تۆڕی هەنگەوانانی کوردستان: ئەمساڵ ژمارەی پوورەهەنگ بۆ نزیکەی دووهێندە زیادیکردووە

12-05-2023
ئەندام جەبار
هەنگەوانێک لە دەڤەری سۆران
هەنگەوانێک لە دەڤەری سۆران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

چەند هەنگەوانێک لە سۆران بۆ رێگری لە شڵخەدانی مێش هەنگەکانیان، بەردەوام سەردانیان دەکەن، چونکە هەر ساڵێک شڵخەدان زۆر بوو، بەرهەمی هەنگوین کەم دەبێتەوە. ئەمساڵ هەندێک مێش هەنگ سێ شڵخەی داوە و تۆڕی هەنگەوانانی کوردستانیش دەڵێت، ئەمساڵ ژمارەی پوورەهەنگ بۆ نزیکەی دووهێندە زیادیکردووە.
 
نێوەڕاستی مانگی چوار تاوەکو کۆتایی مانگی شەش کاتی شڵخەی مێشە. بوونی شڵخەی زۆر ئەگەر بە شارەزایی مامەڵەی لەگەڵ نەکرێت، دواجار بە زیان دەشکێتەوە بۆ هەنگەوانان.  
 
محەممەد ئەمین ئیبراهیم، هەنگەوانە و دەڵێت، "ئێمە پێمان خۆش نییە مێش شڵخە بدات، مێش ئەگەر شڵخەی دا تێدەچێت، هیچ ساڵێک وەکو ئەمساڵ نەبووە، بڕوا بکە بڕۆ سندووقی بەتاڵ لەو شاخە دابنێ، مێش دەچێتە ناوی، چونکە ئەمساڵ ئەوەندە شڵخە زۆر بووە. مێش هەیە سێ شڵخەی داوە."  
 
بۆ کۆکردنەوەی زۆرترین بەرهەم؛ هەنگەوانانی کورد شێواز و تەکنیکی نوێ بەکاردەهێنن، جگە لە هەنگوین؛ کار لەسەر بەرهەمهێنانی مەلیکەی هەنگ دەکەن، چونکە هێندەی فرۆشتنی هەنگوین و زیاتریش سوودی لێ دەبینن.  
 
سێبوور رواندزی، هەنگەوان بە رووداوی گوت، "ئەو سندووقەم 10 ئیتاری تێدایە، 5یان دەینمە دەرێ و 5ـەکەی دیکە لە ناوی دەمێنێتەوە، تاوەکو کاتی هەنگوین دادێت، دەبێتە 10 ئیتار، ئەوە بەلای کەمی 10 کیلۆ هەنگوینم بۆ دەکات، دەتوانی خواردنی مەلیکەی لێ بەرهەم بینی، دەتوانی مەلیکەی دروستبکەی، چونکە یەک مەلیکەی بە 25 هەزارە، یانی ئەگەر ئەمن 100 مەلیکەی بەرهەم بینم، لەوانەیە دوو ملیۆن و نیو بکات."
 
بەگوێرەی ئاماری تۆڕی هەنگەوانانی کوردستان؛ لە ساڵی 2022 لە هەرێمی کوردستان 700 هەزار پوورەهەنگ هەبوون، بۆ ئەمساڵ ژمارەکە بۆ نزیکەی دووهێندە زیادبووە، دووساڵی پێش ئێستا بەرهەمهێنانی هەنگوین لە بەرزترین ئاستدا گەیشتە 950 تۆن، لەگەڵ زیادبوونی پوورەهەنگ؛ پێشبینی کەمبوونەوەی بەرهەمی هەنگوینیش بۆ نیوەی ساڵی رابردوو دەکرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە