کوردستان
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی و ئاکام عومەر، فەرماندەی هێزەکانی کۆماندۆ کە ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، "ماڵئاوایی ئاکام عومەر، برا، هاوڕێ و فەرماندەی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان برینێکی گەورەی خستە دڵمانەوە، برینێک کە دڵنیام بەمزووانە ساڕێژ نابێت و لەگەڵ تێپەڕینی ساڵەکاندا قووڵتر دەبێتەوە."
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەیامێکدا دەڵێت: "ئەمڕۆ کە هەواڵی شەهیدبوونی ئەو فەرماندە قارەمانە رادەگەیێنین، ناتوانین بیر لە هەموو ئەو جەربەزەیی و قارەمانێتییە نەکەینەوە کە لەو برا دڵسۆز و تێکۆشەرەمدا هەبوو.
بافڵ تاڵەبانی لە باسی ئاکام عومەردا دەڵێت: "ئەو لە سەرەتاوە خۆی بە کوردستان و خەڵکەکەی بەخشیبوو، ژیانی ئەو هەوڵ و قوربانیدانێکی بەردەوامبوو لەپێناو سەرفرازیی کوردستان و هاوخوێنەکانی. ئەو لەگەڵ خۆی و کوردستاندا راستگۆ بوو، سەرباری ئەوەی چەندین جار لە رووبەڕووبوونەوەکاندا بریندارکرابوو، بەڵام هێشتا وەک شاخەکانی کوردستان بە پێوە وەستابوو و بەو رۆحییەتە خۆڕاگری و خۆنەویستییەی خۆیەوە دەیویست پارێزەری ژیانی خەڵکەکەی بێت."
سەرۆکی یەکێتی بۆ گیانلەدەستدانی فەرماندەکەی هێزەکانی کۆماندۆدا دەڵێت، "یار و نەیار دەیانزانی ئەو هەڵۆی بەرزەفڕە، چیایەکە لە ورە و داستانێکە نانووسرێتەوە."
دەقی پەیامی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
ماڵئاوایی ئاکام عومەر، برا، هاوڕێ و فەرماندەی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان برینێکی گەورەی خستە دڵمانەوە، برینێک کە دڵنیام بەمزووانە ساڕێژ نابێت و لەگەڵ تێپەڕینی ساڵەکاندا قووڵتر دەبێتەوە.
ئەمڕۆ کە هەواڵی شەهیدبوونی ئەو فەرماندە قارەمانە رادەگەیێنین، ناتوانین بیر لە هەموو ئەو جەربەزەیی و قارەمانێتییە نەکەینەوە کە لەو برا دڵسۆز و تێکۆشەرەمدا هەبوو. ئەو لە سەرەتاوە خۆی بە کوردستان و خەڵکەکەی بەخشیبوو، ژیانی ئەو هەوڵ و قوربانیدانێکی بەردەوامبوو لەپێناو سەرفرازیی کوردستان و هاوخوێنەکانی. ئەو لەگەڵ خۆی و کوردستاندا راستگۆ بوو، سەرباری ئەوەی چەندین جار لە رووبەڕووبوونەوەکاندا بریندارکرابوو، بەڵام هێشتا وەک شاخەکانی کوردستان بە پێوە وەستابوو و بەو رۆحییەتە خۆڕاگری و خۆنەویستییەی خۆیەوە دەیویست پارێزەری ژیانی خەڵکەکەی بێت.
گەڕانەوەمان بۆ رابردووی نزیک و جەنگ دژی داعش، ئەو راستییە دەسەلمێنن ئەوەی فەرماندە ئاکام و هێزە تۆکمەکەی بە دووژمنیان کرد، مێژوو بە شانازییەوە دەینووسێتەوە. یار و نەیار دەیانزانی ئەو هەڵۆی بەرزەفڕە، چیایەکە لە ورە و داستانێکە نانووسرێتەوە.
باش ئەو راستییە دەزانین ئەو بۆشاییەی فەرماندە ئاکام دروستیکرد بە ئاسانی پڕنابێتەوە، بەڵام لەوەش دڵنیاین ئەو هێزەی دروستیکردبوو بەهیچ رەشەبایەک نانووشتێتەوە، ئێستا ئەوان هەموویان بە هەمان رۆحییەت و لەپێناو ئەو بەها باڵایانەی فەرماندەکەیان بەرگری لێدەکرد، مێژوو بە خوێنی خۆیان دەنووسنەوە کە ئەمەش لوتکەی وەفاداری و قوربانیدانە.
دروود و سڵاو بۆ رۆحی فەرماندە ئاکام دەنێرم و بەڵێن بە جوامێرییەکەی دەدەم تاوەکو دوا هەناسە پێشمەرگەیەکی گیانلەسەردەستی کوردستانەکەم دەبم. گیان و ژیانی خەڵکەکەمان دەپارێزین و رۆحی ئەو برا تێکۆشەرەمان شاد دەکەین.
لە قوڵایی دڵمەوە سەرەخۆشی لە خانەوادە، هاوڕێ و هاوسەنگەرانی دەکەم و بەڵێنیان پێ دەدەم یاد و یادەوەری شەهید ئاکام دەکەینە چرای رێگاکەمان و ئەو خوێنەی بە کوردستانی بەخشی، تۆڵەی دەکەینەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ