رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی هەولێر دەڵێت، بەهۆی شێلووبوونی ئاوی زێی گەورەوە، هەر سێ پڕۆژەی ئاوی ئیفرازی هەولێر راگیران و تاوەکو ئاستی لێڵیی ئاوەکەش کەم نەبێتەوە، ناتوانن پرۆژەکان بەگەڕبخەنەوە.
لە ئێوارەی سێشەممەوە 11ـی ئەم مانگە، شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، لەهەندێک شوێن بووەتە هۆکاری دروستبوونی لافاو، هەروەها بارانبارین جگە لەوەی ئاستی ئاوی زێی گەورەی زیاد کردووە، ئاوەکەشی شێلوو کردووە، کە سەرچاوەی سەرەکی ئاوی سەنتەری شاری هەولێر و چەند ناوچەیەکی دەوروبەری شارەکەیە، ئەویش لە رێگەی پڕۆژەی ئاوی ئیفراز یەک، دوو و سێ.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 13-04-2023 نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئاوی ئیفراز لە زێی گەورەوە دێت، بەهۆی شێلبوونی ئاوی زێی گەورەش، گواستنەوەی ئاو لە رێگەی پرۆژەی ئاوی ئیفراز بۆ شاری هەولێر راگیراوە، چونکە رێژەی شێلبوونەکەی گەیشتووەتە ntu 20 هەزار بۆ ئەوەی ئاوی پڕۆژەکە بکرێتەوە، دەبێت ئەو رێژەیە بگاتە هەزار، بەڵام ئەگەر بگاتە 10 هەزاریش ئەوە بە هەندێک دەرمانی تایبەت دەتوانرێت چارەسەری شێلبوونەکەی بکرێت.
"ntu" کورتکراوەی "nephelometric turbidity units - یەکەی پێوانی شێلووبوونی شلەمەنی"ـیە. کاتێک ئاو دەنکۆڵەی وردی تێدا دەبێت، کە ئەو دەنکۆڵانە بە چاوی ئاسایی نابینرێن، بەڵام ئاو شێلوو دەکەن، پرۆسەی پێوانەکردنی رێژەی شێلوویی، بە پرۆسەیەکی سەرەکی لە هەڵسەنگاندنی کوالێتیی ئاو دادەنرێت.
قایمقامی هەولێر گوتیشی، هەرکاتێک رێژەی شێلبوونی ئاوەکە گەیشتە 10 هەزار، ئاوەکە دەکرێتەوە، بەپێچەوانەوە ناتوانرێت بکرێتەوە، چونکە بەردەوام شێلبوونی ئاوەکە زیاددەکات و دواتر ناتوانرێت بپاڵێورێت.
هەولێر سێ پڕۆژەی ئاوی ئیفرازی هەیە. ئیفراز یەک، کە ساڵی 1967 دروستکراوە، ئیفراز دوو ساڵی 1982 و ئیفراز سێ ساڵی 2007 کەوتووەتە کار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ