رووداو دیجیتاڵ
دیلۆک یەکێکە لە شارە پیشەسازییە گرنگەکانی باکووری کوردستان و پێنجەم پارێزگای تورکیایە لەڕووی هەناردەوە. بە تەنیا کەرتی پۆشاک و ماددەی خاوی پۆشاکی ئەو پارێزگایە لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا بە بەهای دوو ملیار و 650 ملیۆن دۆلار کاڵای هەناردە کردووە. بەڵام ئێستا لە باکووری کوردستان و تورکیا، بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان و گرانبوونی نرخ کاریگەری کردووەتە سەر فرۆش و جوڵەی بازاڕ.
خاوەنی کارگەیەک دەڵێت، تێچووی بەرهەمهێنان زیادی کردووە و بەرهەمێک کە ساڵی رابردوو بە 30 لیرە دەفرۆشرا ئێستا ناچارن بە 60 لیرە بیفرۆشن.
ئەحمەد ئەرداڵ یەکێکە لەو کارسازە کوردانەی 37 ساڵە لە بازاڕی پۆشاکفرۆشان لە ناوەندی شاری دیلۆکی باکووری کوردستان کار دەکات. ساڵی 1985 بە کردنەوەی شوێنکارێكی بچووک چووەتە جیهانی کار و ئێستا کارەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو فراوانکردووە.
ئەرداڵ دەڵێت بەهۆی زۆربوونی خەرجییەکانیان، قازانجیان کەمیکردووە.
لە باکووری کوردستان و تورکیا بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان و گرانبوونی نرخ، کاریگەریی کردووەتە سەر فرۆش و جوڵەی بازاڕ. کڕیارێک کە پێشتر سێ بۆ چوار پارچە پۆشاکی دەکڕی، ئێستا ئەوپەڕی توانای کڕینی یەک پارچە پۆشاکی هەیە.
لە دیلۆک چەندین کارگەی دروستکردنی داو هەن، کە یەکێکە لە پێداویستییە سەرەکییەکانی دروستکردنی پۆشاک. بەرزبوونەوەی تێچووەکانی بەرهەمێهنانیان کاریگەریی کردووەتەسەر نرخی خستنەبازاڕی بەرهەمەکانیان.
کەمال دەلیئۆغڵو، خاوەنی براندی "جیجی بیجی" ـیە و کەلوپەل و پۆشاکی تایبەت بە منداڵان بەرهەم دەهێنێت دەڵێت، نرخەکان "بەڕێژەی 100٪ بەرزبووەتەوە، بۆ نموونە ساڵی پار، بەرهەمێک کە بە 30 لیرە دەفرۆشرا، ئەمساڵ بە 60 لیرە دەفرۆشرێ. هیچمان لەدەست نایێت، ئەمە بەهۆی خستنەسەری قازانجی زۆر نییە، بەهۆی زۆربوونی تێچووەکانی بەرهەمهێنانەوەیە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ