تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەمی بەشێکی قوتابییانی بنەڕەتی پێشخرا

12-12-2023
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

هەرچەندە بڕیاربوو 3ـی مانگی یەکی 2024، تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەمی قۆناخی بنەڕەتی بەڕێوەبچێت، بەڵام بەگوێرەی بڕیارێکی وەزارەتی پەروەردە، دەستپێکردنی تاقیکردنەوەی قوتابییانی پۆلەکانی یەک، دوو و سێ پێشخراون بۆ 19ـی ئەم مانگە. بەڕێوەبەری قوتابخانەیەک لە هەولێر دەڵێت، "قۆناخەکانی دیکەی بنەڕەتی لەکاتی خۆیدا تاقیکردنەوە دەکەن." 
 
بەگوێرەی نووسراوێکی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان کە رێکەوتی 12-12-2023ـی لەسەرە و ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردە کراوە، تاقیکردنەوەکانی پۆلەکانی قوتابییانی بنەڕەتی بۆ وەرزی یەکەمی ساڵی خوێندنی 2023 – 2024 دوا دەخرێت. 
 
لە نووسراوەکەدا هاتووە، "لەسەر رەزامەندی وەزیری پەروەردە، ئەنجامدانی هەڵسەنگاندنی چوارەمی بازنەی یەکەمی وەرزی یەکەم پۆلەکانی (یەکەم، دووەم و سێیەم)ـی سەرجەم قوتابخانە حکومی و ناحکومییە خۆماڵییەکان بۆ ساڵی خوێندنی 2023 – 2024، بڕیارماندا بە هەڵسەنگاندنی چوارەمی بازنەی یەکەم لە سەرجەم قوتابخانەکان لە رۆژانی 19-20 و 21ـی 2023 ئەنجام بدرێت".
 
لە نووسراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، دەسەڵات دەدرێتە پەروەردەی قەزاکان بۆ ئەو قوتابخانانەی زمانی خوێندنیان سریانییە، دەتوانن تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرزی یەکەم بەگوێرەی بۆنەکانیان بگونجێنن، بەمەرجێک خشتەی تاقیکردنەوەکانیان لە 15-01-2024 تێپەڕ نەکات. 
 
رێباز مەسعود، بەڕێوەبەری قوتابخانەی رەهەندی بنەڕەتی لە هەولێر ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بازنەی یەکەم کە پۆلەکانی یەک، دوو و سێی بنەڕەتی دەگرێتەوە تاقیکردنەوەکانیان پێشخراوە، قۆناخەکانی دیکەی بنەڕەتی لە کاتی خۆیدا و 3ـی مانگی 1ـی ساڵی 2024 بەڕێوەدەچێت". 
 
بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانی دامەزراو و وانەبێژەوە تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەم لە قوتابخانەکانی 13 پەروەردەی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین و پەروەردەی کۆیە ئەنجام نادرێن.
 
داواکاریی مامۆستایانی دامەزراو و وانەبێژ کە بایکۆتیان راگەیاندووە بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن چەند خاڵێکن؛ خاڵە سەرەکییەکان پلە بەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران، دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ، پێدانی مووچەی 30 رۆژ جارێک و دیاریکردنی چارەنووسی مووچە پاشەکەوتکراوەکانە.
 
لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابی هەن؛ بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها ئیدارەکانی گەرمیان، راپەڕین و پەروەردەی کۆیە، نزیکەی 700 هەزار قوتابی کە دەکاتە نزیکەی ٪40ـی کۆی قوتابییان دەوامیان نەکردووە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو کچەی یانەی زاخۆی بە هەموو دنیا ناساند

یانەی زاخۆ وەک یەکەم یانەی ئاسیا خەڵاتی باشترین هاندەری فیفای بردەوە

فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهانی (فیفا) خەڵاتی باشترین هاندەری 2025ـی بە یانەی زاخۆ بەخشی، ئەمەش دوای ئەوەی هاندەرانی یانەکە دەیان هەزار بووکەڵە و یاریی منداڵانیان هەڵدایە نێو یاریگە و دواتر بە منداڵانی نەخۆش بەخشران.