رووداو دیجیتاڵ
دوای 41 ساڵ لە خەباتی چەکداری، ئەمڕۆ پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە بڕیاریدا خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت. بەڵام پرۆسەکە هێشتا نەچووەتە قۆناخی کردەیی. شارەزایەکی سەربازیش دەڵێت: "چەکدانان پرۆسەیەکی ئاڵۆزە و تەنیا پەیوەست نییە بە تورکیاوە."
ئەمڕۆ دووشەممە، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ی راگەیاند کە بە بەشداریی 232 ئەندام بووە و دەڵێت، "خەباتکردن بە ناوی پەکەکەوە کۆتایی دێت." دەشڵێت، "گەلەکەمان هۆشیارانە خاوەندارێتی لە پرۆسەی ئاشتی دەکات" و "لە بڕیاری هەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری باشتر تێدەگەن."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەیدا پەکەکە ئاماژەی بەوە کردووە، "پرسی کورد بە رێگەی سیاسەتی دیموکراتیکمان ھێناوەتە خاڵی چارەسەری و رۆڵی مێژووییمان هەبووە. بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەکە لەلایەن رێبەر ئاپۆوە بڕیاری ھەڵوەشاندنەوە و کۆتایی ھێنان بە تێکۆشانی چەکداری دراوە."
شارەزایەکی سەربازی: چەکدانانی پەکەکە پێویستی بە رێککەوتنی ئەنقەرە-بەغدا-هەولێرە
فەریقی یەکەم جەبار یاوەر، پسپۆڕی سەربازییە و پێشتر ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە بووە، ئەو لەبارەی پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی: "راستە بڕیاری چەکدانانیان داوە، بەڵام هێشتا باسی داهاتووی خۆیان نەکردووە، چونکە پرۆسەکە ئاڵۆزە و بە چەند رۆژێک جێبەجێ ناکرێت."
جەبار یاوەر گوتی: "زۆربەی هێزەکانی پەکەکە لە خاکی باشووری کوردستانن نەک باکوور و تورکیا، کەواتە چەکەکانیشیان لەنێو خاکی تورکیادا نین، بۆیە دەبێ پێش چەکدانان ئەنقەرە، بەغدا و هەولێر لێژنەیەکی هاوبەش پێکبهێنن و رێکبکەون."
چەکدانان لە دیدی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە
بەپێی رێکخراوی چەکدانان، چەکداماڵین و تێكەڵکردنەوە-DDR ی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، پڕۆسەی چەکدانانی گرووپێکی چەکداری بەشێوەیەکی گشتی ئەم قۆناخانە لەخۆدەگرێت:
1. دانوستان و رێککەوتن: سەرەتا رێککەوتنێکی ئاشتی یان ئاگربەستێک لەنێوان لایەنەکاندا واژۆ دەکرێت کە تێیدا مەرجەکانی چەکدانان دیاری دەکرێن.
2. پلانداڕشتن: دانانی نەخشەڕێگایەک بۆ پڕۆسەکە، دیاریکردنی شوێنی چەکدانان، چۆنیەتی کۆکردنەوەی چەکەکان و چاودێریکردنی پڕۆسەکە.
3. تۆمارکردن: تۆمارکردنی ئەندامانی گرووپە چەکدارەکە و ناسنامەکانیان.
4. کۆکردنەوەی چەکەکان: ئەندامانی گرووپەکە چەکەکانیان رادەست دەکەن لە شوێنە دیاریکراوەکان.
5. جیاکردنەوە و پاراستنی چەکەکان: چەکەکان پۆلێن، ژمارە و تۆمار دەکرێن، پاشان لەناو دەبرێن یان دەشاردرێنەوە.
6. جیاکردنەوە: ئەندامانی گرووپەکە لەیەکتر جیا دەکرێنەوە و لە پێکهاتەی سەربازی دەردەهێنرێن.
7. دووبارە یەکخستنەوە: یارمەتیدانی ئەندامانی پێشووی گرووپە چەکدارەکان بۆ گەڕانەوە بۆ ناو کۆمەڵگە لەڕێگەی پێدانی خزمەتگوزاریەکانی وەک راهێنان، پەروەردە و دەرفەتی کار.
8. چاودێری: بەدواداچوونی درێژخایەن بۆ پڕۆسەکە بۆ دڵنیابوون لە سەرکەوتنی.
ئەندامێکی پێشووی سەرکردایەتیی پەکەکە: بڕیارەکە بە دڵی گەریلا نییە
خەلیل ئاتاج، پێشتر ئەندامی سەرکردایەتیی پەکەکە بووە، لەبارەی پرۆسەی چەکدادانەوە قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی: "گەریلاکانی پەکەکە، کەسانێکی فیدایین بۆ کوردستان، ئەوان بە گیانفیدایی پەروەردە کراون، ئەگەر بە دڵی ئەوان بێ چەک دانانێن، بەڵام دۆخێک هاتووەتە پێشەوە و سەرۆکەکەشیان داوای لێکردوون، بۆیە پابەند دەبن."
بە گوتەی ئاتاج، "ئێستا پرۆسەکە کەوتووەتە دەست دەوڵەتی تورکیا و دەبێ ئەو هەنگاوەکانی دیکە بنێت."
"تاوەکو داهاتوویان روون نەبێتەوە گەریلاکان چەک دانانێن"
جەبار یاوەر دەڵێت: "تاوەکو گەریلاکانی پەکەکە و بەدیاریکراوی سەرکردەکانیان داهاتووی خۆیان نەزانن، چەک دانانێن، بۆیە پێویستە بۆ سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە پەرلەمانی تورکیا بێتە سەر هێڵ و یاسایەکی لێبووردن دەربکات."
بە گوتەی جەبار یاوەر، "زۆربەی سەرکردەکانی پەکەکە بە نائامادە حوکمدراون و بەشێکی سەرکردە و گەریلاکانیش لە دادگەکانی تورکیا داواکراون."
"باشترە چەکەکانی پەکەکە رادەستی هەولێر بکرێن"
بە گوتەی ئەو شارەزا سەربازییە، چەقی ململانێی نێوان پەکەکە و تورکیا لە خاکی باشووری کوردستانە، لەچوارچێوەی رێککەوتنە ئەمنیەکانیش لەگەڵ عێراق، تورکیا ئامادەیی نیشانداوە "دوای چەکدانانی پەکەکە لە خاکی عێراق و باشووری کوردستان بچێتە دەرەوە."
جەبار یاوەر پێی وایە، "باشترین کار" ئەوەیە چەکەکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان کۆبکرێنەوە و هەڵبگیرێن، "چونکە بەشێک نییە لە شەڕەکە و شەڕیش هێنراوەتە خاکی ئەو."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ