رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە تورکیا لەبارەی بڕیاری چەکدانانی پەکەکە و هەنگاوەکانی دواتری پرۆسەی ئاشتی دەڵێت، پرۆسەی ئاشتی بە چەندین قۆناخ دەکرێت، بڕیاری چەکدانان و جێبەجێکردنی گرنگترین بڕیارە و ئێستا تورکیا لە رووی یاساییەوە هەنگاوی گرنگی لە پێشدایە. دەشڵێت، بەبێ هەرێمی کوردستان، ئەستەمە پڕۆسەی ئاشتی سەربگرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، 12ی ئایاری 2025، د. لوقمان باسکەدێری بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پڕۆسەی ئاشتی چەند قۆناخێکی پێویستە، بڕیاری چەکدانان و جێبەجێکردنی گرنگترین بڕیارە، بەگوێرەی زانیارییەکانیش، پەکەکە لە سنووری قەندیل، ئامێدی و رۆژئاوای کوردستان چەکەکانیان دادەنێن."
د. لوقمان گوتی، "قۆناخێکی دیکە ئەوەیە کە سەرکردە باڵاکان و کادرە نێوەندییەکانیان بۆ کوێ دەچن، کە ئەمە بەو ئاسانییە یەکلایی نابێتەوە، چونکە کات و ئامادەکاری پێویستە، ئێستا باس لەوەش دەکرێت کە لایەنی سێیەم بێتە نێو پرۆسەکە، چونکە ئاسان نییە ئەو سەرکردە و کادرانە لە نێو تورکیا نیشتەجێ بن، بۆیە رەنگە لایەنی سێیەم بەشداربێت و سەرکردەکان لە خۆبگرێت."
نوێنەری یەکگرتوو لە تورکیا دەشڵێت، "هەندێک لە سەرکردە و کادرەکانی پەکەکە دۆسیەیان هەیە و ئەوەش دەبێت یەکلایی بکرێتەوە، لەگەڵ بابەتی موڵک و سامانی پەکەکە، کە ئاخۆ چۆن و چی لێدەکرێت. هەروەها تورکیا دەیەوێت نەک خودی پەکەکە، بەڵکو سەرجەم ئەو گرووپانەی دیکەش کە سەر بە پەکەکەن چەک دابنێن و خۆیان هەڵبوەشێننەوە."
بە بڕوای د. لوقمان، "ئەرک و قۆناخە قورسەکە لەدوای ئەم قۆناخانەوەیە، کە ئاخۆ چۆن دێنەوە نێو تورکیا، کە لە رێگەی دەم پارتییەوە دەبێت یان حیزبی دیکە دروست دەکەن و بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکەن."
لەبارەی رۆڵی هەرێمی کوردستان لە پرۆسەکەدا، نوێنەری یەکگرتوو لە تورکیا گوتی: "ئەم پڕۆسەی ئاشتییە بەبێ هەرێمی کوردستان ئەستەمە، ئەوەی دەیبینین ئەوەیە کە پێویستە هەرێمی کوردستان لەم پرۆسەیەدا بەشدار بێت و دەکرێت هەرێمی کوردستان ببێتە لایەنی سێیەم لە پرۆسەکەدا. لە هەموو گفتوگۆکانی پرۆسەی ئاشتیشدا هەرێمی کوردستان بەشداربووە."
سەبارەت بە هەنگاوی داهاتووی تورکیاش د. لوقمان گوتی: "ئێستا تورکیا لە رووی یاساییەوە هەنگاوی گرنگی لە پێشە، بۆ نموونە، ئەو ئەندامانەی پەکەکە کە هیچ دۆسیەیان لەسەر نییە، بۆیە رێگەدەدرێت ئەوانە بگەڕێنەوە نێو کەسوکاری خۆیان، هەروەها باسێکی گەرم هەیە کە دەستووری تورکیاش هەموار دەکرێتەوە."
بەیانیی ئەمڕۆ، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ی خۆی راگەیاند، کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچوو، بەپێی ئەنجامی کۆنگرەکە پەکەکە بە فەرمی خۆهەڵوەشاندنەوەی خۆی راگەیاند.
پارتی کرێکارانی کوردستان ساڵی 1978 لە باکووری کوردستان دامەزراوە، ساڵی 1982 لە کۆنگرەی دووەم دا بڕیاری چەکهەڵگرتنی دژی دەوڵەتی تورکیا پەسند کرد، لە 18ـی ئابی 1984 یەکەم تەقەی لە دژی تورکیا کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ