رووداو دیجیتاڵ
پەکەکە هەڵوەشاندنەوەی خۆی و دەستبەرداربوونی لە خەباتی چەکداری راگەیاند. حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان پشتیوانیی خۆیان بۆ پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەردەبڕن و هەڵوێستی خۆشیان لەبارەی ئەگەری چەکدانانیان دەخەنەڕوو.
دوای بڕیارەکەی ئەمڕۆی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە لەبارەی خۆهەڵوەشاندنەوەی؛ حەمە نەزیف قادری، بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، هەر بڕیارێک حیزب و خەڵکی باکووری کوردستان بیدات ئەوان پێشوازیی لێدەکەن.
قادری دەڵێت، "ئەوەی بەناوی پڕۆسەی ئێستا لە باکوور لەگەڵ دەوڵەتی تورکیادا لەئاردایە، ئەوەیە هەر بڕیار و هەڵوێستێک سەرکردایەتیی سیاسیی کورد لە باکووری کوردستان بیگرێتەبەر، ئێمە بە بەرژەوەندیی خەڵکەکەی دەزانین و سیاسەتەکەش دەکەوێتە خزمەتی گەلی کوردەوە."
لەبارەی ئەگەری گفتوگۆ لەگەڵ ئێران و هەڵوێستی ئەوان، بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی دیموکرات گوتی، "بابەتی رۆژهەڵاتی کوردستان شوێنەکەی و ئەو سیستمەشی کە ساڵەهایە گەلی کورد دژی خەبات دەکات، جیایە. خەباتی پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان باوەڕبوون بووە بە سیاسەتی گفتوگۆ و چارەسەری پرسی کورد بە رێگەی ئاشتی، بەڵام بەداخەوە ئەو سیاسەتەی بەرامبەر کورد پەیڕەو کراوە نکۆڵیکردن بووە لە شوناسی نەتەوەیی کورد."
لە وەڵامی ئەوەی ئەگەر سیستمی ئێستای ئێران داوای گفتوگۆیان لێ بکەن بۆ چەکدانان و گفتوگۆ هەڵوێستیان چی دەبێت، بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی حیزبی دیموکرات گوتی، "ئێستا ناتوانین هیچی لەسەر بڵێین، دۆخی سیاسیی ئەوکاتە چۆن بێت بڕیاری لەسەر دەدەین."
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان: دۆخی باکووری کوردستان پەیوەندیی بە هەموو پارچەکانەوە هەیە
لەبارەی تێڕوانینی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بۆ چەکدادانی پەکەکە؛ ئەمجەد حوسین پەناهی، ئەندامی سەرکردایەتیی کۆمەڵەکە بە رووداوی گوت، "هەموو کات جەخت دەکەینەوە کە پشتیوانیی دۆزی رەوای گەلی کوردین لە باکووری کوردستان و هەموو پارچەکان، بەڵام هەرگیز دەستوەردان ناکەین."
پەناهی دەشڵێت، "هەموو کات خەباتی باکووری کوردستانمان بە بەشێک لە خەباتی خۆمان زانیوە. ئێستاش پەکەکە هەڵوێستی مێژوویی هەبووە و هیوادارین تورکیاش مافە رەواکانی کورد بە زووترین کات جێبەجێ بکات و هەنگاوی کرداریی بنێت."
ئەو ئەندامەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان خەباتی پەکەکەی لە ساڵانی رابردوودا بە گرنگ پێناسە کرد و گوتی، "روونە خەباتیان بەرهەمی گەورەی هەبووە. کورد لە نەبوون و نکۆڵیکردن لێی ئێستا گەیشتووە بە ئاستێکی بەرز."
ئەمجەد حوسێن پەناهی ئاماژەی بەوەشکرد، سیاسەت و گۆڕانکاری لە باکووری کوردستان پەیوەندی بە رۆژهەڵاتی کوردستان و هەموو پارچەکانی دیکەی کوردستانەوە هەیە.
لەبارەی گفتوگۆیان لەگەڵ ئێران، ئەندامەکەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان گوتی، "دۆخی تورکیا و ئێران زۆر جیایە، دەسەڵاتی ئێران تەنیا دژی کورد نییە و دژی هەموو نەتەوەکانە، نە دەوڵەتی ئێران ئێستا ئەو داوایە دەکات و نە بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد و نەتەوەکانی دیکە ئامادەن گفتوگۆی لەگەڵ بکەن."
بە گوتەی پەناهی، دەسەڵاتی ئێران بۆشایی زۆری لەنێوان خۆی و نەتەوەکانی دیکە و کورد دروستکردووە؛ گوتیشی، "بەهۆی ئەو بۆشاییانەوە گەشتبین نیم و پێم وانییە کورد لەم کاتەدا بچێتە هیچ گفتوگۆیەکی هاوشێوەی ئەوەی لە تورکیا هەیە."
ئەمڕۆ 12ی ئایار، پارتی کرێکارانی کوردستان رایگەیاند، لە کۆنگرەی پارەتەکەدا لە 5 بۆ 7ی ئایار، بڕیاری خۆهەڵوشاندنەوە و دەستبەردابوونیان لە خەباتی چەکداری داوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ