رووداو دیجیتاڵ
دوای کەمتر لە پێنج مانگ لە دەستبەکاربوونی، سەرۆکی شارەوانیی کۆیە دەستی لەکارکێشایەوە، هۆکارەکەشی بۆ نەبوونی دەسەڵات و نەسریە و کەڵەکەبوونی کێشە خزمەتگوزارییەکان دەگەڕێنێتەوە. قایمقامی کۆیەش دەڵێت لەگەڵ وەزیری شارەوانی لەسەر نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەی و دانانی جێگرەوەیەک قسە دەکەن.
هۆگر کەیفی ئەمین، سەرۆکی شارەوانی کۆیە بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند: "هۆکاری دەستلەکارکیشانەوەکەم بەهۆی نەبوونی دەسەڵات و کەمی نەسریە و داواکاریی زۆری خزمەتگوزاری لەلایەن خەڵکی قەزای کۆیە هەیە. کۆیە پێویستی بە خزمەتگوزاری زۆر هەیە، بەڵام شارەوانیی کۆیە تەنیا 4 ملیۆن و 500 هەزار دینار نەسریەمان لەبەردەستە و فریای زۆری داواکاری خەڵک و خزمەتگوزارییەکانی قەزاکە ناکەوین، جگە لەوەش من تەندروستیم باش نییە و توانای جێبەجێکردنی ئەرکەکەم نییە".
لەبارەی هەبوونی زێدەڕۆیی بۆ سەر موڵکی گشتی و هاونیشتمانیانیش کە کێشەکە چەند ساڵە لە کۆیە هەیە، سەرۆکی شارەوانی گوتی: "ئەمە یەکێکە لە کێشەکان، سەردانمان دەکەن و داوای قەرەبوو دەکەنەوە، لەکاتێکدا حکومەت دەبێت بە بڕی 2 ملیار و 200 ملیۆن دینار قەرەبووی ئەو جووتیار و هاونیشتمانیانە بکاتەوە و ماوەی 10 ساڵە قەرەبووەکەیان وەرنەگرتووە، رۆژانە خەڵک داوای مافەکانیان دەکەن و ئێمەش ناتوانین بەم نەسریە و دەسەڵاتە کەمەی کە هەمانە داواکارییەکانیان جێبەجێ بکەین".
سەرۆکی شارەوانیی کۆیە کە لە 18-2-2020 لە پۆستەکەی دەستبەکار بووە دەشڵێت: "رۆژی 8ی ئەم مانگە نامەی دەستلەکارکێشانەوەم داوەتە قایمقامی کۆیە و چاوەڕوانی بڕیاری ئەوان و وەزارەتی شارەوانیم دەستلەکارکێشانەوەکەم قبوڵ بکەن".
لەبارەی دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکی شارەوانیش، یوسف کەڵکانی، قائیمقامی قەزای کۆیە بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند: "سەرۆکی شارەوانی لە نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەی هۆکاری سەرەکی بۆ باری تەندروستی خۆی گەڕاندووەتەوە، دواتر باسی کەمی نەسریە و چەند کێشە و کەموکوڕییەکی دیکەی کردووە، بڕیارە ئەمڕۆ لەگەڵ وەزیری شارەوانی لەسەر دەستلەکارکێشانەوەکەی قسە بکەین و بەزووترین کار بڕیار لەسەر کەسێک وەک شوێنگرەوەی بەشێوەیەکی کاتی دەدەین".
لەبارەی ئەو کێشانەش کە سەرۆکی شارەوانی لە دەستلەکارکێشانەوەکەی باسی کردوون، قائیمقامی کۆیە دەڵێت: "سەرۆکی شارەوانی لە مانگی 2ی ئەمساڵ دەستبەکار بووە و بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەدەخەی هاتووچۆوە پێموانییە مانگێکیش دەوامی کردبێت و هێشتا خەڵک بۆ پیرۆزبایی نەهاتوونەتە لای، دەبوایە پێش دەستبەکاربوونی کێشەکانی پێشووتری کۆیەی بزانیبایە و توانای رووبەڕووبوونەوەی کێشەکانی هەبووایە".
یوسف کەڵکانی دەشڵێت: "سەرۆکی شارەوانی لە نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەی باسی زێدەڕۆیی بۆ سەر موڵکی گشتی و هاونیشتمانیان نەکردووە، پێشموایە کەمترین کێشەی زێدەڕۆیی لە کۆیە هەیە، بەڵام بابەتەکە گەورە کراوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ