ئێران دەروازەکان دەکاتەوە و لە هەرێمی کوردستان نرخی سەوزە و میوە 100% دادەبەزێت

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی لە سەرەتای جەنگەوە، ئێران هەناردەی سەوزە و میوەی راگرت و نرخەکەی لە هەرێمی کورستان بۆ نزیکەی دوو هێندە و زیاتر بەرزبوونەوە، قەدەخەکە لابرا، هاوردە و ناردەنکاران رایگەیاندووە، تەنیا دوێنی 800 بارهەڵگر شتومەک لە ئێرانەوە هاوردە کراوە. بەرپرسانی عەلوەکان دەڵێن، نرخەکان 100% دابەزیون.
 
سەروەر عەلی، بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێران هەناردەی دەستپێکردووەتەوە، نرخی سەوزە و میوە بەراورد بە سەرەتای جەنگ دابەزیوە و ئاسایی بووەتەوە".
 
پێشتر تەنیا دەروازەی باشماخ لە پارێزگای سلێمانی لەگەڵ ئێران کراوەبوو، دوێنی دەروازەی پەرێزخان لە هەمان پارێزگا کرایەوە. بە گوتەی سەروەر عەلی: "سەوزە و میوە ئەوەنە زۆرە هیچ کێشەی کەمیی نییە لە عەلوەدا".
 
بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی باسی لە نرخەکان کرد و گوتی: "تەماتەی عێراقی دوێنێ بۆ سووریا دەنێردرا لە عەلوە بە کۆ کیلۆی هەزار دیناری تێپەڕاند، ئەمڕۆ دۆخەکە ئاسایی بووە و سووریا لە ئوردنەوە هاوردەی کرد و لێرە کیلۆی بووەوە 500 دینار".
 
سەروەر عەلی گوتی، سەرەتای جەنگ کیلۆیەک پرتەقاڵی ئێرانی گەیشتە نزیکەی 900 دینار، ئێستا دابەزیوە بۆ 650 دینار، پیاز کیلۆیەکی 750 دیناری تێپەڕاند، ئەمڕۆ 350 دینارە، خەیارە کیلۆیەکی گەیشتە 1200 دینار، ئەمڕۆ نزیکەی 500 دینارە.
 
ئەو نرخانەی بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی باسی دەکات، نرخی (کۆ)یە و کیلۆیان بە نزیکەی 500 دینار زیاتر دەگاتە دەستی هاونیشتمانیان.
 
رەجەب حاجی عەزیز، سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر، رۆژی پێنجشەممە، 12ـی ئاداری 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دەروازەی ئێران بۆ هاوردە کراوەتەوە و هەموو شتێک هێندە هەرزان بووە پێش جەنگیش وا نەبوو".
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر گوتی، "کیلۆیەک خەیار بووە بە 400 دینار، پیاز دابەزیوە 300 دینارە و باینجان 500 دینارە، هەموو شتێکی ئێرانی هاتووە و نرخەکانی دابەزاندووە".
 
رەجەب حاجی عەزیز گوتی: "تاوەکو ئەمڕۆ دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران داخراوە، ئەوەی دێت لە دەروازەی باشماخەوە هاوردە دەکرێت لە سلێمانی".
 
لە دەستپێکی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل بەرامبەر ئێرانەوە دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران لە پارێزگای هەولێر و دەروازەی پەروێزخان لە پارێزگای سلێمانی داخراون، بەڵام دەروازەی باشماخ هەر لە سلێمانی بە کراوەیی مابووەوە.
 
جگە لە داخستنی دەرەوازەکان، بەهۆی کاریگەرییەکانی جەنگەوە، 3ـی ئادار ئێران بڕیاری قەدەخەکردنی هەناردەی بەرهەمە کشتوکاڵی و خۆراکییەکانی لە وڵاتەکەی دا و دوای چەند رۆژێک بڕیارەکەی لابرد.
 
یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێكدا رایگەیاند، دوێنی 11ـی ئادار، دەروازەی پەروێزخان لەلایەن ئێرانەوە کراوەتەوە و نزیکەی 200 بارهەڵگری لێوە هاتووەتە هەرێمی کوردستان.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، تەنیا دوێنێ 600 بارهەڵگر لە دەروازەی باشماخەوە شتومەکیان هێناوەتە هەرێمی کوردستان. هاوردە و ناردنکاران دەڵێت: "چاوەڕوان دەکرێت دەروازەی حاجی ئۆمەرانیش بکرێتەوە".
 
بەگوێرەی ئاماری عەلوەکان بۆ رووداو، بەرهەمی سەوزە و میوەی نێو عەلوە گەورەکانی سلێمانی و هەولێر، زیاتر لە نیوەی بەرهەمی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە