گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ئامادەکاری بۆ پێشوازی لە گەشتیارانی پاییز و زستان دەستپێدەکات

12-10-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئامادەکارییان بۆ هاتنی گەشتیاران لە وەرزەکانی پاییز و زستاندا کردووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، 15٪ـی کۆی گەشتیاران گەشتیاری زستانەن.
 
ئیبراهیم عەبدولمەجید، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ساڵانی پێشوو تەنیا لە بۆنەکاندا گەشتیاران دەهاتنە هەرێمی کوردستان، دواتر بووە گەشتیاری هاوینە، بەڵام ئێستا گەشتیار لە هەموو وەرزەکاندا دێن".
 
بەگوێرەی دەستەی گەشتوگوزار، ئێستا هەرێمی کوردستان لە قۆناخی گەشتیاریی نیمچە بەردەوامیی ساڵدایە، واتە ئەوەی تێپەڕاندووە کە گەشتیار تەنیا لە وەرزێکدا سەردانی هەرێمی کوردستان بکات.
 
ئیبراهیم عەبدولمەجید گوتی، ئەم ساڵ پلانەکە بە جۆرێکە، لە رێگەی فێستیڤاڵی جیاوازەوە لە هەردوو وەرزەکانی پاییز و زستاندا سەرنجی زیاتری گەشتیاران رابکێشن؛ گوتیشی، "ساڵی رابردوو لە کۆی گەشتیاران 15٪یان لە وەرزی زستاندا بووە".
 
ئیبراهیم عەبدولمەجید ئاماژەی بەوەشکرد، ساڵی رابردوو تەنیا لە پشووەکانی سەری ساڵدا کە دەکەونە وەرزی زستانەوە، زیاتر لە 200 هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و پلانیان بەشێوەیەکە ئەم ساڵ ژمارەکە زیاتر بکەن.
 
فێستیڤاڵی بەرهەمە خۆماڵییەکان، چالاکییەکانی سەر بەفر و چالاکییەکانی هەفتەیەکی سەری ساڵ، دیارترین ئەو پلانانەن دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان لە زستان و پاییزدا کاریان لەسەر دەکات بۆ راکێشانی گەشتیاری زیاتر بۆ هەرێمی کوردستان. 
 
بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزار باسی لەوەشکرد، لە هەرێمی کوردستان لە رێگەی کەرتی تایبەتەوە شوێنی گەشتیاری زیادکراون و ئەوەش هۆکارێکی راکێشانی گەشتیارە لە هەموو وەرزەکان.
 
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 2 هەزار و 500 شوێن بەناونیشانی بنکەی گەشتیاریی تۆمار کراون کە زۆرینەیان هۆتێل، رێستۆرانت و کافتریان.
 
ئەو شوێنانەی وەکو بنکەی گەشتیاری تۆمار کراون بەم شێوەیەن:
 
- هۆتێل 468
- موتێل 267
- کۆمەڵگەی گەشتیاری 33
-گوندی گەشتیاری 20
- توانای وەرگرتن- ژمارەی قەرەوێڵە 63 هەزار و 682
-چێشتخانە - رێستۆرانت 524
- کافتریا 657
- کۆمپانیا و نووسینگەی گەشتیاری 518
 
بەگوێرەی ئاماری دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، ساڵی 2023، 7 ملیۆن و 279 هەزار و 913 گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە؛ هاوکات زیاتر لە 2 ملیۆن و 500 هەزار سەردانیکار وەک گەشتیاریی نێوخۆیی تۆمارکراون.
 
هەر بەگوێری دەستەی گەشتوگوزار، ساڵی 2022، 6 ملیۆن و 35 هەزار و 57 کەس و ساڵی 2021 چوار ملیۆن و 189 هەزار و 596 گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆبوونەوەی سەرۆك مەسعود بارزانی لەگەڵ ستیڤن هیتچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق.

سەرۆک بارزانی: پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەت ڤیتۆی لەسەر کەس نییە

سەرۆک مەسعود بارزانی رایگەیاند، پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەم ڤیتۆی لەسەر هیچ لایەنێک نییە و بەپێویستی دەزانێت، گفتوگۆكان لە چوارچێوەی یەك هەرێم و یەك پەرلەمان و یەك حكومەت و یەك هێزی پێشمەرگەدا بێت.