رووداو دیجیتاڵ
سیمای بەشێک لە چەمچەماڵ بە تەواوی گۆڕاوە. دوای ئەو شەپۆلە بەهێزەی بارانبارین و دروستبوونی لافاو، ئێستا ئەنجامە تاڵەکان دەردەکەون. دەیان ئۆتۆمبێل تێکشکاون و ئاو چووەتە نێو سەدان ماڵ و دووکانەوە. هاونیشتمانیان باس لەوە دەکەن کە زیانەکان ئەوەندە زۆرن، بە قەرەبوکردنەوەی ئاسایی پڕ نابنەوە. رووداو دەنگی چەندین هاونیشتمانی گەیاند و خێرخوازانیش بەهانایانەوە چوون.
ئەمڕۆ ماڵێکی دیکەی چەمچەماڵ لە رێگەی رووداوەوە ویستی دەنگی بگاتە حکومەت و خێرخوازان. ئەو ماڵە لە تەکیەی چەمچەماڵن و لە دۆخێکی دارایی خراپدا دەژین، داوا لە حکومەت و خێرخوازان دەکەن بچن بە هانایانەوە و هاوکارییان بکەن.
سیامەند حەمەسەعید کە پێشمەرگەیە، پێشتر جەڵتەی لێیداوە و دۆخی تەندروستی باش نییە، بەهۆی ئەوەی کە مووچەکەی بەشی بژێوی ژیانییان ناکات و لە خانووی کرێدا دەژین، ناچارە دوای دەوامەکەی قوتوو کۆبکاتەوە.
'تەنیا لە کرێچێتی رزگارمان بکەن'
هاوژینەکەی سیامەند کە ناوی پەخشان مەجیدە، بە پێشەوا بەختیار، پەیامنێری رووداوی گوت، "داواکارم لە حکومەت و خێرخوازان تەنیا لە کرێچێتی رزگارمان بکەن، چونکە ئەگەر لە خانووی خۆماندا بین، تەنیا مووچەی هاوژینەکەم بەسە و بەوە دەژین."
ناهیلە رەشید، دایکی سیامەند، ئەویش ماڵەکەی کەوتووە بەر لێشاوی لافاوەکە و بە پێشەوا بەختیار، پەیامنێری رووداوی گوت، "هەموو کەلوپەلە کارەباییەکانی ماڵەکەم سووتاون و ماڵەکەم بەهۆی لافاوەوە تیاچووە."
دایکی سیامەند باسی مەینەتییەکانی کوڕەکەی دەکات و دەڵێت: "کوڕەکەم جەڵتە لێیداوە و لایەکی جەستەی کارناکات، کەچی بەو حاڵەشەوە دەوامی پێشمەرگەیاتی پێدەکەن."
دایکی سیامەند هێندە بۆ دۆخی کوڕەکەی پەرێشان بوو، ئەوەندە لە خەمی زیانی ماڵەکەی خۆی نەبوو و داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و خێرخوازان کرد، بە هانای کوڕەکەیەوە بچن و لەو دۆخە ناهەموارە رزگاری بکەن.
دەزگای روانگە دڵی منداڵێکی خۆشکرد
لەرێ ئەو منداڵەیە کە رۆژی پێنجشەممە قسەی بۆ پێشەوا بەختیار، پەیامنێری رووداو کرد و گوتی: "یارییەکانم لافاو بردوونی".
ئەمڕۆ هەینی، دەزگای روانگە کۆمەڵێک بووکەڵەی بە دیاری بۆ برد و لەرێ بە دڵخۆشییەوە بووکەڵەکانی لەباوەش گرتن، بەڵام هێشتا خەیاڵی لای یارییەکانی پێشوویەتی کە لافاو بردوونی و بە پێشەوا بەختیار، پەیامنێری رووداوی گوت، "یارییەکانی دیکەم هەموو پیس بوون و ئاو بردنی."
جگە لە بووکەڵەکانی، لەرێ خەمی جلەکانی خوشکێکی کۆرپەی بوو کە لە رۆژی لافاوەکەدا لەدایکبووە و گوتی: "جلەکانی خوشکەکەم هەموویان پیس بوون."
رووداو دەنگی لێقەوماوێکی گەیاند و خێرخوازان گەیشتنە فریای
هاونیشتمانییەکی دیکەی چەمچەماڵ، دوێنێ بە گریانەوە خەریکی پاککردنەوەی ماڵەکەی بوو و لە رێگەی رووداوەوە دەنگی گەیاندە خێرخوازان.
ئەو هاونیشتمانییە ناوی هێمن عەزیزە، کرێچییە و بژێوی ژیانی لەسەر کۆکردنەوەی قوتووە.
هێمن، ئەمڕۆ بە پێکەنینەوە باسی باشبوونی دۆخی ژیانی و سوپاسی رووداوی کرد و گوتی: "سوپاس بۆ رووداو کە دەنگمی گەیاند، خێرخوازان هاتوون بە هانامەوە و هاوکارییەکی باشیان کردووم."
خێرخوازان خانوویەکیان بۆ هێمن دابین کردووە و بە گوتەی خۆی، بەم زووانە دەچێتە نێو خانووی خۆیەوە.
بەهۆی بارانبارینەوە لە 9ـی ئەم مانگە لە قەزای چەمچەماڵ و ناحیەکانی دەوروبەری لافاو دروستبوو.
لافاوەکە بۆ چەمچەماڵ تەنیا زیانی مادی نەبوو، بەڵکو بووە هۆی گیان لەدەستدانی دوو هاونیشتمانی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ