ئاسیاسێڵ: یەکێک لەوانەی لە بۆردوومانی ئۆتۆمبێلەکەی سنووری پێنجوێن کوژرا کارمەندی ئێمە بووە

12-08-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن ئاسیاسێڵ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیای ئاسیاسێڵ رایگەیاند، یەکێک لەو سێ کەسەی لەئەنجامی بۆردوومانکردنی ئۆتۆمبێلێک لەڕێگەی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانەوە لەنزیک ناڵپارێز، لە قەزای پێنجوێن کوژرا، کارمەندی ئاسیاسێڵ بووە.
 
کۆمپانیای ئاسیاسێڵ، کە یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیاکانی پەیوەندی لە عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ (شەممە، 12-8-2023) راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا دەڵێ حەسەن ئەحمەد کەشموولە، کە لە ئەنجامی بۆردوومانەکەدا گیانی لەدەستدا، خەڵکی موسڵە "ساڵانێکی زۆرە لەنێو کۆمپانیا کاردەکات و نموونەی کارمەندی دڵسۆزبوو لە ئاسیاسێڵ."
 
رووداوەکە نیوەڕۆی رۆژی هەینی، 11-08-2023 روویدا. هێمن ئیبراهیم، بەڕێوەبەری ناحیەی ناڵپارێز ئەوکات بە رووداوی گوت، بەهۆی بۆردوومانەکەوە "کە بە درۆن بووە. سێ کەس گیانیان لەدەستداوە و بەتەواوی سووتاون."
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەی ئاسیاسێڵدا هاتووە، حەسەن ئەحمەد کەشموولە چووە سەردانی کچەکەی بکات لە سنووری باشماخ و بیهێنێتەوە موسڵ، کە کچەکە لە کۆلێژی پزیشکیی شاری سنە (ـی رۆژهەڵاتی کوردستان) خوێندوویەتی.
 
دوو کەسەکەی دیکە کە لەگەڵ کارمەندەکەی ئاسیاسێڵ لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون، بەپێی راگەیێندراوەکە "باوك و كچێك بوون بەناوی (زیاد مستەفا خدر) و كچەكەی لەدایكبووی ساڵی 2006 بووە، دانیشتووی رەشیدیەی موسڵ بوون و، بۆ هەمان مەبەستی حەسەن كەشموولە كە دراوسێیان بووە، بۆ هێنانەوەی كچەكەیان بۆ موسڵ" لە رێگەدا بوون.
 
ئەو سێ کەسە، هەرسێکیان عەرەبی موسڵن و، بەپێی بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکە "بەهۆی باری ئەمنیی موسڵ، هاتبوونە دهۆک".
 
نزار ئەحمەد کەشموولە، برای حوسێن بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوتبوو، براکەی ئەندازیار بووە و لە کۆمپانیای ئاسیاسێڵ کاری کردووە لە دهۆک. باسی لەوەش کرد، بڕیارە تەرمی هەرسێ کەسەکە لە موسڵ بەخاک بسپێردرێن، دوای ئەوەی تەرمەکانیان رادەست دەکرێتەوە."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەنجێک لە عەلوەی سلێمانی خەریکی کارکردنە

عەلوەی سلێمانی: بەهۆی گرانیی کارەباوە رۆژانە 3 بۆ 4 تۆن سەوزە و میوە فڕێ دەدەین

بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی دەڵێت، بەهۆی گرانیی نرخی کارەباوە ناتوانن ساردکەرەوەکان کارپێبکەن، بەو هۆیەشەوە رۆژانە سێ بۆ چوار تۆن سەوزە و میوەیان خراپ دەبێت و فڕێی دەدەن