانیشتووانی شارەکە ماڵەکانیان چۆڵکردووە و چوونەتە گوندەکان یان شارەکانی دیکە، بەڵام ئەحمەد کەرەمی، پارێزگاری ئیلام رۆژی چوارشەممە رەتیکردەوە، شاری ئیلام بە تەواوی چۆڵکرابێت. 
 
زیادکردنی پشکنین و چۆڵکردنی ژمارەیەک بنکە
 
لە چەندین شاری رۆژهەڵاتی کوردستان، هێزەکانی سوپای پاسداران و پۆلیس ژمارەی خاڵەکانی پشکنینیان زیادکردوووە. لە پارێزگاکانی ورمێ، سنە و کرماشان و بەتایبەت لە شارە سنوورییەکان، خاڵی پشکنینی ناجێگیر دانراون. 
 
بەپێی راپۆرتی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، هێزەکانی سوپای پاسداران ژمارەی خاڵەکانی پشکنینیان لە پارێزگاکانی سنە و کرماشان بە رێژەیەکی بەرچاو زیاتر کردووە و لە کامێران، روانسەر، سەوڵاوا، کرماشان و سنە چەندین خاڵی پشکنینی تازەیان داناوە.
 
ئەو رێکخراوە هەروەها بڵاویکردووەتەوە، هێزەکانی سوپای پاسداران بە تایبەت لە کوێستانەکانی شاهۆ، ژمارەیەک لە بنکەکانی چۆڵکردووە و هێزەکانی بردووەتە نێو مزگەوتی گوندەکانی داوێنی چیای شاهۆ.
 
ئاماری هێرشەکان لە پارێزگای لوڕستان
 
لە هێرشی هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکانی ئێران لە پارێزگای لوڕستان، تاوەکو ئێستا دەیان شوێن لە شارەکانی خوڕەمئاوا، بروجێرد، کوویەشت، دوورود، پۆلدوختەر، ئەلیگودەرز، ئەزنا، نورئاباد، ئەلشتەر و چێگەنیی ئەو پارێزگایە بۆردوومان کراون. بەشی هەرە زۆری ئەو شوێنانەی بۆردوومان کراون، بنکەی سەربازی و ئەمنیی هێزەکانی ئێرانن.
 
سەعید شاهروخی، پارێزگاری لوڕستان رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 71 جار ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردووەتە سەر لوڕستان و 10 شار و شارۆچکەی لەو پارێزگایە و، 112 شوێن بۆردوومان کراون. بە گوتەی شاهروخی، لە ئەنجامی هێرشەکاندا دوو هەزار و 500 باڵەخانە، خانوو و یەکەی بازرگانی رووخاون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەروازەی پەروێزخان

هاوردە و ناردنکاران: دەروازەی پەروێزخان کرایەوە

یەکێتیی هاوردە و ناردنکاران درەنگی شەوی چوارشەممە رایگەیاند، لە دوێنێوە، دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان کراوەتەوە و نزیکەی 200 بارهەڵگر لەو رێگەیەوە گەیشتوونەتە هەرێمی کوردستان.