کاروانێکی دەرمان لە باکووری کوردستانەوە گەیشتە کۆبانێ

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەحمەد مەحموود، هاوسەرۆکی دەستەی تەندروستیی کۆبانێ دەڵێت، بڕی 700 کارتۆن دەرمان لە باکووری کوردستانەوە گەیشتووەتە شارەکە، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە هێشتا کۆبانێ پێویستییەکی زۆری بە دەرمان و پێداویستی پزیشکی هەیە.
 
بەگوێرەی لێدوانی هاوسەرۆکی دەستەی تەندروستیی کۆبانێ بۆ رووداو، بارودۆخی نەخۆشخانەکان لەوپەڕی خراپیدایە و ئاماژەی بەم خاڵانەی خوارەوە کرد:
 
قەیرانی شوێن: لەنێو نەخۆشخانەکانی کۆبانێدا هیچ تەختەخەوێکی زیادە بۆ وەرگرتنی نەخۆش نەماوە.
 
ژمارەی نەخۆشەکان: لە ئێستادا نزیکەی دوو هەزار نەخۆش لە نەخۆشخانەکانی شارەکەدا لەژێر چاودێری پزیشکیدان.
 
پێداویستییەکان: سەرەڕای گەیشتنی ئەو بڕە دەرمانە، شارەکە هێشتا لە کورتهێنانی توندی پێداویستییە سەرەکییەکانی پزیشکیدایە.
 
 
قۆناخێکی مەترسیدار لە کۆبانێ
 
دۆخی تەندروستی و مرۆیی لە کۆبانێ گەیشتووەتە قۆناخێکی مەترسیدار. سەرەڕای رێککەوتنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و دیمەشق بۆ راگرتنی شەڕ، بەڵام سوپای عەرەبیی سووریا زیاتر لە 25 رۆژە گەمارۆیەکی توندی خستووەتە سەر شارەکە و سەرجەم خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی وەک ئاو، کارەبا و سووتەمەنی بڕیوە.
 
بەختیار مدریس، پزیشک لە کۆبانێ، لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، بڕی دەرمانی بەردەست لە دەرمانخانەکانی شارەکەدا بە ڕێژەی 70٪ کەمی کردووە.
 
بەهۆی گەمارۆکانەوە، ئەو دەرمانانەی بە رێگەی "قاچاخ" دەگەنە شارەکە، نرخەکانیان 40٪ بەرزبووەتەوە.
 
پێشتر دەرمان لە هەرێمی کوردستان و شارەکانی دیمەشق و حەلەبەوە دەگەیشتە کۆبانێ، بەڵام ئێستا هەموو رێگەکان داخراون.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە