رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، شاندێکی باڵای وەزارەتەکە لە تورکیایە و لە سەروبەندی ئەو سەردانەشدا منداڵێکی کوردی ئێزدی رادەستی کەسوکارەکەی کرایەوە.
عەلی عەباس، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق کە ئێستا لەگەڵ شاندێکی باڵای وەزارەت لە تورکیایە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "شاندێکی باڵای وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی ئیڤان فایەق، وەزیری کۆچ و کۆچبەران لە تورکیایە بۆ رێکخستنی گەڕانەوەی کۆچبەرە عێراقییەکانی تورکیا؛ هەر لەو چوارچێوەیەشدا ئەمڕۆ 12/11/2020 سەرپەرشتیی رادەستکردنی بارزان ئیبراهیمی بە مامی کرد".
گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق گوتیشی، "لەکاتی هێرشی داعشدا بۆسەر شنگال و دەوروبەری، بارزان تەمەنی دوو ساڵ بوو، دایک و باوکی کوژران. ماڵباتێکی عەرەبی خەڵکی تەلەعفەر لەخۆیان گرت و لەکاتی هەڵاتنیان بۆ تورکیا لەگەڵ خۆیان بردووە، ماوەی شەش ساڵ لای ئەوان بووە".
عەلی عەباس باسی لەوەش کرد "تیمی وەزارەتەکەمان لە باڵیۆزخانەی تورکیا ماوەی ساڵێک دەبێت کار لەسەر چارەنووسی ئەو منداڵە دەکات و پاش پشکنینی پزیشکی، کەسوکاری منداڵەکە دۆزرایەوە و ئەمڕۆ لە تەلاری باڵیۆزخانە رادەستی مامی کرایەوە".
لەبارەی ئامانجی سەردانی ئەو شاندە بۆ تورکیا، گوتەبێژی وەزارەتەکەی عێراق گوتی "شاندەکە بۆ رێکخستنی گەڕانەوەی کۆچبەرە عێراقییەکان چوونەتە تورکیا و ئەمڕۆ 193 کەس لەو کەسانە لەڕێگەی پاسەکانی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق گەیشتنەوە وڵات. تاوەکو ئێستاش زیاتر لە 8000 کۆچبەری عێراقی لە تورکیاوە گەڕێندراونەتەوە بۆ وڵات".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ