رووداو دیجیتاڵ
دیلان ئایان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە گوتارێکیدا لە پەرلەمانی تورکیا بە زمانی کوردی هاواری کرد 'بژی بەرخۆدانی رۆژئاڤا'.
لە دانیشتنی رۆژی سێشەممە 13-1-2026ی پەرلەمانی تورکیادا بەشێکی گوتارەکان تایبەت کران بە هێرشی سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب و بەشێک لە پەرلەمانتاران رەخنەیان لە حکومەت گرت.
دیلان ئایان پەرلەمانتاری دەم پارتییە و هاوکات ئەندامی لیژنەی دادی پەرلەمانە، لە گوتارێکیدا باسی ئەو ژنەشەڕڤانەی کرد سووکایەتی بە تەرمەکەی کرا و دەڵێت:"ئەو خەباتکارە کوردەی لە حەلەب لەلایەن گرووپەکانی سەر بە شامەوە کوژرا و جەستەی لە باڵەخانەیەکەوە هەڵدرایە خوارەوە، بەڕێزەوە سڵاو ئاراستەی خۆی و خەباتی شەرەفمەندانەی و میراتی بەرخۆدانی دەکەم".
ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی هەروەها گرووپەکانی سەر بە دیمەشقی بە دڕندە وەسفکرد و گوتی:"ئەوانەی لە شەڕەکاندا جەستەی ژنان دەکەنە ئامانج و هەوڵی کۆمەڵکوژکردنی کورد دەدەن، ئەوانەی بە عەقڵی داعش تاوان بەرامبەر خەڵکی سڤیل دەکەن، بەرامبەر خەباتی ئازادی و شەرەف شکست دەهێنن".
لەکاتێکدا ئەنقەرە بە پشتیوانیکردنی هێزەکانی سەر بە دیمەشق تۆمەتبار دەکرێت، دیلان ئایان دەڵێت:"ئەوانەی ئەو وەحشیگەرییە دەکەن و ئەوانەش کە راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پشتیوانییان دەکەن، رووڕەشی بەردەم مرۆڤایەتین. ئێمە پشتیوانی ئەو خۆڕاگرانەین لە حەلەب بەرگری لە گیان، جەستە و گەڕەکەکانیان دەکەن. ئەو تاوانی جەنگ و هەوڵی کۆمەڵکوژییەی لە حەلەب دژی کورد هەیە، پێویستە چی زووە بوەستێنرێت".
پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی بە زمانی کوردی گوتی: "بژی بەرخۆدانی رۆژئاڤا".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ