رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە ئەمڕۆ و سبەی لە زۆربەی ناوچەکان باران دەبارێت. کەشناسێک پێشبینی دەکات، لە شەپۆلەکەدا 7 بۆ 40 ملیمەتر باران ببارێت.
بەگوێرەی راگەیێندراوی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، "ئەمڕۆ نمەباران و بارانی مامناوەند بە پچڕ پچڕی لە سنووری پارێزگای دهۆک و ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای سلێمانی دەبارێت".
کەشناسیی هەرێمی کوردستان پێشبینی بۆ کەشوهەوای سبەی شەممە کردووە و رایگەیاندووە: "لە بەیانی زوودا بارانبارین لە سنووری پارێزگای دهۆک دەستپێدەکات و پاشان لە زۆربەی ناوچەکان نمەباران و بارانی مامناوەند دەبارێت، لە هەندێک کاتدا لێزمە باران دەبارێت".
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ کەشێکی بەهارە دەبێت. سبەی تاوەکو درەنگی شەو تاوەباران و هەورە برووسکە بەشێکی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە".
بەگوێرەی پێشبینییەکانی ئەو کەشناسە، "سبەی لە چەند ناوچەیەک ئەگەری تەرز و بارانی بەلێزمە هەیە، بەتایبەت لە دەوروبەری هەولێر، سۆران، مێرگەسۆر و ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و رۆژهەڵاتی گەرمیان".
محەممەد کەمال گوتی: "سبەی کاژێر 10:00ـی شەو شەپۆلەکە کۆتایی دێ و تاوەکو یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان کە پێشبینی دەکرێ پێنجشەممەی داهاتوو بێ کەشی هەرێمی کوردستان سەقامگیر دەبێت و باران نابارێت".
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، پلەی گەرمای سبەی لە هەرێمی کوردستان بەمشێوەیە دەبێت:
هەولێر: 17 پلەی سیلیزی
پیرمام: 13 پلەی سیلیزی
سۆران: 15 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 6 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 16 پلەی سیلیزی
چەمچەماڵ: 17 پلەی سیلیزی
دهۆک: 15 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 16 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 17 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 20 پلەی سیلیزی
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ