رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی قەزای پێنجوێنی سەر بە پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، لە ئەمساڵدا تاوەکو ئێستا زیاتر 15 ئاگرکەوتنەوەی پووش و پاوان هەبوون و بەهۆیانەوە سەدان دۆنم زەوی سووتاون. دەشڵێت، "بەراورد بە ساڵانی رابردوو، ئەمساڵ کەوتنەوەی ئاگر زیاتر بووە."
رۆژی سێشەممە، 12-9-2023، زانا رەحمان، قایمقامی قەزای پێنجوێن بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمساڵ 15 ئاگر لە پووش و پاوانی گوندەکانی سەر بە قەزای پێنجوێن کەوتوونەتەوە کە بەراورد بە ساڵی رابردوو زیادیان کردووە."
زانا رەحمان سەبارەت بە هۆکاری زیادبوونەکە گوتی، "لە چەند ساڵی رابردوودا وشکەساڵی زیاتر کاریگەریی دەرکەوتبوو کە بەهۆیەوە مەڕوماڵاتی ناوچەکانی گەرمیان و شارەزوور دەهێنران بۆ ناوچەکەمان و پووش و پاوانیان نەدەهێشتەوە بە کەمی نەبێت، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی ئەوەی وشکەساڵی نییە، مەڕوماڵات ناهێنرێنە سنوورەکە و بەهۆیەوە پووش و پاوان و ئاگرکەوتنەوە زۆر بوون."
دەشڵێت، "تاوەکو ئێستا بە دیاریکراوی هۆکارەکانی ئاگرکەوتنەوەکان تەواو روون نییە."
تەنیا لەنێو هەفتەی رابردوو و ئەم هەفتەیە زیاتر لە چوار ئاگر لە سنووری قەزای پێنجوێن کەوتوونەتەوە کە بەهۆیانەوە زیاتر لە 200 دۆنم پووش و پاوان و رەز و باخ سووتاون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ