رووداو دیجیتاڵ
سەرەڕای دەرچوونی بڕیاری ئازادکردنیان لە مانگی ئایاری ساڵی رابردوو، دوو هاونیشتمانیی خەڵکی شەقڵاوە هێشتا لە زیندانن، کەسوکارەکەشیان داوای روونکردنەوە لەسەر هۆکاری جێبەجێنەکردنی بڕیارەکە دەکەن.
هەژار محەممەد ئەحمەد و حەکیم محەممەد ئەحمەد، ئەو دوو برایەن کە بەپێی نووسراوێکی دادگە کە لە 26-05-2024 دەرچووە، بڕیاری ئازادکردنیان بۆ دەرچووە، بەڵام تەنیا برا سێیەمەکەیان، موحسین محەممەد ئەحمەد، ئازاد کراوە و ئەوان هێشتا راگیراون.
ئەم دوو برایە بەپێی مادەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی، پەیوەست بە کێشەیەک کە بۆ ساڵی 2022 دەگەڕێتەوە، راگیراون، لە 14-08-2022، لە خۆپێشاندانێکدا لە گوندی شێراوەی سنووری شەقڵاوە، برازایەکیان بەناوی بڕوا یاسین (تەمەن 19 ساڵ) بەهۆی تەقەکردنەوە کوژرا. دواتر لە 19-12-2022، مامێکی بڕوا، کەسێک بەناوی ئەسعەد رەئوف دەکوژێت، کە بە تۆمەتباری سەرەکیی کوشتنی بڕوا دادەنرا، بکوژەکە لەوکاتەوە هەڵاتووە و دەستگیر نەکراوە.
کەسوکاری هەژار و حەکیم جەخت لە بێتاوانیی ئەوان دەکەنەوە. کوڕێکی حەکیم محەممەد لە بەرنامەی "بەرپرسیار"ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، گوتی، "دۆخی باوکم و مامم لە زیندان باش نییە. کێشەکە دووژمنکارییە لەگەڵ خێزانێکی دیکە و ئەوان بێ هۆکار لە زیندانن."
هاوژینی هەژار محەممەدیش رەتیدەکاتەوە هیچ سکاڵایەکی دیکە لەسەر هاوژینەکەی هەبێت. ئەڤین خورشید، لە بەرنامەی بەرپرسیار دەڵێت، "کارم تەنیا بووەتە چاوەڕوانی و دۆخمان زۆر قورسە. هاوژینەکەم بێتاوانە و 36 مانگە لە کچ و کوڕەکەی دوورە. لە دوایین سەردانم بۆلای، بینیم دۆخی دەروونیی باش نەبوو. داوا لە حکومەت دەکەین ئازادیان بکات."
کەسوکاری ئەسعەد رەئوف، لێخۆشبوون رەتدەکەنەوە. جوامێر رەئوف، برای ئەسعەد، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "حەکیم پلانی کوشتنی براکەمی داڕشتووە و هەژاریش چاودێریی کردووە. براکەم لەکاتی گەڕانەوەی لە نوێژی هەینی لەبەردەم ماڵەکەی خۆی کوژرا و منداڵێکیشی بریندار بوو، لێخۆشبوون هێڵی سوورە و بە هیچ شێوەیەک لێیخۆش نابین."
پارێزەری هەردوو براکە، رەتیکردەوە هیچ کەیسێکی دیکەیان لەسەر بێت و بە "بێتاوان" ناوی بردن، مەهدی سیان، لە بەرپرسیار رایگەیاند، " بێتاوانن و ئێمەش پرسیارمان لەلا دروستبووە کە بۆچی ئازاد ناکرێن هەرچەندە بڕیاری دادگە هەیە، بەڕێز دادوەریش پرسیار دەکات، بۆچی تاوەکو ئێستا ئازاد نەکراون، بەدواداچوون بۆ هۆکاری ئازادنەکردنەکەیان دەکەین، تاوەکو ئێستا هیچ وەڵامێکمان دەستنەکەوتووە."
موقەدەم عەبدوڵڵا نەبی، بەڕێوەبەری گرتن و گواستنەوەی هەولێر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو دوو برایە لای ئێمە نین." لە کاتێکدا موقەدەم ئەردەڵان، گوتەبێژی ئاسایشی هەولێر، بە رووداوی رگەیاند، "ئەو بابەتە پەیوەندی بە دادگە و پۆلیسەوە هەیە و من زانیاریم نییە."
بە گوتەی پارێزەرەکەیان، لەم کەیسەدا 9 کەس تۆمەتبارن؛ سێ براکە خۆیان رادەستی پۆلیس کردووە و 6 تۆمەتباری دیکە هێشتا رووبەڕووی یاسا نەبوونەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ