رووداو دیجیتاڵ
ئەگەر بڕیاری کۆنگرەی 12ی پارتی کرێکارانی کوردستان جێبەجێ بکرێت، کە خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانە، 602 گوند لە باشووری کوردستان ئاوەدان دەبنەوە، کە بەهۆی شەڕی پەکەکە - تورکیا چۆڵ کراون یان مەترسیی چۆڵبوونیان لەسەرە.
ئەو گوندانە بە قۆناخ لە هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە تاوەکو ئەم ساڵانەی دوایی چۆڵ کراون، بەشێکیان بە یەکجاری چۆڵ کراون و ژمارەیەکیشیان دانیشتووانەکەی رۆژانە بۆ کشتوکاڵ دەچن و شەو دەگەڕێنەوە.
چۆڵبوونی گوندەکان بەپێی سنوورەکان
بەپێی بەدواداچوونەکانی رێکخراوی CPT ئەمریکی، لە سنووری پارێزگای دهۆک زیاتر لە 400 گوند چۆڵ کراون یان مەترسی چۆڵبوونیان لەسەرە، لە سنووری ئامێدی 200 گوند، لە سنووری ئاکرێ 25 گوند، لە زاخۆ 30 گوند و لە قەزای شێخانیش 10 گوند چۆڵ کراون. هەروەها لە سنووری قەزای سیدەکانیش لە سنووری پارێزگای هەولێر، 118 چۆڵ کراون.
ئەمڕۆ دووشەممە 12-05-2025 کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی (CPT)ی ئەمریکی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەو 602 گوندە، 185یان بە تەواوی چۆڵ کراون و 400 گوندیش نەتواندراوە ئاوەدان بکرێنەوە، هەندێکیشیان بە رۆژ ئاوەدانن و بە شەو چۆڵ دەکرێن.
ژمارەی بنکە و بارەگاکانی سوپای تورکیا لە باشووری کوردستان
بەپێی بەدواداچوونەکانی رێکخراوی CPT ئەمریکی، تورکیا 76 بارەگای سەربازیی لە هەرێمی کوردستان هەیە، 67 بارەگا و 9ـیان بنکەی سەربازین، کە نزیکەی 50 لەوانە دەکەونە سنووری پارێزگای دهۆک؛ 23 بارەگا لە ئامێدی، شێلادزێ، کانێ ماسی، بامەڕنێ و دێرەلووک، 18 بارەگا لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ.
هەروەها 9 بنکەی سەربازی هەن، کە شەشیان لە حەفتەنین و سێیان لە سیدەکانن.
جەبار یاوەر، شارەزای سەربازی بە رووداوی گوت، "بەپێی ئەو رێککەوتنە ئەمنیەی لەنێوان بەغدا و ئەنقەرە کراوە، ئەگەر پارتی کرێکارانی کوردستان چەک دابنێت، تورکیا لە خاکی عێراق (باشووری کوردستان) دەکشێتەوە."
"تورکیا بە قووڵایی 105 کم هاتووەتە نێو خاکی عێراقەوە"
بەپێی راپۆرتێکی وەزارەتی بەرگریی عێراق کە لە ساڵی 2022 بڵاویکردووەتەوە، زیاتر لە چوار هەزار سەربازی تورکیا لە خاکی عێراقدا هەن و بە قووڵایی 105کیلۆمەتر هاتوونەتە ناو خاکی عێراقەوە کە دوورترینیان بنکەی سەربازیی زێلکانە لە دەشتی نەینەوا.
بەگوێرەی داتاکانی رێکخراوە CPT کە بۆ رووداوی ناردووە، بەهۆی بۆردوومانی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وڵاتانی تورکیا و ئێرانەوە، لە ساڵی 1990ـەوە زیاتر لە 850 هاونیشتمانی گیانیان لەدەستداوە. کە زۆربەیان بەهۆی بۆردوومان و هێرشی تورکیاوە بووە.
قایمقامی سیدەکان: زیاتر لە 810کم دووجا خاک دەخرێتەوە ژێر دەسەڵاتمان
ئیحسان چەلەبی، قائیمقامی قەزای سیدەکان قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی، "ماوەیەکی زۆرە دۆخی سنووری سیدەکان زۆر ئارام بووە و هیچ شەڕ و بۆردوومانێک نییە."
بە گوتەی قائیمقامی قەزای سیدەکان، "ئێستا زیاتر لە نیوەی خاکی سنووری سیدەکان بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانەوە چۆڵ کراون، کە 118 گوند لەخۆدەگرێت."
سنووری قەزای سیدەکان 1617 کیلۆمەتر دووجایە، بە گوتەی قایمقامەکەی، ئەگەر پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە سەربگرێت، زیاتر لە 810کیلۆمەتر دووجا دەگەڕێتەوە ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی قەزاکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ