فەرمانگەی مین بۆ رووداو: زیاتر لە 2000 کیلۆمەتری خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان مینڕێژە

12-08-2024
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

زیاتر لە 2000 کیلۆمەتر چوارگۆشەی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان بە مینڕێژکراوی ماوەتەوە. فەرمانگەی کاروباری مینی عێراق دەڵێت، "لە ساڵی 2003ەوە 4540 کیلۆمەتر چوارگۆشەمان پاککردووەتەوە."
 
ئەمڕۆ دووشەممە 12ی ئابی 2024 مستەفا حەمید، بەڕێوەبەری راگەیاندنی فەرمانگەی کاروباری مین لە وەزارەتی ژینگەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پڕۆسەی پاککردنەوەی خاکی عێراق لە مین بەپێی ئەو ستراتیژییە هاوبەشە بەردەوامە کە دەزگای گشتیی کاروباری مینی هەرێمی کوردستان و فەرمانگەی کاروباری مینی عێراق بۆ ساڵانی 2023-2028 ئامادەیان کردووە. دەزگا جێبەجێکارەکانی هەردوولاش چڕتر و فراوانتر لە رابردوو کارەکانیان رادەپەڕێنن."
 
مستەفا حەمید گوتیشی، "لە کۆی 6600 کیلۆمەتر چوارگۆشەی خاکی مینڕێژکراوی عێراق و هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2003دا تیمەکانمان توانیویانە 4540 کیلۆمەتر چوارگۆشە پاکبکەنەوە؛ رووبەری خاکی مینڕێژکراوی ماوەش 2060 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە."
 
بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی کاروباری مین دەشڵێت، "ئێستا تیمەکانیان کار لەسەر پاککردنەوەی 400 بۆ 450 کیلۆمەتر چوارگۆشەی دیکە لە هەموو پارێزگاکان دەکەن."
 
سەبارەت بە ئەو پارێزگایانەی کە پشکی شێریان لە مینڕێژکراوییدا بەردەکەوێت، مستەفا حەمید دەڵێت، "هەریەکە لە بەسرە، دیالە، بابل و ئەنبار زۆرترین رووبەری خاکی مینڕێژکراویان هەیە. پارێزگای موسەنناش بڕێکی زۆر هاوەن و گوللـەتۆپی نەتەقیوی تێدایە."
 
دەزگای گشتی کاروباری مینی هەرێمی کوردستان و فەرمانگەی کاروباری مینی عێراق، رۆژی 9ـی ئابی 2023 لە رێوڕەسمێکدا لە بەغدا پلانی ستراتیژیی هاوبەشی نیشتیمانییان بۆ بەرنامەی کاروباری مین و پاککردنەوەی خاکی هەردوولا لە مین و پاشماوەکانی جەنگ راگەیاند.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی فەرمانگەی کاروباری مینی عێراق، لە ساڵی 2003ەوە زیاتر لە 30 هەزار کەس بەهۆی تەقەمەنی و پاشماوەکانی دیکەی جەنگەوە گیانیان لەدەستداوە یان برینداربوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەڕانەوەی ئاوارەکانی عەفرین بۆ زێدی خۆیان. وێنە: AFP

دەزگای خێرخوازیی بارزانی: 839 خێزانی کورد گەڕاونەتەوە عەفرین و هاوکارییان دەکەین

ئەندامێکی دەستەی کارگێڕیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەڵێت، لە رێگەی لیژنەوە پێشوازی لەو هاونیشتمانیانە دەکەن دەگەڕێنەوە عەفرین و تاوەکو ئەمڕۆ 4,100 کەس گەڕاونەتەوە. دەشڵێت، بەشێک لە عەرەبی هاوردە ماڵی کوردان چۆڵ ناکەن.